كورد لەزەمەنی ئێستا و ئایندەدا..!!..

Sep 25 2018

كورد لەزەمەنی ئێستا و ئایندەدا..!!..

د. عبدالله ئاگرین



دەمكوت: مرۆڤێك یاخود میللەتێك، لەسەر خواستی بەدیهێنانی داخوازی سروشتی‌و مافەڕەواو یاساییەكانی خۆی مكوور بێت‌و بەبڕوایەكی بەتین‌و ئیمانێكی شۆڕشگێرانەو ورەیەكی پۆڵاینەوەو بەشێوازێكی شارستانانەو بەعەقڵێكی كراوەی سەردەمانەو لۆژیكییەوە خەبات لەو پێناوەدا بكات‌و دۆزی پرسە مەعریفیەكەی بەروویەكی جوانی گونجاوو مەقبووڵەوە بەرجەستە بكات، ئەوا بێگومان بەرەو لوتكە درەوشەداری سەركەوتن دەبات‌و هەرگیز لەبەردەم پیلانی ترسناكی ناحەزان‌و بیروڕای شەیتانانەو ئەفكاری رەگەز پەرستی‌و شۆڤێنی‌و هەڕەشەی تۆقێنەری مەرگباراندا، چۆكدا نادات، ئەوبیروڕا هەڵانەو ئەو بۆچوونە عەمارە پۆیانەی دەوترێت: بەدیهێنانی مافی كورد لەدامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان مەحاڵە، ئەوا نەتەوەی كورد بەبەڵگەی راستینەی واقیعبینیانەی سەلمێنەر، بەدنیا گەیاندوە، وانییە بەڵكو ئەو : راپەڕین‌و شۆڕشانەی بەرپای كردون ئەو موستەحیلە بەدیدێنێت!
ئەمەش چەردەیەكی زیندووی ئەو راپەڕین‌و شۆڕشانەی كوردە لەپێناو ئازادی ‌و مافی سەربەخۆی،خۆی بەرپای كردون‌و ئەوە راستینەیەكی دەمكوتكەر دەردەخات: كورد میللەتێكی مەزن‌و زیندووەو لەم بوارەدا كەمتەرخەمی نەكردووەو هیچ خەتا بارنییە، ئەوە قەدەرو بەرژەوەندی تاكە كەس‌و سیاسەتی كۆلۆنیالی‌و پۆپۆلیزمەكانە، روو بەرووی ئەو داخوازیە پیرۆزو رەوایەی كورد بۆتەوە.. ئەمەش نموونەی ئەو راپەڕین‌و شۆڕشانەن:
* شۆڕشی شێخ عوبیدوڵای نەهری لە 29/9/1880دا كە لەناوچەی رۆژئاوای رۆژهەڵاتی كوردستانەوە سەریهەڵدا.
* شۆڕشی كوردەكانی موسل‌و ئەرزرۆم لەساڵی (1907)دا.
* شۆڕشی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ساڵی (1908).
* شۆڕشی مەلا سەلیم ‌و شێخ شەهابەدین لەبەتلیس لەساڵی (1913)دا.
* شۆڕشەكانی مەلیك شێخ مەحمودی شێخ سەعیدی حەفید‌و سەرەتا لە (21/4/1919) بەرپاكرا.
• راپەرینی سمكۆ لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەساڵی (1920) دا.
• شۆڕشەكانی شێخ عەبدولقادری شەمزینی ساڵی(1925).
• شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە 8/2/1925.
• شۆڕشی ئاگری داغ لە15/7/1927.
• شۆڕشی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە 19/12/1931 سەریهەڵدا.
• شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی لە 2/10/1943دا دەستپێكردو بەشۆڕشی (1945) بارزانی بەناوبانگە.
میللەتی كورد بەگشتی‌و نەتەوە پەروەرو نیشتیمانپەروەرو مرۆڤە هوشیارو دڵسۆزەكانی كورد، بەو پەڕی ئازایەتی‌و دڵسۆزی رادەبەدەر، قوربانی بێ ئەندازەی سەرسورهێنەریان پێشكەشكردووە.
تا ئەم میللەتە مەزڵوم‌و غەدر لێكراوە لە مەینەتی زەمانەو زەبوونی دەستی قەدەری نەخوازراو رزگار بكەن... ئەمە بەپێچەوانەی بیروڕای چەوتی داگیركەرانی كوردستان‌و ئەوانەی بەهەر مەبەست‌و بیانوویەكەوە بووە، دژایەتیی ئازادی‌و مافی كوردو خواست ‌و ئیرادەی جەماوەری كوردستان دەكەن بەونیازەی ورەی خەڵكی كورد داتەپێنن‌و دەڵێن: كورد شیاوی حوكمڕانی‌و خاوەن دەوڵەت نییە!! ئەز لە رۆژنامەی برایی، پاشكۆی رۆژنامەی (التێ‌خی) لە23/4/1968دا، بەناوی خالد مەحوی – كەركوك ‌و بەناویشانی (ئافەرین ئەی كورد) بەزمانێكی سادەو ساكار وتارێكم بڵاوكردۆتەوەو تیایدا ئاماژەم بەو راستییەكردووە: كورد میللەتێكی زیندوی هوشیارو ئازاو لێبوردەیەو بەدرێژایی مێژوو قارەمانانە،بەرگری لەبوون‌و مانەوەی زمان‌و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی كردوە... رووبەرووی جەوری نەهات بۆتەوە... هەر ئەمەش هەقیقەتی واقیعەكەیە!!.

سەرنجێكی راگوزاری:
لەوردبوونەوەیەكی هوشیارانەو بابەتیانەدا، راستییەكی حاشا هەڵنەگر، دەردەكەوێت ئەوەی هەنووكە بەسەر دۆزی پرسە رەواكەی كوردا تێدەپەڕێ‌‌و بەلای زۆرێكەوە جێی سەرسوڕمانە ئا ئەم حاڵەتە، ئاكامی واقیعی بەزۆر سەپێنراوی رووداوو ئەو كارەساتە جەرگبڕە نەخوازراوو زاڵمانەی زەمەنی رابردووە.
سائەوە لەئەنجامی عەقڵیەتی دەستەڵاتدارانی ئەو سەردەمەوە هەڵقوڵابێت كە لێوان لێوە لە دوژمنكاری‌و تۆڵە سەندنێكی بێ‌ بنەما نامرۆڤانە یاخود لەوەوە سەریهەڵدابێت...كوردو سەركردەكانی ئەو سەردەمە، زۆر نیاز پاك و راستگۆو دڵسۆزانە مامەڵەیان لەگەڵا هەڵسوكەوتی فێڵاوی داگیركەرو دوژمنی ئازادی‌و سەربەخۆی كورد كردبێت... یاخود لەو راستییەوە سەنگەری گرتبێت، كورد بڕوای بە دروشمی ناڕاستی برایەتی‌و تەبایی‌و پێكەوە ژیانی ئەو دەستەڵات‌و نەتەوانە كردبێت لەگەڵیاندا ژیاون!! داگیركردن‌و دابەشكردنی كوردستانی گەورە ئا لەم چەپەرەوە دەكرێت، روو لەبنەمای راستینەی ئەو هەڵوێستە داگیركەرانەیەی دەستەڵاتدارانی ئەوسا بەكوردیان كردووە، تا بەم رۆژە رەش‌و مەینەتیە نامرۆڤانەیان گەیاندوە!!..
ئەوەی لای زۆربەی دڵسۆزو خەمخۆری پرسی رەوای میللەتی كورد، جێی رامان سەرسورمانە، بۆچی بەر لەشەڕی چاڵدێرانی ساڵی (1514) تا هەنووكە، ئەو گەلە كۆمەكی‌و (حیلفە ناموقەدەسانە) لەنێوان داگیركەرانی كۆن‌و نوێی دەوڵەتە پێشكەوتوو و زلهێزەكان‌و حكومەتە كۆپەرست‌و لاوازو بێ‌ هێزەكاندا، دژی ئازادی تاكی كوردو مافی رەوای نەتەوەیی میللەتی كوردی موسڵمانی بێ‌ وەیی و بێ زیان بەرجەستە دەكرێت؟! سەیرە... زۆریش سەیرە، ساڵی (1514) لەشكری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەسەركردایەتی سوڵتان سەلیمی یەكەم لەشەڕی چاڵدێراندا، بەسەر سوپای سەفەوییەكانی ئێراندا سەركەوت‌وئیدی لەوساتەوە، خاكی كوردستان لەنێوان عوسمان‌و سەفەوییەكانی فارس دابەشكراو ژیانی سیاسی نەتەوەی كورد لەژێر هەڕەشەی زەبرو زەنگی فارس‌و توركدا گوزەری دەكرد.. تاكو ساڵی (1639) (ئێران‌و تورك) بۆقوتدانی خاكی كوردستان ‌و ژێر دەستەیی كورد، لەنێوان شاهـ عەباسی سەفەوی‌و سوڵتان مورادی عوسمانی پەیمانێكی غەدارانەیان بۆ ژێر دەستی كورد مۆركرد... ئەمە حاڵەتی دابەشكردنی كوردستانە بەسەر ئەودوو ئیمپراتۆرەدایە، تا رێكەوتنامەی (سایكس – بیكۆ) ی خایاند كە لە 16/5/1916دا لە نێوان فڕەنساو روسیاو بەریتانیا بۆ دابەشكردنی میراتی دارو پەردوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی (پیاوە نەخۆشەكە) مۆركراو، ئەوسا كوردستان گەورە لەنێوان : (توركیاو عێراق‌و سوریا‌و روسیا ‌و ئێران) پارچە پارچە كرا!!.. بەو گەلە كۆمەكێیە‌و پڕۆسە كۆلۆنیالیەی، خواست‌و خەون‌و ئامانجی كوردیان بۆ سەربەخۆیی ‌و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دوورخستەوە... ئەمە تا ڕاپەرینی بەهاری ئازادی باشووری كوردستان لە 5/3/1991دا خایاندا.
ئەگەرچی لەو نێوەندەدا چەند بانگێشتەو داواو پەیمان‌و كۆنگرەو رێكەوتنامەی مەزن‌و پیرۆزی دڵخۆشكەر بۆ پشتگیری داخوازی نەتەوە ژێر دەست‌و خاك داگیركراوەكان هاتە كایەوە، وەلێ بۆ كورد هیچ سوودێكی نەبوو، باری سیاسی سەر شانی ئاسان نەكرد... لەوانە:
* راگەیاندنە (14)ە بەندەكەی سەرۆكی ئەمریكا (ویلسون) لە 18/كانوونی دووەمی /1918.
* كۆنگرەی ئاشتی (مۆتمر الصلح) لەپاریسی پایتەختی فڕەنسا لەساڵی (1919)دا.
* پەیمانی سیڤەری 10/8/1920 كەلەبەندەكانی (62، 63، 64) بەروونی پشتگیری ‌و پەسەندی رەوای مافی كوردی تیا دیاریكردووە.

خوێندنەوەیەكی تایبەت بۆ دۆخی رابردوو و ئێستای كورد
نەك لەبەرژەوەندی بەڵكو فاكتەرێكی سەركەوتووی دۆزو پرسی رەوای كوردە، دڵسۆزو خەمخۆرانی كورد بەتاك‌و بەتێكڕای هێزو رێكخراوە سیاسی‌و رۆشنبیری‌و كۆمەڵایەتی‌و دەزگاكانی كۆمەڵگەو رێكخراوە شارستانیەكاندا، زۆر راشكاوانە ‌و دوور لەتەنگەنەفەسی حزبی‌و سیاسی‌و توندڕەوی‌و ئەفكاری رەگەز پەرستی‌و شۆڤێنی، خوێندنەوەی نوێ بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئایندەی سەربەخۆی كوردستان هەبێت‌و با لەیەك قەوارەی سیاسیشدا یەكیان نەگرتبێت، بەڵام پێویستە لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندی باڵای خواست‌و ئیرادەی جەماوەر، یەك دەنگ ‌و یەك هەڵوێستبن ‌و(هێلی سوور) و (بڤە) دیاری بكەن‌و ئیلتیزامیشی پێوە بكرێت ‌و دەبێت ئەو راستییەیان لەبەرچاو بێت... بەپێی بەرژەوەندی ئابووری‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتی،گۆڕانكاری لەناكاو ‌و پەلەی چاوەڕوانەكراو دێتە پێشێ‌، حسابی دیاریش تەنیا بۆهێزی ناوخۆی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەی نابێت بكرێت، بەڵكو حساب بۆ بەرژەوەندی‌و سیاسەتی درێژخایەنی دەوڵەتە خاوەن بڕیار بەدەستەكان بكرێت، بەتایبەت لەو دیاردەو رووداوە جۆر بەجۆرانەی كاریگەری بەهێزو راستەوخۆیان لەسەر قەزییەی كورد هەیەو سوود لەئەزموونی گەلانیش وەربگیرێت.. بەتایبەت كورد لەباشووری كوردستان، هەنووكە خاوەنی كیانێكی سیاسییە (حكومەتی هەرێمی كوردستان)ە، دەبێت بەهەمووان پارێزگاری لێبكرێت، ‌و بەرەو گەشی‌و سەركەوتن‌و چەسپاندنی یەكجاری ببرێت‌و لەنێو سیاسەتی ناوخۆی عێراق‌و ناوچەیی‌و نێو دەوڵەتی حسابی بۆ بكرێت‌و ئامانجی مەركەزی هەبێت هەموو كورد تەنانەت لە سەرئاستی كوردستانی گەورە پێوەی پابەند بێت... چونكە پرسەكەمان لەبەردەم هەڕەشەی نەماندایەو دەستەڵاتدارانی عێراق، ئازاری رۆحی كورد دەدەن‌و هەوڵا‌و تەقەلا دەدەن بۆ سڕینەوەی ناسنامەی كورد ،بەوەش دەیانەوێت كەرامەتی نەتەوەی كورد پێشێڵا بكەن... بۆ خۆپاراستن لەو مەترسیانەی لەئایندەدا روو لەقەزییەی رەواو كورد دەكەن‌و بەو مەبەستەی بتوانرێت بە ئاسانترین رێگاو كەمترین ماندو بوون‌و زیان، كاروانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد بەمەنزڵا بگەینرێت، لەجێی خۆیدایە. هەڵسەنگاندێكی چڕو كورتی زانستانەو عەقڵانی‌و لۆژیكی بۆ ئەم دوو حاڵەت‌و رووداوە بكرێـت:
تەوەری یەكەم:
پرۆسەی ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان‌و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان
دوور لەچاووڕاو بەوپەڕی راستگۆییەوە دەڵێم: لەروانگەی قەناعەتی تەواو بڕوا بوونم : بە ئازادی تاكی مرۆڤ ‌وخواست‌و ئیرادەی جەماوەرو سستمی دیموكراتی‌و ژیانی برایانەو تەبایی تەواو، دوور لە هەڕەشەو گوڕەشەو بەكارهێنانی هێزو ئیڕهابی فیكری، بێ‌ چەندو چۆن، ئەو راستییەم لاساغ‌و یەكلایی بۆتەوە: (ریفڕاندۆم) پڕۆسەیەكی پێشكەوتووی شارستانییەو تاك‌و كۆمەڵگا، بە رێگایەكی جوان‌و ئاشتی‌و یاسایی بەرەو دیاریكردن‌و بەدیهێنانی داخوازی ‌و خواست‌و ئامانجەكانی بەشێوەیەكی ئاشتیانەو دیموكراتیانە دەبات.
مەبەست ‌و ئامانج ‌و ناوەخنی ریفراندۆم رۆژی 25/7/2017 ی باشووری كوردستانیش خاوەنی گەوهەری ئەو فەلسەفانەی پێشەوەیە.. مەگەر تەنیا ئەو كەس‌و لایەن‌و دەستەڵاتانەی عێراقی‌و ئێران‌و توركیا نەبێت كە بەبیانووی بەجێهێنانی دەستوور، دژی ئەو پرۆسەیەوە وەستانەوە كە ئازادی‌و سەربەخۆی كورد بەدیدێنێت.. ئەوەی پێویستە لەو ئەزموونە سەركەوتووەی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان، پەندی بەجێی‌و وانەی نەتەوە پەروەری لێوە وەرگرێت‌و گەوهەری فەلسەفەكەی هەڵهێنجین زۆرن لەوانە:
* هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (كاك مەسعود بارزانی) لە روانگەی بڕوا بوونی، بە ئازادی‌و مافی چارەنووسی كوردو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بڕیاری بەجێهێنانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆی كوردستاندا، جێی ئاماژەیەكی گرنگی مێژووییە، سەرەڕای ئەو هەموو فشارە سیاسی‌و سەربازیەو هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز، سەرۆكی هەرێم لەسەر جێ بەجێكردنی پرۆسەكە سووربوو، دوای ئەو هەموو هەڕەشەو گوڕەشانە لەبڕیارە مێژوویەكەی پاشگەزنەبووەو بەسەركەوتوویی پرۆسەكەی بەئەنجام گەیاند وئیرادەی جەماوەری كوردستانی بەدیهێناو لە (93.2) خەڵكی كوردستانیش بەجەماوەرو حزب‌و لایەن‌و هێزە سیاسییە نیشتمانپەروەرو نەتەوە دۆستەكانەوە، هاوبەش راپرسی گشتی بوون‌و دەنگیان بۆ بەدیهێنانی مافی رەوای كورددا، لەدامەرزاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بەوەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاجی شكۆو شانازی نەتەوەیی لەسەرناو بۆ مێژووش ناوی بەمیدیاوی زێرین نووسرا!!.
پرۆسەكەی بەئاكام گەیاندو بەوەش بووە دیكۆمێنتێكی مەزنی مێژوویی‌و سیاسی بۆ كورد تۆمار كرد، بەجۆرێك لەئایندەدا دەكرێتە بنچینەی داخوازی‌و مافی كورد... ئا لەو هەڵوێستە نەتەوەییە دەگەمەنەی ئەم دەرهاویشتە مەزنانەی لێكەوتەوە.
* لەسەر جێبجێكردنی پرسی ریفڕاندۆم بووە هۆی ئەوەی: تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان لەمەیدانی ململانێەكەدا نەمێنێتەوەو حزبەكانی دی كوردستان ، بە ئاشووری كلدان‌و توركمانیشەوە پشتگیری پڕۆسەكە بكەن، هاوشان لەگەڵا پارتیدا هاوبەشی سەرخستنی ریفراندۆمەكەیان كرد.
* بەپێی سەرژمێری دەنگی هاوبەشانی پڕۆسەكە لە (93.2%) دانیشتوانی كوردستان بوو،بەكوردو توركمان‌و ئاشووری‌و كلدان‌وئەرمەن‌و‌و عەرەبەوە، دەنگ لەسەر بەدیهێنانی ئازادی‌و سەربەخۆ كوردستانیاندا.
واتە: ئەو بڕواو متمانەو سوور بوونەی سەرۆكی هەرێم لەسەر ریفڕاندۆم، هۆكارێكی پۆزەتیڤانەی سەرەكی ‌و بنچینەیی بوو، بۆ نزیكبوونەوە و یەكخستنی بیروڕاوهەڵوێستی حزبەكانی باشووری كوردستان‌و جەماوەرە ستەمدیدەكەی .
*بۆیە كەمجارە لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەیی ‌و جیهانی كورد ئاوا بەجورئەت‌و بڕوابەخۆبوونەوەو بڕوابوون بەعەدالەت‌و سەركەوتنی قەزییەكەی، رووبەرووی هەموو ئەو كەسە بەرژەوەند ویستانەو ئەو دەستەڵاتە شۆڤێنانەو عێراق بێننەوە، بەجۆرێ‌ دانیان بەخۆیاندا نەگرت‌و ئەو دروشمە بریقەدارانەی بەرزیان كردبووەوە تیشكی روناكی ئاوی بەری چاویان داهێنان‌و بەئاشكرا ساغبوەوە ... ئەوسا حكومەتی عێراقی كەوتە پەلەقاژێ‌ و تەنیتی پیلان دوژمنكارانە بۆ شكتپێهێنانی ئەوپرۆسە مەزنە نەتەوەی كورد.

تەوەری دووەم:
پیلانی (16/ی ئۆكتۆبەری) دژی كورد
دوای ئەوەی بەشكۆ‌وخۆشحاڵییەوە، نەتەوە پەروەرو حزبە سیاسیە نیشتمانپەروەرەكانی كوردستان‌و زۆرینەی هەرەزۆری جەماوەری ستەمدیدەی كوردستان، بەدەم بانگێشتەوبڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاك مەسعود بارزانییەوە بۆ بڕیاری ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستانەوە چۆن‌و بەورەیەكی بەرز و هاوبەشیان لەپرۆسەی ریفراندۆدا كرد.. دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق ئۆقرەیان لەبەر هەڵگیراو كەوتنە بیركردنەوە داڕشتنی پیلان بۆ داگیركردنی كوردستان ‌و نەهێشتنی حكومەتی هەرێم ‌و كاڵكردنەوەی سیمای كوردی.. پێچەوانەی هەموو ئەوگفت ‌و پەیمان ‌و دروشمانەی بەرزیان كردبووە، رەفتاری دوژمنانەیان بەرانبەر كورد كرد، سەرەتا بەئاشكرا دژی ئازادی ‌و ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەڵوێستیان نواند، هەر لە دوای پیلانی 16 ئۆكتوبەری 2017 و پرۆسەی تەعریبكردنی كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری دەستی پێكرد.

ئەمە چی دەگەێنێت؟
- دەسەڵاتدارانی عێراق بڕوایان بەدەستوورو یاسا و بەئازادی تاك‌و سستمی دیموكراتی‌و مافی رەوای كورد نییەو نایانەوێت كورد وەك هاوڵاتیەك لەم خاكەدا بژی.
- دەسەڵاتدارانی عێراق، بڕوایان بەجێ بەجێكردنی دەستوور و نییە و ئەمە خۆیانی مادەی (140) دەستووریان پێشلكردوە، بەهەڕەشە و بەكارهێنانی هێزی سەربازی ‌و دەیانەوێت كوردستان داگیربكەن.
- بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، بەپێی دەستوور بەشێوەیەكی لەیەگەیشتن رازی نین‌و لەسەر بەرزكردنەوەی دروشمی دوژمنایەتی كورد، دەیانەوێت حوكمڕانی بكەن.