ته‌كنه‌لۆژیایی زانیارییه‌كان هۆكارێك بۆ رۆشنگه‌ری(شه‌فافیه‌ت) (Transparency) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان

Sep 25 2018

ته‌كنه‌لۆژیایی زانیارییه‌كان  هۆكارێك بۆ رۆشنگه‌ری(شه‌فافیه‌ت) (Transparency) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان

م.لقمان قادر رواندزی

مامۆستای زانكۆ
زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر
luqmanruandzy@gmail.com


پێشه‌كی:
ته‌كنه‌لۆژیای زانیاریه‌كان كه‌ جاران پێی ده‌وترا زانستی كۆمپیوته‌ر و ئه‌مرۆش پێی ده‌وترێت (I.T) پێكدێت له‌و هه‌موو كه‌ل وپه‌ل و به‌رنامانه‌ی به‌كار ده‌هێندرێت و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌تواندرێت سوود له‌ كۆمپیوته‌ر ببیندرێت و ئه‌مرۆش جیهانی كردۆته‌ گوندێكى‌ بچووك، خه‌لكانێك سه‌رسامن به‌ كاره‌كانی و هه‌ندێكی دیش به‌ سەر‌ئێشە بۆ مرۆڤایه‌تی له‌ قه‌له‌م ده‌ده‌ن و به‌ هۆكاری لاوازی و نا ته‌ندروستی خودی مرۆڤی ده‌زانن..
هیچ وڵاتێك له‌ جیهان ناتوانێت پرۆسەى هه‌ڵبژاردن بەرێوەببات بێ ئه‌وه‌ی كەلك لە كۆمپیوته‌ر یان ئایتی وەربگرێت له‌ یه‌كێك له‌ قۆناغه‌كانی ئەم پرۆسەيە.
رۆژ دوای رۆژیش ئه‌پلیكەيشنه‌كان و به‌رنامه‌كانی تایبه‌ت به‌و بواره‌ روو له‌ زیادبوون دەكەن، ئه‌م به‌رنامانه‌ش زیاتر له‌سه‌ر داوای وڵاته‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دروستكراون ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتی وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان و جیهانی سێیه‌م داوای یارمه‌تی له‌ ئه‌مریكا یان نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن ئه‌م به‌رنامانه‌ین به‌ دیاری پێبده‌ن بۆ راپەراندنى ئەركى پرۆسەى هەڵبژاردن لە وڵاتەكانيان.
له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان، گرنگیه‌كی لە راده‌به‌ده‌ر به‌ چینی كه‌م ئه‌ندامه‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه‌ ده‌درێت كه‌ ئه‌پلیكەيشنی تایبه‌ت به‌ هه‌ر چينێك دیزاین ده‌كرێت بۆيان كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێكه‌ بۆ بوونی شه‌فافیه‌ت و نزیك بوونه‌وه‌ له‌ خودی مرۆڤ.
ده‌با پێكه‌وه‌ باس له‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بكه‌ین كه‌ دوای ته‌واو بوونی پرۆسەى هه‌ڵبژاردن، به‌رێوه‌ده‌چن.

یه‌كه‌م: كارگێری:
ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ چركه‌ساتی داخستنی سندوقه‌كانی هەڵبژاردن ده‌ست پێده‌كات تا ئەو كاتەى كە ئه‌نجامی كورسیه‌كان راده‌گیندرێت.
له‌ رووی به‌رێوه‌بردن و كارگێری بنكه‌كانی هەڵبژاردن و كۆكردنه‌وه‌ی داتاكان چ به‌ رێگه‌ی كلاسیكییه‌وه‌ بێت یان به‌ (Online)یه‌وه‌. زۆرترین ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هەڵبژاردن تووشیان ده‌بێت دوای هه‌ڵبژاردن دێنە بەردەم ئەو پرۆسەيە ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی متمانه‌ له‌ نیوان پارته‌ سیاسیه‌كان بۆ شێوازی كۆكردنه‌وه‌ى داتاكان و بوونی گه‌ندەڵكارى لە كارى ئەو به‌رێزانه‌ى كه‌ ئه‌ركیان كۆكردنه‌وه‌ی داتاكانه‌.
له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ 100% به‌ بوونی به‌رنامه‌ی تایبه‌ت (Application) هەڵبژاردن به‌رێوه‌ده‌چێت گرفت بوونی نیه‌، به‌لكو بوونی بیرو دیدگا بۆ زیاتر خزمه‌تكردنى كۆمه‌لگه‌ به‌ كاری یه‌كه‌م داده‌ندرێت و هاوڵاتی سه‌رچاوه‌ی بریاردان ده‌بێت و هیچ كه‌سێك بۆی نیه‌ ئه‌و مافه‌ سروشتیه‌ گرنگه‌ی كه‌ هه‌قێكی خۆیه‌تی لێی بسێنێت.
له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ هۆكاری گواستنه‌وه‌ی داتا(Flash Memory-CD…)یه‌ ناتواندرێت بوترێت ئه‌م هەڵبژاردنه‌ هەڵبژاردنێكی شه‌فاف و روون و بێگه‌رد و پاكه‌، چونكه‌ له‌ رێگه‌ و له‌م ده‌ست بۆ ئه‌و ده‌ستكردنى ده‌تواندرێت گۆرانكاری له‌ داتاكان بكرێت وه‌ك ئه‌و گومانانەى له‌ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق هەبوو بەشێك لە داتاكانی نێو سندوق و فلاشه‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌ك ناگرنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش هاك كردن نیه‌ به‌ڵكو گۆرینی داتاكانه‌ ‌(Change of Data). جه‌ماوه‌رێكی نه‌خوێنده‌واری ئایتی هه‌موو كێشه‌كه‌یان ده‌خسته‌ پاڵ ئه‌ندازیار و پرۆگرامسازان كه‌ له‌ رووی ئایتی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و پرۆسه‌سه‌یان ده‌كرد كە لە راستيدا ئەوە لەرووى زانستيەوە وانيە...

دووه‌م: راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌لبژاردن:
چه‌ندین سیسته‌م هه‌ن بۆ ئه‌ژماركردنی كورسیه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌گەرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌ نێوان سیاسیه‌كان كراوە بۆ كورسیه‌كان، ئه‌مه‌ كاری ئێمه‌ نیه‌، به‌لام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باس كردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چ سیسته‌مێك به‌كار بهێندرێت باشتره‌ بۆ ئه‌م كاره‌.‌ هه‌ندێك وڵات لە سەرەتادان و پسپۆری شاره‌زایان نیه‌ و به‌رنامه‌كانی (Microsoft Excel) به‌كارده‌هێندرێت به‌ڵام له‌ هه‌ندیك وڵاتی دى به‌رنامه‌ی (SPSS)به‌كار ده‌هێندرێت كه‌ تا راده‌یه‌ك ئه‌م سۆفتوێره‌ زیاتر خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌كات، خۆزگه‌ له‌ كوردستانیش گرنگیه‌كی باش به‌و سۆفتوێره‌ ده‌درا، چونكه‌ لەم پرۆگرامەدا هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان به‌ هه‌ند وه‌رگیراون و ئاماده‌كراون، به‌كارهێنه‌ر پێوه‌یان ماندوو نابێت بۆ شیكار كردنی گرفته‌كه‌ی.
راسته‌ ئه‌م سۆفتوێره‌ مه‌به‌ستمان (SPSS) له‌ زانكۆكان ده‌خوێندرێت بەڵام تاوه‌كو ئه‌مرۆ چ پارته‌ سیاسیه‌كان چ و كۆمسییۆنی هەڵبژاردن كاری پێناكه‌ن.
له‌ هه‌ندێك وڵات به‌ شێوه‌یه‌كی كلاسیكی كۆن داتاكان كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌ژماره‌كه‌ ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ وابێت كه‌ مانگی ده‌ستكرد و جیهانی پرۆگرامسازی بوونی نه‌بێت ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ دوو خال:
-نه‌بوونی متمانه‌.
نه‌بوونی كادیری شاره‌زا و بە تواناى بوارى ئایتی.

سێیه‌م: ئه‌رشیفكردنی داتاكان(Back Up):
پاش راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت هه‌موو داتاكان له‌گه‌ڵ ئه‌و سۆفتوێره‌ی به‌كارهاتووه‌ به‌ چه‌ندین دانه‌ وه‌ك ئه‌رشیف هه‌ڵبگێرێت و له‌كاتی پێویست و داواكراودا داتاكان بدرێن به‌و ده‌زگا یان به‌رێزانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن به‌ تایبه‌تی ئه‌و پارتانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت بزانن خاڵه‌ لاواز و به‌هێزه‌كانیان چین تاوه‌كو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پلانی بۆ دابنێن، بۆ ئه‌رشیف كردنیش چه‌ندین سۆفیتوێر هه‌ن ئێمه‌ پێشنیار ده‌كه‌ین كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا زیاتر له‌ پرۆگرامێك به‌كاربهێندرێت و له‌سه‌ر دوو ئامێری جیاواز دابندرێت.
له‌ دوای سالانی 2010 و له‌ هه‌موو هەڵبژاردنه‌كانی جیهان ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌ست ده‌كرێت كه‌ گه‌شه‌ ده‌كات ئه‌ویش پێی ده‌وگترێت (Peer to Peer Network Political Marketing ) كه‌ زیاتر به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ بوونی تۆری ئه‌نته‌رنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نزیك بوونه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت له‌ نێوان سیاسیه‌كان و جه‌ماوه‌ر كه‌ ئه‌مه‌ به‌ سه‌ره‌كیترین بنه‌ماكانی دیموكراتی و ئاشتی ده‌ناسرێت و هۆكارێكه‌ كه‌ سیاسیه‌كان له‌ هەڵمه‌تی بانگه‌شه‌كانیدا چه‌ندین ئارمانج پێكه‌وه‌ بپێكن وه‌ك: كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و كۆكردنه‌وه‌ی خه‌لك، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ دوایدا ده‌بێته‌ ده‌نگ و پارسه‌نگه‌كه‌ ده‌گۆرێت. بێجگه‌ له‌ دروستكردنی سه‌ركردایه‌تی كردنی رای گشتی له‌نێو گه‌نج كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ست ده‌كرا دوورده‌كه‌وته‌وه‌ له‌ هەڵبژاردن و ئه‌رك پێراسپاردن و دواتریش داوای لێبكرێت كه‌ وه‌ك خاوه‌ن بریار هەڵوێست وه‌ربگرێت هه‌ر هه‌موو ئه‌م كارانه‌ش به‌ ئه‌لیكترۆنی ده‌كران كه‌ چه‌ند سالێك پێش ئێستا ئەستەم بوو كە ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ خێرایه‌ به‌ كه‌مترین كات بهاتبایه‌ كایه‌وه‌.



‌ ئه‌نجامی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای زانیارییه‌كان ده‌بێته‌ هۆكار بۆ:
یه‌كه‌م:نه‌مانی په‌راوی ده‌نگدان و فۆرم و هۆكاره‌كانی دى هەڵبژاردن كه‌ پاره‌یه‌كی یه‌كجار زۆریان بۆ ته‌رخان كراوه‌، به‌مه‌ش به‌ تێچووی كه‌متر كردارێكی شه‌فاف تر و دوور له‌ كرینی ده‌نگ و كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌راو، كه‌ راسته‌وخۆ رۆلی ده‌بێت له‌ تێكچوونی ژینگه‌ى جیهان چونكه‌ هه‌ر په‌راوێك كه‌ دێته‌ به‌رهه‌م ده‌بێت دارێكی بۆ ببردرێته‌وه‌.
دووه‌م: نه‌مانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ خه‌لك ده‌نگیان لێوه‌ده‌دات، راسته‌ ئێستا له‌ هه‌ندێك وڵات سوود له‌ قوتابخانه‌كان وه‌رگیراوه‌ بۆ ده‌نگدان به‌ڵام ئه‌مه‌ش له‌ كاتی خوێندن ده‌بێته‌ بارگرانی بۆ خوێندنگەكان، له‌ لایه‌كی دى هه‌ندێك وڵات هۆڵ به‌كرێ ده‌گرن ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ بارگرانی دارایی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئەگه‌ر هەڵبژاردن وه‌ك وڵاتانی ئه‌سكه‌ندنافی لێبكرێت واته‌ هه‌ر هاونیشتیمانیه‌ك له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌نگ بدات ئه‌وه‌ پێویست به‌ قوتابخانه‌ و هۆل ناكات. به‌مه‌ش تێچووی گشتی هەڵبژاردن كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
سێیه‌م:باری ئاسایشی كه‌سه‌كان، هه‌ندێك هاوڵاتی وا هه‌ست ده‌كات ئەگه‌ر هەڵبژاردن به‌ ئه‌لیكترۆنی بكرێت ئه‌وه‌ ده‌نگه‌كه‌ی ئاشكرا دەبێت واش بیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوو ئه‌و پارتانه‌ی دۆراون سزای بده‌ن، بەڵام به‌ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ و به‌كارهێنانی (I.D)تایبه‌ت (Security)ی هاولاتی له‌ ده‌نگدان 100% ده‌پارێزرێت.
چواره‌م: زانینی رێژه‌ی به‌شداربوون و ئاستی هه‌ر پارتێك به‌ چركه‌سات ده‌زاندرێت ئه‌مه‌ش هۆكارێك ده‌بیێت بۆ زیاتر به‌شداربوون به‌ تایبه‌تی چینی گه‌نج چونكه‌ ئه‌وان زیاتر به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌ ته‌كنه‌لۆژیای نوێوە به‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكار بۆ زیاتر به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی به‌شداربووان له‌ هەڵبژاردنه‌كان، ئه‌م راستیه‌مان له‌ سالانی 2010 وە له‌ هه‌موو هەڵبژاردنەكانى وڵاتان بۆ دەردەكەوێت.
پێنچه‌م: كۆكردنه‌وه‌ی داتایه‌كی گه‌وره‌ به‌مه‌ش ده‌تواندرێت بۆ هەڵبژاردنه‌كانی دواتر شیكاری زانستی و ئه‌كادیمی وردی بۆ بكرێت تاوه‌كو پلانی گونجاو بۆ داهاتوو دابندرێت.
شه‌شه‌م: پێشكه‌ش كردنی باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و تاكانه‌ی كه‌ ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌نگ بده‌ن ئه‌مه‌ش به‌ به‌كارهێنانی ئه‌پلیكیشنی تایبه‌ت به‌و چینانه‌.

خاڵه‌ لاوازه‌كان:
جێبه‌جێكردنی ته‌ واوی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ ته‌كنه‌لۆژیایی زانیارییه‌كان، ئه‌م خاڵه‌ لاوازانه‌ی خواره‌وه‌شی هه‌یه‌ وه‌ك:
-ده‌بێت به‌رده‌وام به‌دوای ئەپلیكەيشنی نوێدا بگەرێیت بۆ پاراستنی داتاكان، چونكه‌ هاككه‌ره‌كان بیر و رێگه‌ی نوێ ده‌گرنه‌ به‌ر، بۆیه‌ ده‌بێت به‌رپرسان و كارگێرانی هەڵبژاردنیش به‌ ته‌واوی ئاگاداری نوێترین شیوازه‌كانی هاككردن و ئه‌نتی فایرۆس و رێگاكانی خۆپاراستن بن.
- ده‌بێت به‌رده‌وام راهێنان به‌ تیمی سه‌رپه‌رشتیاری هەڵبژاردن بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌گەڵ رێره‌و و ته‌وژمی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ برۆن و دوانه‌كه‌ون.
- له‌ ئه‌نجامی به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌و هه‌موو هەڵبژاردنانه‌ ، داتایه‌كی یه‌كجار زۆر كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ئه‌رك بۆ دوو پرسیار، ئه‌و هه‌موو داتایه‌ (Big Data) له‌كوێ و چۆن ئامباریان بكه‌ین. كه‌ ئێستا‌ ئه‌مه‌ بۆته‌ گرفتێكی جیهانی هه‌رچه‌نده‌ تارادەيەك سوود له‌ (Cloude) وه‌رگیراوه‌.
- ده‌بێت به‌رده‌وام هه‌مانگى هەبێت له‌ نێوان ده‌زگا و ناوه‌نده‌ توێژینه‌وه‌ زانستی و ئه‌كادیمیه‌ جیهانیه‌كان به‌ مه‌به‌ستی ئاشنا بوون به‌ ئەپلیكەيشنی نوێ.
- ده‌بێت به‌رده‌وام به‌دوای خاڵه‌ لاوازه‌كانی سیسته‌مه‌كه‌ بگه‌رێيت و پێش به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی هەڵبژاردنی نوێ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و خاڵە لاوازانەت بدۆزيتەوە و داهێنانى نوێى بۆ بكەى.
- ئه‌گه‌ر سیسته‌می ماڵپه‌ر به‌كاربهێندرێت، ده‌بێت زیاتر له‌ مالپه‌رێكت حازر و ئاماده‌ كردبێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی گرفت راسته‌وخۆ سیسته‌مه‌كه‌ بگوازیته‌وه‌ بۆ شوێنێكى گونجاو كە كه‌مترین زیانمان پێبگات.
- ته‌نها پشت به‌ یه‌ك شیوازی پاراستنی داتا و سیسته‌مه‌كه‌ نەبەستين به‌ڵكو هه‌وڵبدەين به‌دوای رێگه‌ و پێگه‌ی نوێدا بگه‌رێين.
- ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی راهێنراون و كار له‌سه‌ر سیسته‌مه‌كه‌ ده‌كه‌ن نابێت (١٠٠%) و به‌ ره‌هایی پشتیان پێببه‌سترێت بەڵكو ده‌بێت ئه‌وانیش چاودێری وردیان له‌سه‌ر بێت نه‌وه‌ك هەڵه‌یه‌ك بكه‌ن یان گرفت دروست بكه‌ن جا گرفته‌كه‌ خۆنه‌ویست بێت یان به‌ ئارمانج گرفته‌كه‌ دروستكراو بێت.
- باشتروايە كە پرۆگرامی سه‌ره‌كی پاراستن و هه‌ڵگرتن له‌لای كه‌مترین به‌كارهێنه‌ره‌وه‌ بێت ‌ بۆ نمونه‌ دوو به‌كارهێنه‌ر باشتره‌ له‌ سییان، و ماوه‌ به‌ ماوه‌ وشه‌ نهێنیه‌كان بگۆردرێن و تیمێكیش ده‌ستنیشان بكه‌ین بۆ گه‌ران به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی نهێنی و شیوازه‌كانی پاراستن.
- له‌ كاتی بوونی (Load) ى زۆر (Server) ده‌وه‌ستێت به‌مه‌ش هه‌ندێك جار پرۆسه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك ده‌وستێت بۆیه‌ ده‌بێت به‌ ته‌واوی بیر له‌و گرفته‌ بكرێته‌وه‌ و چه‌ندین (Server) ى یه‌ده‌گ دابندرێن بۆ كاتی پێویست.