هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 12ی ئایار بۆ كێ چاره‌نووسسازه؟

Jul 06 2018

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 12ی ئایار بۆ كێ چاره‌نووسسازه؟

ئاسۆ كه‌ریم

نووسەر وروشنبير

له‌ 12ی 5دا، دیسان خه‌ڵك ڕوو له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان ده‌كه‌نه‌وه ‌و (328) كه‌س بۆ چوار ساڵی دیكه‌ ده‌كه‌نه‌ ده‌مڕاستی خۆیان. ڕاسته‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ر وڵاتێكدا وه‌ك ده‌ڵێن "پرس"ێكی ناوخۆیییه‌، لێ وه‌ك ده‌بیندرێ چه‌ندین لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی (وه‌ك ئه‌مریكا) و هه‌رێمایه‌تی (وه‌ك ئێران، توركیا‌ و عه‌ره‌بستانی سعوودی) نه‌ك هه‌ر سایه‌دیی ڕه‌وشه‌كه‌، چ پێش هه‌ڵبژاردن و چ له‌ ڕۆژی ده‌نگدان و چ دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌‌نجامه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵكه‌ به‌م، یان به‌و شێوه‌یه‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌ی خۆیان ده‌یه‌وێ، ده‌ستێوه‌ردانیان له‌ پرۆسه‌كه‌دا كردووه‌ و‌ ده‌كه‌ن.
خه‌ڵكی عێراق هه‌موو چوار ساڵێ به‌ته‌ما ده‌كرێن، یان به‌ته‌ما ده‌بن، پاش هه‌ڵبژاردن،‌ ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانیاندا بێ، له‌ شه‌ڕ و كێشه‌‌ بحه‌سێنه‌وه‌، كه‌مێك ئاریشه‌كانیان چاره‌سه‌ر ببێ، وڵات ئاشتی و ته‌ناهیی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، دزی و گه‌نده‌ڵی و فه‌رهوود و مه‌زهه‌بگه‌راییی تێدا نه‌مێنێ، یان كه‌م بێته‌وه‌. قه‌وڵیان پێ ده‌درێ له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بی، جیاوازی له ‌نێوان ئه‌م هاووڵاتی و ئه‌و هاووڵاتیدا نه‌كرێ و، ده‌ستوور فه‌مانڕه‌وا و باڵاده‌ست بێ. به‌كورتی حوكمڕانیی وڵات به‌ده‌ست بژارده‌یه‌كی ده‌سپاك و لێزانی وڵاتپه‌روه‌ره‌‌وه‌ بێ و، بڕیار به‌ده‌ست عێراقییه‌كان خۆیانه‌وه‌ بێ و به‌ڕاستی بتوانێ ره‌گوڕیشه‌ی تیرۆر بنبڕ بكا!
ئه‌رێ به‌ڕاست ده‌سه‌ڵاتڕانی له‌ عێراقدا ئه‌مده‌ست و ئه‌وده‌ستی پێ ده‌كرێ وه‌ك له‌و‌ په‌یمانی "شه‌ره‌ف"ه‌دا هاتووه‌ كه‌ له‌ 28ی ئاداردا‌، به‌سه‌رپه‌رشتی UN له‌نێوان چه‌ند لایه‌نێكدا مۆر كرا‌؟ ئایا هه‌ڵبژاردن به‌و ده‌سته ‌و دایره‌ و زیهنییه‌ته‌ زاڵه‌ی ئێسته‌، ئه‌و ڕه‌وشه‌ خراپه‌ی عێراقی پێ ده‌گۆڕدرێ؟
با پێشه‌كی ئه‌و فاكتانه‌ بخه‌ینه‌ به‌ر چاو و لێیان وردبینه‌وه‌:
- زێتر له‌ 200 حزب و كۆڕ و كۆمه‌ڵی سیاسی، ناوی خۆیان تۆمار كردووه‌. 88 لیستی هه‌ڵبژاردن به‌شداریی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌دا ده‌كه‌ن و، 27 "ته‌حالوف، ئیئتلاف و ته‌جه‌موع" پێك هێنراوه‌ و، 7132 كه‌س خۆیان پاڵاوتووه‌ كه‌ له‌ ژماره‌ی پاڵێوراوه‌كانی 2014 كه‌متره‌. وێڕای كه ‌هه‌ندێ له‌ پاڵیوراوه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی «المسا‌ولە والعدالە»ه‌وه‌ دوورخرانه‌وه‌.
- گه‌وره‌ترین ئیئتلاف، ئیئتلافی " النصر"ه‌،‌ كه حه‌یده‌ر‌ عه‌بادی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا و له‌ 29 لایه‌ن پێكهاتووه و، هه‌ندێك كۆڕ و كۆمه‌ڵی بچووكی سوننه‌یشیان ده‌گه‌ڵه‌؛ ئه‌و ئیئتلافه‌ دابه‌شبوونێكی دیكه‌ی حزبی ده‌عوه‌یه‌. پاشان ئیئتلافی "الوگنیە"ی ئه‌یاد عه‌لاوی دێ كه‌ له‌ 22 لایه‌ن پێكهاتووه‌ و ئیئتلافێكی شیعی- سوننییه‌. ئه‌وجار ته‌حالوفی "الفتح"ه‌ كه‌ له‌ 18 لایه‌ن پێكدێ و له ‌بنه‌ڕه‌تدا هی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌ وه‌ك: ڕێكخراوی به‌دری هادی عامری و "صادقون"ی "عصائب اهل الحق"ی قه‌یس خه‌زعه‌لی و مه‌جلیسی ئه‌علای ئیسلامی؛ ئه‌و ته‌حالوفه‌ له‌ ئێران نزیكه و رایگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت نه‌گرێته‌ ده‌ست، ده‌بێته‌ ئۆپۆزیسیۆن!‌. هاوپه‌یمانێتییه‌ سوننی‌- سوننییه‌كه‌ی [ئوسامه‌ نجێفی- خه‌میس خه‌نجه‌ر كه‌ هه‌ردووكیان عاره‌بی سوننه‌گه‌ران]‌ به‌ ناوی "تحالف القرار العراقی"یه‌ له‌ 11 لایه‌ن پێكدێ و له‌ وڵاتانی كه‌نداوه‌وه‌ نزیكه‌. ئیئتلافی "دولە القانون"ی "نووری مالكی"یش كه‌ سه‌روه‌ختێك ئیئتلافێكی گه‌وره‌ی شیعه‌كان بوو، له‌ 9 لایه‌ن پێكدێ و‌ هه‌ندێكیان كۆڕ و كۆمه‌ڵی شیعه‌ی زۆر بچووك و تازه‌ دروستكراو و نه‌ناسراون. ته‌حالوفی "سائرون"یش، هاوپه‌یمانێتیی ‌نێوان "سه‌درییه‌كان" و شیوعی و 4 لایه‌نی دیكه‌یه‌...
- ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی سه‌رپێیی ئه‌و ته‌حالوف و ئیئتلافانه‌ بدرێ، ده‌بیندرێ عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ناو یه‌ك ئیئتلافدا كۆ نه‌بوونه‌ته‌وه‌. هه‌مان شتیش ڕاسته‌ بۆ شیعه‌كان. به‌م مانایه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ‌ سوننه‌ و شیعه‌ وه‌كو دوو پێكهاته‌ی مه‌زهه‌بیی عه‌ره‌بی،‌ زێتر له‌بار یه‌ك هاتوونه‌ته‌ ده‌رێ. نموونه‌یش لێكجیابوونه‌وه‌ی مالكی و عه‌بادی، یان حه‌كیم و مه‌جلیسی ئه‌علا، یان جبوری و موتله‌گ-ه‌ له‌گه‌ڵ ئوسامه‌ و خه‌میس خه‌نجه‌ره‌. به‌ڵام هێشتا هاوپه‌یمانێتیی سیاسی-مه‌زهه‌بی، جا چ شیعه‌گه‌ری بێ، یان سوننه‌گه‌ری، به‌سه‌ر لیسته‌كانی هه‌ڵبژاردن و دیمه‌نی سیاسیدا زاڵه و، بووه‌ته‌ هه‌قیقه‌تێكی دیموگرافی كه‌ هه‌م هێز له‌ جیوگرافیا و هه‌م گوڕو تین له‌ دابه‌شبه‌ندیی ئیتنی و مه‌زهه‌بی و میحوه‌ر و میحوه‌ركاریی هه‌رێمایه‌تی، به‌تایبه‌تی "ئێرانی" و "سعوودی" وه‌رده‌گرێ. ڕه‌نگه‌ ته‌حالوفی "سائرون"ی صه‌دری و شیوعییه‌كان و هه‌ندێ خه‌ڵكی دیكه‌، شتێكی ناوازه‌ی ئه‌م جاره‌ی هه‌ڵبژاردن بێ‌، كه‌ لایه‌نێكی ئیسلامیی شیعیی شه‌عبه‌وی و چه‌ند لایه‌نێكی مه‌ده‌نی و عه‌لمانیی پێكه‌وه‌ كۆ كردبێته‌وه،‌ وه‌ك هه‌وڵدانێك بۆ ده‌رچوون له‌ سه‌نگه‌ربه‌ندیی تائیفی‌؛ به‌ڵام ناڵێم ئه‌وه‌یان مه‌حاڵه‌، لێ ئێكجار قورسه كه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیه‌ هاوكێشه‌ی ئێستای حوكمڕانیی له‌ عێراقدا پێ قلپ بكرێته‌وه‌، ته‌حالوفه‌كه‌ی "ئه‌یاد عه‌لاوی"یش جێگه‌ی سه‌رنجه كه‌ "سه‌لیم جبووری" و "ساڵح موتڵه‌گ"ی وه‌ك دوو كه‌سایه‌تیی عه‌ره‌بی سوننه‌ی ڕه‌گه‌ڵ كه‌وتووه‌‌‌!
- دیسان، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌یشدا، ته‌حالوف، یان ئیئتلافێكی عێراقی نابیندرێ كه‌ له‌ بان نه‌ته‌وه‌، ئایین و تائیفه‌ بێ و، له‌ ته‌واوی عێراقدا پاڵێوراوی هه‌بێ. كه‌وابێ،‌ دیسان كورد بۆ كورد، زۆرینه‌ی شیعه‌ بۆ شیعه‌ و زۆرینه‌ی سوننه‌ بۆ سوننه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ته‌حالوفه‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌لاوی، وه‌ك هاوپه‌یمانێتییه‌كی سوننی- شیعی و، ته‌حالوفه‌كه‌ی سه‌در و شیوعییه‌كانیش ده‌نگێكی كه‌م نه‌هێنن، به‌ڵام وه‌ك ده‌گوترێ گره‌ویان له‌سه‌ر ناكرێ.
- له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، سه‌رجه‌م حزبه‌كانی كوردستان له‌ هیچ پارێزگه‌یه‌كدا به‌ كه‌ركووك، نه‌ینه‌وا، دیاله، سه‌ڵاحه‌دین و به‌غدایشه‌وه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی سه‌رانسه‌رییان پێكنه‌هێناوه‌. ئه‌مه‌یش تا ڕاده‌یه‌ك شتێكی نوێی ناوماڵی كورده‌ و، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كان و ژماره‌ی كورسییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا ده‌بێ.
- وه‌ك جاری پێشوو، ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقی، 328 كورسییه‌. هه‌ولێر 16، سلێمانی 18، دهۆك 12، كه‌ركووك 13، مووسڵ 34، به‌غدا 71 و، سه‌ڵاحه‌دین 12 و، دیاله‌ 14. بۆیه‌ ته‌نیا ناوی ئه‌و پارێزگه‌یانه‌م هێناوه‌، چونكه‌ كوردیان تێدایه‌ و هه‌م حزبه‌كانی كوردیش له‌و پارێزگه‌یانه‌دا، هه‌ر یه‌كه‌ لیستی خۆی هه‌یه‌.
- هه‌ولێر 16 كورسی له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌بێ، كه‌ یه‌كێكیان كۆتایه‌ و بۆ پێكهاته‌ی مه‌سیحی دانراوه‌ و، 27 حزب و ته‌حالوفی سیاسی كێبه‌ركێیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. سلێمانی (به پارێزگه‌ی ‌هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌ی گه‌رمیانیشه‌وه‌‌) 18 كورسیی له‌ په‌رله‌ماندا ده‌بێ و، 26 حزب و ته‌حالوف كێبه‌ركێیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و، له‌ دهۆكیش كه‌ 12 كورسیی بۆ دانراوه‌، یه‌كێكیان به‌ كۆتا بۆ پێكهاته‌ی مه‌سیحییه‌ و، له‌وێش 24 حزب و ته‌حالوف كێبه‌ركێ ده‌كه‌ن. ئه‌و سێ پارێزگه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستانیان لێ پێكدێ، به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ 46 كورسییان هه‌یه‌ كه‌ دووانیان به‌ كۆتا بۆ پێكهاته‌ی مه‌سیحییه‌‌. ده‌مێنێته‌وه‌ حزبه‌كانی كوردستان له‌ كه‌ركووك، مووسڵ، دیاله‌، سه‌ڵاحه‌دین و به‌غدا، چه‌ند كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنن! ئایا له‌و (5) پارێزگه‌یه‌ی دوایی، ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی خۆمان، كورسییه‌كانی خۆیان وه‌ك ساڵی 2014، به‌ده‌ست ده‌هێننه‌وه‌ یان كه‌متر ده‌بنه‌وه‌؟ وه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ گوتم، پێناچێ به‌م په‌رتوبڵاوییه‌ی ئێسته‌مان، ژماره‌ی كورسییه‌كانی خۆمان به‌ده‌ست بهێنێنه‌وه و، ده‌نگێكی زۆرمان ده‌فه‌وتێ، به‌تایبه‌تی له‌ كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌ی دیكه‌ كه‌ به‌ "كێشه‌له‌سه‌ر" ناوزه‌د كراون‌.
- ئاسان نییه‌ له‌ ئێسته‌وه‌ پێشبینی بكرێ كه:
1) نه‌خشه‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی داهاتووی نوێنه‌رانی عێراق، پێكهاته‌كه‌ی چۆن ده‌بێ و چ هاوپه‌یمانێتییه‌ك زۆرترین ده‌نگ و كورسی ده‌هێنێ و ده‌كه‌وێته‌ پێش هه‌مووانه‌وه‌‌ و «الكتلە النیابیە الاكپر عددا» پێكده‌هێنێ. به‌ڵام وێده‌چێ پارله‌مانی عێراق هه‌مه‌ جۆرتر ببێ و هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ك به‌ته‌نیا نه‌كارێ هژموون په‌یدا بكا!
2) به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌یش له ‌پێش چاوی خۆمان دابنێین كه‌ دوای ده‌رچوونی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، هاوپه‌یمانێتیی دیكه‌ دروست ببێ و «الكتلە النیابیە الاكپر عددا» بێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی مادده‌ (76- یه‌كه‌م)ی ده‌ستوور كاندیدی ئه‌و فراكسیۆنه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رابسپێردرێ. ئایا دیسان لایه‌نه‌ شیعه‌كان پێكه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی به‌رینتر پێكده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی عێراقیان له‌ده‌ست نه‌چێ؟ ئاخر ئێسته‌ یه‌كێ له‌ نیگه‌رانییه‌كانی ئێران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوماڵی شیعه‌ په‌رتوبڵاوییه‌كی زۆری تێكه‌وتووه‌ و جۆرێ له‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ندێ لایه‌نی شیعه‌و سعودیه‌دا هه‌یه‌و لایه‌نه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران- یش، ئه‌و پێگه‌یه‌ی جارانیان نه‌مێنێ. به‌ مه‌زه‌نده‌ی خۆم شیعه‌كان ئه‌گه‌ر هیچ شتێ له‌ (80) ساڵی حوكمڕانیی سوننه‌ له‌ عێراقدا فێر نه‌بووبن، یه‌ك شت فێر بوون، یان فێر كراون كه‌ جارێكی دیكه‌ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتڕانی نه‌ده‌نه‌وه‌ ده‌ستی سوننه‌كان!
3) ئایا عه‌بادی بۆ خولی دووه‌م ده‌بێته‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران، یان سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی نزیك له‌ حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك قاسم ئه‌عره‌جی، یان مالكی، یان پیاوێكی لیبراڵی شیعه‌ له‌ نموونه‌ی ئه‌یاد عه‌لاوی؟
4) ئایا سوننه‌كان چ ده‌كه‌ن: له‌گه‌ڵ هه‌ندێ لایه‌نی دیكه‌ی سوننه‌- شیعه‌ وه‌ك ئیئتلافه‌كه‌ی عه‌لاوی- موتله‌گ- جبووری پێكدێن و وه‌ك پێشتر فراكسیۆنێك بۆ به‌لانس راستكردنه‌وه‌ دروست ده‌كه‌ن؟ له‌ كاتێكدا ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كان، زیانێكی زۆری ماددی و مرۆیییان به‌ركه‌وتووه‌ و وێران بوون و، خه‌ڵكێكی زۆریشیان ئاواره‌ بوون و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ جێگه‌ی ئه‌سڵیی خۆیان و ئاشته‌وایییه‌كی جددی و ڕاسته‌قینه‌یش نه‌هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌ و، ئاسانیش نییه‌ ناوچه‌كانیان وا زوو بێنه‌وه‌ سه‌رخۆ، یان ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌؛ بۆیه‌ له‌ پێگه‌یه‌كی زۆر كز و لاوازتردان به ‌به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014!
5) ئایا دوای 12ی ئایار، كار به‌ چ پره‌نسیپێك ده‌كرێ له‌ حوكمڕانیدا: به‌ پره‌نسیپی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیی وێبمینیسته‌ر كه‌ مالكی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كا، یان به‌ پره‌نسیپی ته‌وافوق و شه‌ریكایه‌تیی هه‌ر سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق؟ شایانی گوتنه‌ موقته‌دا سه‌در له‌م ڕۆژانه‌دا پره‌نسیپی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیی ڕه‌ت كرده‌وه‌! ئه‌م خاڵه‌ بایه‌خێكی زۆر گرنگی بۆ سه‌قامگیری و ته‌ناهی و ئاشتی عێراق هه‌یه‌ له‌و هه‌راو بشێوییه‌ی له‌ ته‌واوی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناویندا هه‌یه‌.
6) ئایا حكوومه‌تی داهاتووی عێراق، ده‌توانێ پاشماوه‌كانی داعش كه‌ لێره‌و له‌وێ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ بنبڕ بكا؟ ئایا حكومه‌تی داهاتووی عێراق هه‌ر كێ سوكانه‌كه‌ی بكه‌وێته‌ ده‌ست، وڵات ببوژێنێته‌وه‌و له‌و گه‌نده‌ڵی و دزی و فه‌رهووده‌ رزگاری بكا و خزمه‌تگوزاری بۆ عێراقییه‌كان پێشكه‌ش بكات و كورد رازی بكات بۆ ماوه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا بمێنێته‌وه‌. ئه‌وانه‌ پرسیاری جیددین و له‌ ئێسته‌وه‌ ناكرێ وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌.
- زۆر جار گوێمان لێ ده‌بێ كه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نووسسازه‌! باشه‌ بۆ كێ چاره‌نووسسازه‌؟ بۆ عه‌ره‌بی شیعه‌؟ بۆ عه‌ره‌بی سوننه‌؟ بۆ ئێرانییه‌كان؟ بۆ وڵاتانی كه‌نداو، به‌ تایبه‌تی سعودیه‌‌، كه‌ به‌و نیازه‌ له‌ هه‌ندێ لایه‌نی شیعه‌ نزیكده‌بێته‌وه‌ كه‌ عێراق له‌بن چه‌نگی ئێران ده‌ربهێنێ و بیگه‌ڕینێته‌وه‌ بۆ فه‌له‌ك و ژینگه‌ی عه‌ره‌بی؟ بۆ توركیا‌ كه‌ به‌ته‌مای جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای خۆیه‌تی له‌ عێراقدا و چاوه‌ڕێی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كانی ده‌كا؟ بۆ ئه‌مریكا كه‌ گوایه‌ ده‌یه‌وێ عێراقێكی به‌هێز و یه‌كگرتوو بێته‌ كایه‌وه‌ و ڕێگه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی نفووزی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ بگرێ؟ ئه‌مریكا‌ به‌ ته‌مای كێ ئه‌وه‌ی بۆ مه‌یسه‌ر ده‌بێ و پشت به‌ كێ ده‌به‌ستێ؟ له ‌كۆتادا ئایا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ كورد چاره‌نووسسازه‌؟
- ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی كورده‌وه‌ سه‌یری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بكرێ، وێڕای بوونی جۆرێ له‌ كرانه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا- هه‌ولێر پاش 16ی ئوكتۆبه‌ری 2017، لێ هێشتا ساردوسڕی و دڕدۆنگیی به‌ پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو پایته‌خت‌ دیاره. پێموایه‌ وتووێژ و دانوستانی راسته‌قینه‌ له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا- هه‌ولێر ده‌كه‌ونه‌ دوای 12ی ئایاره‌وه‌‌‌. له‌به‌ر بێ ئومێدبوون‌ له‌ به‌غدا، جاروبار لێره‌ و له‌وێ، به‌ئاسته‌م ده‌نگێك ده‌بیسترێ و ده‌یه‌وێ‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتیی په‌رله‌مانیدا نه‌كرێ! به‌ڵام ڕای حزبه‌كان به‌م ئاڕاسته‌یه‌ نییه‌. كه‌واته‌ هێشتا هیوا و ئومێدێك له‌سه‌ر به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و پابه‌ندبوونی به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی عێراق، به‌تایبه‌تی شیعه‌كان، به‌ ده‌ستووره‌وه‌ ماوه‌؛ به‌و مانایه‌ی كه‌ هه‌ندێ له‌ كێشه ‌و گرفته‌كانی كورد بێنه‌ چاره‌سه‌ركردن، به‌ت ایبه‌تی ئه‌و گرفتانه‌‌ی كه‌ پێوه‌ندییان به‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌م هه‌لومه‌رجه‌ دژواره‌ی كه‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ی پێدا تێ ده‌په‌ڕێ. ئه‌وه‌ له ‌كاتێكدایه‌، كه‌ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكی جه‌خت له‌سه‌ر بوونی حكومه‌تێكی به‌هێز و یه‌كگرتووی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو عێراقێكی یه‌كگرتوو (Unified)دا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام داخوا پێگه‌ی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا چۆن ده‌بێ، ئایا كورد پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن، یان هه‌ر لایه‌ن و حزبێكی كوردستان به‌جیا، له‌گه‌ڵ چ لایه‌نێكی سیاسی و چ سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی عێراقی (شیعی) كه‌ ئه‌گه‌ری جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ستی له‌ به‌غدا هه‌یه‌، هاوپه‌یمانێتیی ده‌كا؟ هه‌قیش نییه‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان زوو و پێش هه‌ڵبژاردن، ده‌ستی خۆیان كه‌شف بكه‌ن. به‌ڵكه‌ به‌رنامه‌ و پرۆژه‌ی لایه‌نه‌ براوه‌كان و دوور و نزیكییان له‌ ماف و داخوازییه‌كانی كورد بكه‌نه‌ پێوه‌ر. به‌ڵام به‌ مه‌زه‌نده‌ ئه‌گه‌ر كورد ژماره‌ی كورسییه‌كانیشی كه‌م بكات، ئه‌گه‌ر حزبه‌كانی له‌ به‌غدا هاوهه‌ڵویست بن و پاش هه‌ڵبژاردن به‌ره‌یه‌كی سیاسی پێكبهێنن، ده‌توانێ ڕۆڵێك له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا بگێڕێ كه‌ له‌گه‌ڵ (پره‌نسیپی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی- مه‌زهه‌بگه‌را)دا نین و بڕوایان به‌ پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كورددا هه‌یه‌!