چەمکی مارکێتینگی سیاسی و کاریگەریەکانی لە سەر هەڵبژاردندا

Sep 25 2018

چەمکی مارکێتینگی سیاسی و کاریگەریەکانی لە سەر هەڵبژاردندا

دكتۆر كامه‌ران حه‌سه‌ن

دکتۆرای DBA
ماستەر لە کاردێری (Entrepreneurship)
Kamaran16@gmail.com

هێز یەکەمین وشەیە کە سیاسەت کاری پێدەکات؛ بە شێوەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین پێناسەی سیاسەتە. سیاسەت لە دەوری دەسەڵاتەوە دەسوڕێت. هه‌ربۆیه‌ هێز و دەسەڵات، کۆکراوەی ئه‌و سەرچاوە و کەرەستە جەبرییانه‌یه‌ کە دەوڵەتەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانیان و پێشەوەبردنی بەرنامەکانیان سوودی لێ وەردەگرن. له‌ دیدگایه‌كی ديكه‌وه‌، دەسەڵات، گرنگترین چەمکی ڕێکخستنەوەی سیاسەت و مه‌سه‌له‌ سیاسییەکانە كه‌ چه‌ندین هێزی جۆراوجۆری له‌ناودایه‌، له‌وانه‌ هێزی داهێنەرانە، هێزی دروستکەر، هێزی وێرانکەر، هێزی سافت وێری و هاردوێری و چەندین جۆری دیکە.
لە کۆمەڵناسی سیاسیدا، گرنگترین بابەت هێزی کۆمەڵایەتییە. هێزی کۆمەڵایەتیش، هێزی گروپگەلێکە کە پەیوەندییان لە گەڵ خۆیان و سیاسەتدا هەیە و پێكه‌وه‌ بە دەوڵەته‌وه‌ دەبەسترێنه‌وه‌. لێره‌شه‌وه‌ پارته‌ سیاسیه‌كان بە مەبەستی بەدەستهێنانی هێز و دەسەڵات لەگەڵ یەکتردا ڕکابەری دەکەن و لە کۆتاییدا باشترینیان یان ئاماده‌ترینیان دەسەڵات و هێز کە مەبەست لێی هەمان دەوڵەتە، بەدەست دێنێت.
بازاری هەڵبژاردن، بە هۆی بوونی چەندین پارتی سیاسی، سەرهەڵدان و گۆڕانکاری لە بەشەکان و پێکهاتەکانی دانشتووان، بەکاربەری چاڵاکیی میدیایی و هۆشیاری جیهانی لە سیاسەتی وڵاتانی دیکە، پێشبینی ناکرێت. ئەم بابەتە تەنها وڵاتانی لیبراڵ و دیمۆکراتی ڕۆژئاوا ناگرێتەوە، بەڵکو پارتە کۆنەکانی ئاسیاش هەست دەکەن باردۆخی دەورو پشتیان گۆڕاوە. سیاسەتوانەکان لە ئەندامانی ئەنجومەنی شاره‌وه‌ هەتا ئەندامانی پەرلەمان، سەرۆکوەزیرەکان تەنانەت سەرۆککۆمارەکانیش بە بەردەوامی گوێ لە ئامۆژگارییەکانی مارکێتینگی سیاسی دەگرن و بەکاری دەبەن. مارکێتینگی سیاسی بریتییە لە ڕاپرسی، دابەشکردنی بازار، دروستکردنی پڕۆفایلی دەنگدەران، شێوازی وەرە دەرەوە و دەنگ بدە، توێژینەوەی ڕکابەرەکان، گەشەدانی بەرهەمی ستراتیجی، مارکێتینگی ناوخۆیی، بەڕێوەبردنی خۆبەخشەکان، پەیوەندییەکان، مارکێتینگی ئەلێکترۆنی. بەڕێوەبردنی چاوەڕوانی دەنگدەران. مارکێتینگی سیاسی ستراتیجی و کەرەستەیەکە بۆ ده‌سته‌بژێره‌كانی سیاسه‌ت تا لە باشتربەڕێوەبردنی یارییە ئاڵۆزەکانی هەڵبژاردندا یارمه‌تییان بدات.

پێویستە پیناسەی مارکیتینگی سیاسی لە ڕوانگەی چەند بیرمەندێکی ئەم بوارە دا ئاماژەی پێبکرێت:
گرونووس دەڵێ: دروست کردن، بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ دەنگدەران لە ڕێگەیەک کە هەم کۆمەڵگا و هەم پارتە سیاسییەکان تێدا سوودمەند بن لە هەمان کاتیشدا، ئامانجی چاڵاکوانانی سیاسی دابین بکرێت.
لاک و هەریس : مارکێتینگی سیاسی وەک بەشێکی زانکۆیی خوێندنەوەی پرۆسەی دوولایەنەی نێوان بوونی سیاسی و ژینگەیان و نێوان بوون بە جەخت کردن لە سەر هەڵویستەکان و پەیوەندییەکانە. بە شێوەیەکی کرداری و پراکتیکی ئاماژەیە بە ستراتیژیەکان و وەرگرتنی هەڵوێست و پەیوەندی و ئەو شێوازانە کە بە کاردێت، گەڕانە بە دوای وەرگرتنی زانیاری لە شێوازی بیرکردنەوە و هۆشیاری هەروەها چۆنیەتی وەڵامدانەوە بە لایەنی بەرامبەر و پەیامەکانە (Lock & Harris, 1996).
نیومەن دەڵێ: بە کار هێنانی شێوازی مارکێتینگ لە هەڵبژاردنەکان لە لایەن کەسەکان و دامەزراوەکاندا.
مارکێینگی سیاسی تەنها لە بواری ئابووريدا کاری پێناکرێت، بەلکو لە بوارەکانی دیکە وەک دامەزراوەکان و دەزگا قازانج نەویستەکان، تاکە کەس و گروپە سیاسییەکان بە کاردێت. لە ڕاستیدا لە دوای پەرەپێدانی چەمکی مارکێتینگی کۆمەڵایەتی لە ساڵی ١٩٧٠ دا، مارکێتینگ لە بوارەکانی جگە لە ئابووری ( مارکێتینگی کۆمەڵایەتی و سیاسی)، بە مەبەستی سودگەیاندن بە کۆمەڵگا پەرەی سەند (Poincu, 2009).
مارکێتینگی سیاسی ، لە زانکۆکاندا وەک بەشێک لە گەشەکردندایە، هەرچەنده‌ مارکێتینگ چەندین ساڵ لەمەوبەر لە سیاسەتدا بەکار هاتووه‌ و كاری پێكراوه‌، بەڵام لە ساڵانى هەشتاكاندا ١٩٨٠، لە لایەن شرۆڤەکارانی زانکۆیی و میدیاکانه‌وه‌ زۆرتر گرنگی پێدراوه‌، بە تایبەتیتریش لە ساڵانى نەوەتەكان ١٩٩٠ به‌ دوا کە جیهان گەشەكردنی لە بواری بەهاوبەشکردنی بیروڕا، شێوازەکان، ڕاوێژکاران و تەنانەت ئایدیاكان لە بارەی پرۆداکتەکانه‌وه‌ بە خۆیەوه‌ بینی، ئه‌م زانسته‌ زیاتر گه‌شه‌ی كرد.
بە بڕوای لایەنگیرانی بەکارهێنانی مارکێتینگی سیاسی، بەکارهێنانی تەکنیکەکانی مارکێتینگ لە هەڵبژاردندا، دەبێتە هۆکاری گۆڕانکاری بنەرەتی لە شێوازی ناساندنی سیاسەتوانان و پارتە سیاسیەکان بە کۆمەڵگا هەروەها دەبێتە هۆکاری زۆرتر ئاشنا بوونی خەڵک لەگەڵ دەوڵەت و حکومەت (Marshement, 2001).
مارکێتینگی سیاسی، تەنها بۆ مەبەستی دروستکردنی پەیوەندی نیە، بەڵکو بۆ ناسینی ئەو ژینگە و بازاڕەیە کە پارتە سیاسییەکان کاری تێدا دەکەن و دەیانەوێ بە ناسینی پێویستیەکانی بەکاربەرانی سیاسی، بەرنامەکانی هەڵبژاردن و شێوازی سیاسەتکردن هەروەها دەستنیشانکردنی پاڵێوراوەکانی خۆیان بە شێوەیەکی زانستی بەڕێوە ببەن. بۆ نمونه‌ به‌پێی ئه‌م زانسته‌، یەکێک لە ئامانجەکانی ڕاپرسی ئەوەیە کە پارتەکان باشتر لە "بازاڕی سیاسی ژینگە"کەیان تێبگەن. بۆیه‌ ده‌وترێ "بازاڕی سیاسی" چونكه‌ یەکێک لە بەشەکانی مارکێتینگ لێکۆڵینەوەی بازاڕە و تێکەڵبوونی دوو زانستی لێکجیاوازی وەک سیاسەت و مارکێتینگیش، چه‌ندین چه‌مكی تازه‌ دێنێته‌ ئاراوه‌، كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ چەمکێکی تازە بە ناوی "مارکێتینگی سیاسی"یه‌ تا باشتر بتوانێ خزمەت بە پارتە سیاسییەکان بۆ مەبەستی پێشخستنی ئامانجەکانیان بكات.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو بابەتانەی کە لە چوارچێوەی مارکێتینگی سیاسی بەکار دێت کۆمەڵە تیۆر و مۆدێلێکی وەرگیراوە لە بەڕێوەبردنی مارکێتینگدا کە پارتەکان دەتوانن لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردن و بەدەست هێنانی دەنگی دەنگدەران سوودی لێ وەربگرن. مارکێتینگی سیاسی زۆرتر لە ژێر کاریگەری کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا، بریتانیا، ئۆسترالیا، دانیمارک، ئەلمانیا، نیوزيلەند و کەنەدا سەری هەڵداوە و بە بۆچوونی شرۆڤەکارانی سیاسی، مارکێتینگی سیاسی ئەمرۆکە بووە بە بەرنامەیەکی بەردەوامی حکومەتەکان (Savigny,2009).

لە بەڕێوەبردنی مارکێتینگی سیاسیدا، کار بۆ تێگەیشتن لە بازاڕی سیاسی دەکرێ و هەوڵ بۆ ناسینی ڕەفتاری بەکاربەران (هاووڵاتییان) دەدرێت. هه‌روه‌ها شێوازی بەشداریکردن و دروستکردنی پەیوەندییەکان لە ئامانجەکانی مارکێتینگی سیاسییە. بۆ گەیاندنی پەیامەکانیش بە بەکاربەرانی سیاسی، پێویستە بە شێوەیەكی زانستی ئەم کارە بکرێت چونكه‌ پەیامە سیاسییەکان چ بە نووسین، وێنە یان هەر شێوەیەکی دیکە بێ، دەبێت لایەنی زانستی بە مەبەستی كاریگەرترکردنی له‌بەرچاو بگیردرێت. هه‌ربۆیە لە مارکێتینگی سیاسیدا به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی ڕێکلام دەکرێت.
مارکێتینگی سیاسی دەبیتە هۆکاری بەکارهێنانی کارامەی سەرچاوەکان، کە واتا زانیاريە بە نرخ بۆ پاڵێوراوان، حکومەتەکان، دەنگدەران و خەڵک دەستەبەر دەکات کە دەبێتە هۆی بە هێز بوونی وەلامدانەوە لە پرۆسەی سیاسیدا و بە بۆ چوونی کاتلەر لە بازاری سیاسەتدا، پاڵێوراوان و پارتە سیاسییەکان، حکومەتەکان و دەوڵەتەکان بە دوای فرۆشتنی ئایدیا و بیر و بۆچوونی خۆیانن بە كريارەكانيان کە مەبەست هەمان دەنگدەرن لە ناو کۆمەڵگا دا (Kotler & Andersen, 1991).
هه‌روه‌ها براندینگ دوایین قۆناغی گەشەکردنی ئەدەبیاتی مارکێتینگی سیاسییە. به‌پێی ئه‌م زانسته‌، لە مەیدانی سیاسەتدا پارتەکان دەبێ بیر لە براندی خۆیان بکەنەوە و هەوڵ بۆ بەهێزکردنی بدەن، چونكه‌ بەبێ براندێکی بەهێز سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا کارێکی ئەسته‌مه‌ و ماندوبوون و له‌ده‌ستدانی وزه‌یه‌كی زۆرتری پێویسته‌. بۆ ئەندامی هه‌ر پارتێکی سیاسی، پێویسته‌ ستراتیژه‌کانی براندی پارتەکەی یان براندی پاڵێوراوەکانی ڕوون بێت هەتا بتوانێ کاری بۆ بکات، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ بە باشی لە پرۆسەکانی بەڕێوەبردنی ستراتیجی براند تێگەیشتبێت.
لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا، هەڵبژاردنەکان شێوازی حوکمڕانی دەستنیشان دەکه‌ن، بۆیە هەر پارتێکی سیاسی تەواوی هەوڵەکانی بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا تەرخان دەکات. کەمپەینەکانی هەڵبژاردن بە مەبەستی پەیداکردنی بازاڕی مەبەست و گەیاندنی پەیامی پارتەکان و بەرنامەداڕشتن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان پارتەکان و دەنگدەرانە، بۆیە پێویستە لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی کەمپەینەکاندا ئاشنا بین به‌وه‌ی بازاڕی ئامانج چۆن دەستنیشان دەکرێت و چۆن کاری لەسەر دەکرێت، هه‌روه‌ها پەیامەکانی هەڵبژاردن چۆن دادەڕێژرێت و بەرنامەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ دەنگدەران چۆن دەبێت، له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌نی دى.
بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە بازاڕی سیاسی ـ مەبەست بەکاربەرانە کە هەمان ئەندامانی کۆمەڵگا دەبن ـ دەبێ بە شیوازێکی یەکپارچە و لەسەر یەک ستراتیجی کار بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی لایەنی بەهێز و بێهێز تا بتوانین بەرنامەیەکی توکمە دابڕێژین. بۆ ئه‌م مەبەسته‌ش چەندین مۆدێلی کارکردن هەن:
مۆدێلی فلیپ نیفینگیر ، یەکێکە لەو مۆدێلانەی کە مۆدێلی 4Pی مارکیتینگی لەگەڵ مارکێتینگی سیاسیدا هەماهەنگ کردووە و لە لایەن کەمپەینی هەڵبژاردنەکانه‌وه‌ بەکار هاتووە. بۆ نمونە ڕۆناڵد ڕیگان، ڕیچارد نیکسۆن، جیمی کارتەر سوودیان لەم مۆدێلە و ستراتیجییەکانی وەر گرتووە.


Source: Adapted from Niffenegger (1988)

بە پێی ئەم مۆدێلە هەر کام لە بەشەکان بە وردی باسی لێوه‌ کراوە، بۆ نمونە لە بەشی دابەشکردندا نیفینگەر باس لە چوار ستراتیجی دەکات کە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر بە کار دێت :
1. ستراتیجی وردبوونەوە،
2. ستراتیجی ڕێکخراو،
3. ستراتیجی گومڕاکردن،
4. ستراتیجی شەڕی نێگەتیڤانە.
چەندین مۆدێلی دیکەش هەن کە دەکرێ سوودیان لێوەربگیردرێت وەک مۆدێلی ڕید ، کاتلەر ، لیز مارشمێنت ، هەریس ، نیومەن کە ئەم مۆدێلە یەکێکە لە چڕوپڕترین مۆدێلەکان.
له‌ ڕاستیدا، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی مارکێتینگی سیاسی، دابەشکردنی بازاڕی دەنگدەرانە . ئامانجی ئەم دابەشکردنە، دەستنیشانکردن و هەڵسەنگاندنی پێویستیەکانی دەنگدەرانە، هەروەها بۆ تێگەیشتن لە تایبەتمەنیەکانی دەنگدەرانە. لە دوای ئەم بابەتە هەڵوێستی پاڵێوراوان دەستنیشان دەکرێت و لە سەر ئەم بنەمایە ستراتیجی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت. لە ڕووی دابەشکردنی بازاڕیشه‌وه‌ چەندین جۆرە دابەشکردن بوونی هەیە :
ـ دابەشکردنی سەرەتایی : كە تێیدا دەنگدەران لە سەر دوو پێوەر دابەش دەبن :
1. پەیوەندی دەنگدەران لەگەڵ پارتەکاندا (ئەندامی پارتەکانن یان سەربەخۆن).
2. هێزی پابەندبوونی دەنگدەران (لایەنگری بەهێز، بێهێز، دوودڵەکان و پوچەڵکەرەکان).
ـ دابەشکردنی دووەم : لە هەڵبژاردنەکاندا کار لە سەر پتەوکردنی پەیوەندی لایەنگران و ڕاکێشانی سەرنجی ئەو کەسانەی کە دوودڵن دەکرێت.
بۆ ئه‌مه‌ش چوار پێوەر گرنگە :
1. جیۆگرافیا Geographic
2. ناسینی دانیشتوان Demographic
3. ڕەفتار Behavioral
4. دەروونناسی Psychological

لە بارەی کارکردن لەم بوارانەدا بوونی ئاماری دروست و پۆلینکراو وا دەکات کە بەرنامەکان بە دروستی دابڕێژرێن و لە ئەنجامدا سەرکەوتنی زۆرتر بە دەست بێنێت.
لە هەر کۆمەڵگایەکدا، هەندێک کەس لە هەڵبژاردنەکان بۆچوونێکی ڕوون و دیاریان نییە، بۆیە بە دوودڵەکان ناسراون. ئەم بەشە لە بازاڕ خاوەن ستراتیجی تایبەتییە، چونکە زۆر جار دەبنە هۆکاری سەرکەوتنی لایەنێک، بۆ نمونە لە کەنەدا ، ساڵی ٢٠٠٤ دەرکەوت كە زۆربەی دەنگدەران لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڕیاری کۆتاییان داوە.
لە دوای دابەشکردنی بازاڕ پێویستە پارتەکان و پاڵێوراوان بە باشی لە پێگەی خۆیان تێبگەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی پڕۆسەیەک کە بەڕێوەبردنی وێنە زەینییەکان، درک و تێگەیشتنەکانە کە دەنگدەرێک لە بەرامبەر بە پاڵێوراوێک یان پارتێکی سیاسی هەیە و لە سەر بنەمای بەها و باوەڕی پاڵێوراو یان پارتەکە بە کار دێت. پەیداکردنی پێگە بە واتای دروستکردنی شوێنێک لە ناو زەینی دەنگدەرانە هەتا بتوانن بە شێوازێکی دروست لە بارەی بابەتە سیاسییەکانه‌وه‌ بیر بکەنەوە. پێگەی پارتەکان یان پاڵێوراوان لە ناو زەینی دەنگدەراندا دەتوانێ دروست یان نادروست بێت، کەواته‌ ئەرکی مارکێتینگی سیاسی ئەمەیە بتوانێ ئەم کەلێنانە پڕ بکاتەوە. کۆمەڵە ڕێگەیەک بۆ دروستکردنی پێگەکان هەیە کە بە یارمەتی پرسیارنامە و ڕاپرسی و چاوپێکەوتن دەتوانین کۆمەڵە زانییاریەک بەدەست بێنین و دواتر بە پۆلینکردن و شیکردنەوەیان زانیارییەکان دەبنە داتا و سوودیان لێوەردەگرین.
هەر پارتێکی سیاسی یان پاڵێوراوێک گرنگە بزانێ كه‌ خەڵکی دەنگدەر خاوەن چ وێنەیەکە و چۆن دەڕوانێتە ئەوان. پارتێکی نەتەوەیی کە هەوڵەکانی لە پێناو نەتەوەیە ئایا توانیویه‌تی پەیامی خۆی بە ڕوونی بداتە دەنگدەر؟ ئایا دەنگدەران ئەم پارتە بە نەتەوەیی دەزانێ؟ ئایا پاڵێوراوان ئەم پارتە بە نەتەوەیی دەزانن؟ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م پرسیارانه‌ کۆمەڵێک بابەت هەن کە دەبێ ڕەچاو بکرێن.
هەر پاڵێوراوێکی ئەم سەردەمە پسپۆرێکی وێناسازی، ستراتیجیستەکانی بەرنامەڕێژ و چاودێرانی هەڵبژاردنەکان و... لە کەمپەینی خۆی کۆ دەکاتەوە. بە یەکپارچە کارکردنی ئەمانە ئەگەری بردنەوە زۆر دەبێت.
لە براندینگدا، گرنگە کە بەرنامەیەکی توکمە هەبێت بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر (دەنگدەر) چ بۆچوونێکی لە بارەی ئێمەوه‌ هەبێ؟ هەروەها بە شیکردنەوەی زانستیی بزانین ئایا لایەنی بەرامبەر هەمان بۆچوونی هەیە کە ویستوومانە؟ بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نانه‌ بابەتی براندینگ لەم چەند ساڵەی دواییدا گرنگییەکی تایبەتی پەیدا کردووە.
لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا هەر پارتێک یان پاڵێوراوێک پەیامی هەیە و دەبێ بە باشترین شێوە پەیامی خۆی بگەیەنێتەوە دەنگدەران. کۆمەڵە ڕێگەیەک بۆ ئەم مەبەستە هەیە وەک ڕۆژنامەکان، تیڤییەکان، رادیۆ و... گرنگترین بابەت بە پێی باردۆخی شوێن بە شێوەیەکی دروست دەبێ لەم ئامرازانە سوود وەربگیردرێت. لە باوترین بابەتەکانیش گردبوونەوە و گوتاردانه‌. دیبەیتەکانیش ڕۆژبەڕۆژ لایەنگیرانی زۆرتر دەبێ. بۆ نمونه‌ لە ئەمریکا بابەتێکی ڕۆتینی نێو هەڵبژاردنەکانە. هه‌روه‌ها لە وڵاتانی ئۆسترالیا، کەنەدا، کرواتيا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هۆڵەندا، نیوزيلەند، کۆریای باشوور، سوێد، پۆڵۆنیا و ئۆکراينا بابەتێکی زۆر گرنگی هەڵبژاردنەکانە.
دیبەیتەکان کاریگەرییەکی زۆريان لە ڕاگۆڕینەوەی دەنگدەرانيدا هەیە، بۆ نمونە بۆزۆ سکۆکۆ (٢٠٠٥) دەڵێ : ١٨٪ دەنگدەرانی کرواتی لە دوای بینینی دیبەیتەکانی سەرۆکایەتی کۆماری کرواتیا لە ساڵی ٢٠٠٥دا ڕای خۆیان گۆڕیوە.
دیبەیتەکان لەبەر ئەوەی پاڵێوراوان بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ باس لە بەرنامەکانیان دەکەن و لەگەڵ ڕکابەرەکانیاندا دەدوێن بینەران لە چەند ڕوویەکەوە بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ یان ناراستەخۆ هەڵسەنگاندیان بۆ دەکەن. لەم بارەیەوە دەبێ ئامادە کارییەکی باش بۆ پێگەیاندنی پاڵێوراوان بکرێت و بە باشی پەروەردە بکرێن.
بۆ نمونە زمانی جەستە، براندی پاڵێوراوان، ئەو بابەتانەی كە باس دەکرێت، شوناسی پارتەکان و... زۆر لایه‌نی دى.
لە مارکێتینگی سیاسیدا، هەڵبژاردن دوایین قۆناغ نیە بەڵکو هاوشێوەی مارکێتینگی بازرگانی پەیوەندی لەگەڵ دەنگدەراندا بەردەوام دەبێت، بۆیە بە مارکێتینگی سیاسی ناسراوە نەک تەنها مارکێتینگی هەڵبژاردن، چونکە پارتەکانیش وەک هەر یەکەیەکی بازرگانی پێویستیان بەوە هەیە بە بەردەوامی چاودێری بازاڕ بکەن و ڕەچاوی گۆڕانکارییەکانی ناو کۆمەڵگا بکەن. نابێ لە بیری خۆمانی ببەینەوە کە هەڵبژرادنەکان ئەگەر هەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام بدرێت لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا دەکرێ کۆمەڵێک بابەت گۆڕانکاری بەسەردا بێت، وەک ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژی هەڵبژاردن بێت، کەسانێک هەن کە تەمەنیان ١٤ ساڵە و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشدار دەبن، ئەم ماوەیە زۆر گرنگە شرۆڤە بکرێت چونکە گەنجێکی ئەمڕۆ لەم ماوە چوارساڵییەدا دەکرێ زۆر جیاواز بێت. بۆیە مارکێتینگی سیاسی پرۆسەیەکی بەردەوامە بە مەبەستی مانەوەی پارتەکان لە مەیدانی سیاسیدا.

سەرچاوەکان:
1. Newman, B. I. (1999). A predictive model for voter behavior: The repositioning of Bill Clinton. In B. I. Newman (Ed.). Handbook of political (pp. 259-282), Thousand Oaksm CA: Sage.
2. Lock A. & Harris P. (1996) Political Marketing – Vive la Difference. European Journal of Marketing, Nol.30, No.10/11, pp. 14-31.
3. Kotler, Philips. & Andreasen, A.R. )1991). Strategic Marketing for Nonprofit Organizations, 4th ed., Prentice- Hall, Englewood Cliffs,NJ.
4. Marshment, L., J.(2001). The Marriage of Political & Marketing, Plotical Studies, Volume 49, Issue 4, pp. 692-713.
5. Savigny, H.(2009). Political Marketig, in C. Hay, M. Kenny, M. Flinders and A. Gamble(eds), the Oxford Handbook of British Political. Oxford: Oxford University Press, pp. 798-817.
6. Poincu, Cristian-Romeo, (2009). Features of the Socio – Political Marketing Bulletin of the Transilvania University of brasov. Vol. 2 (51), Series V: Economic Sciences, pp.231-236.
7. Neffengger, P.B. (1989) Strategies for Success from the political Marketing Journal of Consumer Marketing, Vol. 6 Iss: 1, pp.45-51.