تێڕوانینێكی تیۆریانه‌ بۆ به‌بازاڕكردنی ڕامیاری (Political Marketing)

Sep 25 2018

تێڕوانینێكی تیۆریانه‌ بۆ به‌بازاڕكردنی ڕامیاری (Political Marketing)

م. ئاواره‌ به‌ختیار رسول

ماسته‌ر له‌ بورای به‌بازاڕكردن
زانكۆی سه‌لاحه‌دین/ كۆلێژی به‌ڕێوه‌بردن و ئابوری


پوخته‌
به‌بازاڕكردن له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ ناساندنی كاڵا و خزمه‌تگوزاریه‌ بازرگانیه‌كان به‌كار هاتووه به‌ڵام ئێستا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ بۆ ناو دونیای ڕامیاریش. به‌ جۆرێك كه‌ ئێستا ستراتیژیه‌كانی به‌بازاڕكردن له‌ لایه‌ن دامه‌زراه‌ ڕامیاریه‌كانه‌وه‌ سودیان لێ وه‌ردگیرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كاریگه‌ری دروست بكه‌ن له‌ سه‌ر دنگده‌ران و سه‌ركه‌وتنیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان مسوگه‌ر بكه‌ن.
له‌‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، چوارچێوه‌ی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری و ڕه‌خنه‌كانی ئاڕاسته‌كراوه‌ی نیشان دراوه‌، توێژینه‌وه‌كه‌ به‌راوه‌ردێكی زانستی ده‌كات له‌ نیوان به‌بازاڕكردنی ڕامیاری و بازرگانی و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی به‌بازاڕكردن له‌ لایه‌ن دامه‌زراوه‌ ڕامیاریه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها مودیلی سێ قۆناغ كه‌ باوترینی مودیلی جێبه‌جێكردنی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری شیكراوه‌تەوه‌ تیشكی خراوه‌ته‌ سه‌ر.

ده‌سته‌واژه‌ ئه‌كادیمیه‌كان: به‌بازاڕكردنی ڕامیاری، كاڵای ڕامیاری، ڕیكخراوی ڕامیاری، بازاڕی ڕامیاری

1- پێشه‌كی
به‌بازاڕكردنی ده‌كرێت وا پێناشه‌ بكرێت كه‌ بریتیه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ و دابینكردنی پیداویستیه‌كانی مرۆڤ له‌ ناو كۆمه‌ڵگایه‌كدا به‌ مه‌رجێك كه‌ خودی لایه‌نی دابینكاریش قازانجێكی دارایی بكات، له‌ جه‌وهه‌ردا ده‌كرێت بڵێن بريتيە له‌ (دابینكردنی پێداویسته‌كان به‌ قازانجه‌وه‌) (Kotler and Keller, 2006) . له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م پێناسه‌یه‌ بۆ به‌بازاڕكردنی كاڵا و خزمه‌تگوزاریه‌كان و له‌ چوارچێوه‌ی ئاڵوگۆڕێكی بازارگانیه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ تێدا كڕیار پێویستی به‌ كاڵایه‌ك یان خزمه‌تگوزاریه‌ك هه‌یه‌ و فرۆشیاریش له‌ به‌رامبه‌ر به‌هایه‌ك پێداویستیه‌كانی بۆ دابین ده‌كات.
مێژووی به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی به‌بازاركردن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می شۆرشی پیشه‌سازی له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م كه‌ تێدا زۆرترینی دۆزینه‌وه‌ و داهێنانه‌كانی ڕه‌و‌ڕه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی تێدا سه‌ری هه‌ڵداوه‌، به‌جۆریك كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا و له‌ ساڵی 1960 به‌شێوازێكی به‌ربڵاو له‌لایه‌ن كۆمپانیا به‌رهه‌مێنه‌ره‌كانه‌وه‌ كاری پێده‌كرا بۆ ساغ كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه‌ی كه‌ دروستیان كردبوو و‌ هه‌روه‌ها ركابه‌رایه‌تیكردنی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنی هه‌مان كاڵاJones, Brian D. G.; Shaw, Eric H. (2006).
كوتله‌ر كه‌ زانا و پسپۆڕێكی بورای به‌بازاڕكردنه‌ كه‌ چه‌ندین كتێب و تۆێژینه‌وه‌ی له‌ بوراره‌كدا هه‌یه‌ پێيوایه‌ كه‌ به‌بازاڕكردن ده‌كرێت بۆ كاڵا و خزمه‌تگوزاری و زانیاره‌كان بكرێت به‌ڵام له‌ دوایدا هه‌ندێك ڕه‌هه‌ندی دیش زیاد ده‌كات كه‌ ده‌كرێت به‌بازاڕكردنیان بۆ بكرێت له‌ وانه‌: بیروكه‌كان، شوێنه‌كان، دامه‌زراوه‌كان، بۆنه‌كان و خودی مرۆڤه‌كانیش ده‌كرێت به‌بازاركردنیان بۆ بكرێت. هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ش بوو كه‌ بیرۆكه‌ی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری سه‌ريهه‌ڵدا. كه‌ به‌ شێوازێكی ئه‌كادیمی له‌ ساڵی 1956 و‌ له‌ لایه‌ن زانایانی بواری ڕامیاری ستانلی و كێلی وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كتێبێك به‌ ناوی:
Professional Public Relations and Political Power،( كارئامایی‌ له‌ په‌یوه‌ندی گشتی و هێزی ڕامیاری) خرایه‌ڕوو.
ده‌كرێت بگوترێت كه‌ لێكچونێكی زۆر له‌ نیوان به‌بازاڕكردنی كاڵا و خزمه‌تكوزاریه‌كان و به‌بازاردكردنی ڕامیاری هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌ بازاڕی كاڵاو خزمه‌تگوزاریه‌كان چه‌ندین كۆمپانیا هه‌بن كه‌ دابینكه‌ری ئه‌وكاڵا و خزمه‌تگوزاریانه‌ن كه‌ كڕیاره‌كان پێویستیانه‌ و به‌رده‌وام له‌ ڕكابه‌رایه‌تیكردنن بۆ ڕاكێشانی كڕیاره‌كان بۆ لای خۆیان ، ئه‌وا له‌ بازاڕی سیاسه‌تیشدا چه‌ندین حزب و پارت هه‌ن كه‌ بیرۆكه‌ و فه‌لسه‌فه‌ی جیاوازیان هه‌یه و‌ له‌ ڕێگای په‌یڕه‌و پرۆگرام و كارنامه‌كانیان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ده‌نگده‌ران ده‌ده‌ن.
تۆێژینه‌وه‌كردن له‌ سه‌ر ته‌وه‌ریی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری (Political Marketing) له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌ره‌وپێشچونێكی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌. تۆیژه‌ره‌ان، قوتابیان و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ بواری به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنه‌كان كار ده‌كه‌ن هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه‌ كه‌ زۆرترین زانیاری له‌ سه‌ر كۆ بكه‌نه‌وه‌. تێگه‌یشتنێكی ئه‌كادیمی و پیشه‌یانه‌یان هێناوه‌ته‌ ئارا به‌ جۆرێك به‌ هه‌زاران تۆێژنه‌وه‌یان له‌ سه‌ر ته‌وه‌ركه‌ ئه‌نجامداوه و ئێستا پیشه‌یه‌كی تازه‌ به‌ناوی (ڕاوێژكاری به‌بازاڕكردنی ڕامیاری) سه‌ر هه‌ڵداوه‌ كه‌ به‌ربژێره‌كان دایانده‌مەزرێنن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌نی هه‌ڵبژاردن و مسۆگه‌ر كردنی بردنه‌وه‌یان‌و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌مڕۆ بیركردنه‌وه‌یكی باو و گشتگیر دروست بووه‌ كه به‌بازاڕكردنی ڕامیاری گرینگیه‌كی له‌ ڕاده‌بده‌ری هه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ی و لاندسكه‌یپی سیاسه‌تدا و‌ به‌تایبه‌تیش له‌ كاتی هه‌ڵبژاردن یان ڕێفراندۆم وه‌ یاخود له‌ كاتی دروستكردنی فشار و لۆبی وه‌یان بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی خزمه‌تگوزاریه‌ نیشتمانیه‌كان كه‌ پارت و ڕیكخراوه‌ ناحكومی و ئۆرگانه‌كانی حكومه‌ت پشتی پێ ده‌به‌ستن (Newman, 1999).
أ- هۆكاره‌كان بۆ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌:

O’ Cass’s (2009) پێى وایه‌ كه‌ به‌بازاركردن و سیاسه‌ت دوو هۆكاری زۆر كاریگه‌رن بۆ شێواز و چۆنیتی بیركردنەوەی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ك و هاوڵاتی بوونیان له‌ چوارچێوه‌ی سنورێكی دیاریكراو كه‌ پێى ده‌گوترێت وڵات، هه‌ربۆیه‌ش به‌كارهێنانی به‌بازاڕكردن له‌ سیاسه‌تدا بۆته‌ ته‌وەرێكی زۆرگرینگی ئه‌كادیمی و تۆێژینه‌وه‌یی، له‌ كاتێكدا هه‌ندێك له‌ تۆێژه‌ران هه‌ڵوێسته‌یان له‌ سه‌ر كیشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و دیموكراسیه‌كانی به‌كارهێنانی به‌بازاركردن كردووه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌كی ديردا هه‌ندێك له‌ تۆێژه‌رانیش ئاڕاسته‌كانیان زیاتر له‌ سه‌ر ڕه‌هه‌ندەنكانی به‌ڕێوه‌بردن و كارگێڕی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری بووه‌. ئێستا به‌بازاڕكردنی ڕامیاری بۆته‌ ته‌وه‌رێكی زۆر گرینگ له‌ وڵاته‌ دیموكراسیه‌كان و جێگایه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆی داگیركردوه‌ بۆ نمونه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌مریكا، به‌ڕیتانیا، ئۆستراڵیا و بگره‌ توركیاش به‌ره‌وپێش چونێكی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان سه‌ره‌تاكانی ئه‌م مۆدیله‌ ئه‌كادیميه‌ به‌ شێوازێكی هه‌ڕه‌مه‌كی و پچڕ پچڕ ده‌ركه‌وتووە هه‌ر بۆیه‌ش گرینگه‌ كه‌ تۆێژه‌رانی ئه‌م بواره‌ زیاتر گرینگی پێبده‌ن.
ب- ئامانجه‌گشتیه‌كانی ئه‌م تۆێژینه‌وه‌یه:
ئامانجی سه‌ركی ئه‌م تۆێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕوونی بكاته‌وه‌ كه‌ به‌بازاركردنی ڕامیاری چيه‌؟ وه‌ چۆن له‌ لایه‌ن سیاسه‌توانه‌كان به‌كار ده‌هێندرێت؟ هه‌روه‌ها چۆنيەتی دابه‌شكردنی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری و مۆدیله‌ باوه‌كانی پراكتیزه‌كراوه‌ له‌ لایه‌ن سیاسته‌وانه‌كانه‌وه‌ ده‌خاته‌ به‌ردیدی خوێنه‌ران. ‌

پ- په‌یكه‌ر به‌ندی توێژینه‌وه‌كه:
به‌شی دووه‌می ئه‌م توێژینه‌وه‌ بریتی ده‌بێت له‌ نیشاندانی باگراوندی ته‌وه‌ره‌كه‌ له‌ ڕووی ئه‌كادمی‌ و پێناسه‌ كردنی ده‌سته‌واژه‌كه‌ هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌كانی ئاڕاسته‌كراو له‌ ته‌وه‌ره‌كه‌.
به‌شی سێیه‌می تۆێژینه‌وه‌كه‌ بریتی ده‌بێت له‌ شیكردنه‌وه‌ی به‌شەكانی ده‌سته‌واژه‌كه‌ كه‌ بریتین له‌ سیاسه‌ت وه‌كو كاڵایه‌ك، دامه‌زراوه‌كه‌ (پارته‌كه‌) و‌ هه‌روه‌ها بازاڕ.
به‌شی چواره‌م توێژینه‌وه‌كه‌ ڕوونكردنه‌وه‌يەكە دەربارەى مۆدیله‌ باوه‌كانی كارپێكرا كه‌ بریتیه‌ له‌ مۆدیلی ( سێ قۆناغ) وه‌ هه‌روه‌ها باس له‌ گرینگی میدیا و گفتوگۆ كردن له‌ گه‌ڵ ده‌نگده‌ران ده‌كات
به‌شی پێنجه‌م باسكردنێكی گشتی دەبيێت له‌ سه‌ر ته‌وه‌رەكه‌ و ده‌رئه‌نجامی كۆتایی توێژینه‌وه‌كه‌.
2- باكگراوندی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری
‌ ئامانجی سه‌ركی ئه‌م به‌شه‌ بریتی ده‌بێت له‌ نیشاندانی باكگراوندی ته‌وه‌ره‌كه‌ له‌ ڕووی ئه‌كادیمه‌ و پێناسه‌ كردنی ده‌سته‌واژه‌كه‌ و په‌رنسیبه‌كانی به‌كارهینانی له‌ دونیایی سیاسه‌دا وه‌ هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌كانی ئاڕاسته‌كراو له‌ ته‌وه‌ره‌كه‌.

ا- چوارچێوه‌ی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری
(Kaskeala, 2010:15) پێى وایه‌ كه‌ بیرۆكه‌ و به‌كارهێنانی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری له‌ به‌بازاڕكردنی بازرگانیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و، هه‌روه‌ها (Kotler, 1999) ش پێى وایه‌‌ له‌و ده‌ ڕه‌هه‌نده‌ی كه‌ به‌بازاڕكردنیان بۆ ده‌كرێت شه‌شیان له‌ سیاسه‌تیشدا بوونیان هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌ (بۆنه‌كان، كه‌سه‌كان، شوێنه‌كان، دامه‌زراوه‌كان، زانیاریه‌كان هه‌روه‌ها بیرۆكه‌كان).
به‌بازاڕكردنی ڕامیاری بریتيه‌ له‌ جۆریك له‌ گفتوگۆی ڕامیاری ڕاسته‌وخۆ له‌ گه‌ڵ ده‌نگده‌ران له‌ كاتی هه‌ڵبژادنه‌كاندا. (Harris et al., 2002) بۆ یه‌كه‌م جار له‌ لایه‌ن Kelley in 1956) ) ‌به‌ كارهێنرا، به‌ ڵام به‌ شێوازێكی گشتگیر و ئه‌كادیمی دى له‌ ساڵی (1970) وه‌ له‌ لایه‌ن فلیپ كوتله‌ره‌وه‌ فۆڕمێكی فراونتری پێ به‌خشرا، كه‌ ئه‌مڕۆ به‌رەوپێشچوون و داهێنانی تازه‌ی تێدا كراوه‌ بۆ نمونه‌ میدیا به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ ڕۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ زانیاری ڕامیاری ده‌خەنه‌ به‌ردیدی ده‌نگده‌ران و ئه‌وانیش به‌ له‌ بەرچاوگرتنی زانیاریه‌كان بریاڕی خۆیان له‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان و له‌ ڕێگای ده‌نگەكا‌نیانه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن. میدیاكان كێشه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن و هه‌رخۆشیان پێشنیاری چاره‌سه‌ر ده‌خه‌نه‌ ڕوو ، هه‌ر بۆیه‌ ئێستا هاوڵاتیان ده‌رفه‌تی به‌شداری كردنیان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی دا له‌ هه‌موو كات زیاتره‌. له‌ ڕوویه‌كی ديكەوە‌ هه‌ندێك له‌ زاناكانی بواری ڕامیاری پێیان وایه‌ كه‌ ئێستاش ماویه‌تی كه‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستی جیهانی قبوڵبكریت له‌ هه‌مانكاتیشدا هه‌ندێك زانای ديكەى بواره‌كه‌ پێیان وایه‌ كه‌ (به‌بازاڕكردنی ڕامیاری به‌هێزكه‌رێكی تایبه‌ت له‌ بونیات نانه‌وه‌ی ئیمان و باوه‌ڕی سیاسی) (O’Shaughnessy, 2001). هه‌روه‌ها Lees-Marshment (2002) باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ ده‌كرێت پێناسه‌ی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری وا بكرێت كه‌ بریتيه له‌ ( زاوجێكی به‌رهه‌مدار له‌ نیوان زانستی ڕامیاری و به‌بازاڕكردندا) .
هه‌رچه‌نده‌ كه‌ پێناسه‌یه‌كی دیاری كراوه‌ كه‌ هه‌موو زاناكان له‌سه‌ری كۆك بن تا ئێستاش بوونی نیه‌ له‌ دونیای ئه‌كادیمی ته‌وه‌ركه،‌ به‌ڵام هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ حزبه‌ سیاسیه‌كان ده‌كرێت به‌ كۆمپانیا بازرگانیه‌كان بشوبهیندرێن كه‌ له‌ بازاڕی ڕكابه‌رایه‌تیدا هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی كڕیار و به‌كارهێنه‌ری زیاتری به‌ر‌هه‌مه‌كانیان ده‌دەن. له‌ سه‌ر ئه‌م پێوه‌رش ده‌كرێت كه‌ بڵێين: كارەكته‌رەكانی سیاسیش ده‌كرێت هاوشێوه‌ی كاڵاو خزمه‌تگوزاریه‌كانی بازرگانی پڕۆسه‌ی به‌بازاڕكردنیان بۆ بكرێت. (Kaskeala, 2010:16)
به‌بازاڕكردنی ڕامیاری گه‌وره‌بوونی به‌رچاوی به‌خۆیەوە‌ بینيه‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌ نه‌ك ته‌نها له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان كاری پێ بكرێت و بگره‌ بۆ پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانیش په‌لی كێشاوه‌، بیرۆكه‌ی (كه‌مپه‌ینی به‌رده‌وام) واته‌ به‌بازاڕكردنی ڕامیاری ته‌نها له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێناكات یان كۆتایی نایه‌ت بگره‌ له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی و له‌ هه‌موو كاته‌كاندا پارته‌ سیاسیه‌كان به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی كاریگه‌ری كاری پێ ده‌كه‌ن (Butler and Collins, 1996). بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن ئه‌م كاره‌ش بكه‌ن پێویسته‌ پارته‌ سیاسیه‌كان بنه‌ماكانی دروستكردنی په‌یوه‌ندی ڕه‌چاو بكه‌ن پڕۆسه‌ی گفتوگۆ كردن له‌ گه‌ڵ ڕای گشتی بكه‌ن به‌ پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام. (Kaskeala, 2010:16)
له‌ ژێری ڕۆشنایی ئه‌م ڕونكردنه‌وه‌ی سه‌رەوه‌ ده‌كرێت بگوترێت كه‌ به‌بازاڕكردنی ڕامیاری ته‌نها ئه‌ركه‌كه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا هاریكاری سه‌ركه‌وتن بێت بگره‌ بريتيه‌ له‌ چۆنێتی كاركردنی له‌ كاتی حوكمڕانیشدا. بڕواش وایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بتهه‌وێت سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ پڕۆسه‌ی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری ئه‌وا پێویسته‌ ڕیكخراوه‌ سیاسیه‌كان یان كاندیدەكان به‌ شێوازێكی به‌رده‌وام په‌یوه‌نديیان له‌ گه‌ڵ ده‌نگده‌ره‌كانیان هه‌بێت، به‌ واتایه‌كی دى بیرۆكه‌ی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری پێ وایه‌ كه‌ ئه‌م گفتوگۆ به‌رده‌وامە نه‌پچڕاوه‌ی له‌ گه‌ڵ ده‌نگده‌ران و ئاگادار بوون له‌ داواكاریه‌كانیان ده‌توانێت پڕۆسه‌ی دیموكراسی باشتر بكات. (Kaskeala, 2010:17).
ب- ڕه‌خنه‌كان له‌ به‌بازاڕكردنی ڕامیاری
به‌ گشتی كڕۆكی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌ی ته‌وه‌ره‌كه‌ كراون ڕه‌خنه‌ن له‌ ئه‌خلاقی بوونی بابه‌ته‌كه‌. یه‌كێك له‌‌و ڕه‌خنه‌ زه‌قانه‌ی كه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌گیریت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت هه‌ڵبژاردنه‌ دیموكراسیه‌كان بكڕدرێن. هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ش ده‌كرێت بریتی بێت له‌: براوه‌ی هه‌ڵبژاردنكان زیاتر ئه‌و كانديدە حزبانه‌ن كه‌ توانیویانه‌ له‌ ڕێگای ڕیكلامه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌ێنێكی كاریگه‌ره‌وه‌ و دانانی زانیاری چێندراو له‌ نێو هه‌واڵ ‌یاخود میدیای چه‌واشه‌كار و هتد سه‌ركوتوو ین. ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێ توانایه‌كی باشی هه‌بووبێت له‌ به‌ڕیوه‌بردن و ته‌كنێكی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن ئه‌وا له‌ پرۆسه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه‌. ( 2004 Henneberg )
هه‌روه‌ها ئه‌و كاند یان حزبه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باشتری داهاتی له‌ به‌ر ده‌ست بووبێت بۆ به‌رێوه‌بردنی كه‌مپه‌ینه‌كه‌ ئه‌وا براوه‌ی هه‌ڵبژاردن بووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌ ئارگۆمێنتی سیاسیی پێوه‌ر بێت. (Wary, 1999)
جگه‌ له‌‌و ڕاستیه‌ كه‌ ئێستا به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن له‌ ڕوانگه‌ی دارایی و زۆر گران بووه‌ هه‌ربویه‌ش بۆ نمونه‌ به‌ربژێره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا زیاتر له‌ نیوه‌ی كاتیان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری دارایی به‌ سه‌ر ده‌بەن، به‌ڵام په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ له‌ نیوان ڕێژه‌ی پاره‌ی خه‌رجكراو و به‌ده‌ست هێنانی سه‌ركه‌وتن زۆر كه‌مه‌، بۆ نمونه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2001 و‌ڵاتی به‌ڕیتانيا پارتی پارێزگاران بڕی 13 ملێۆن پاوه‌ند به‌ به‌رواردی حزبی كرێكاران ته‌نها بڕی 11 ملێۆن پاوه‌ندیان خەرج كرد كه‌ له‌ كۆتايدا بۆ جاری دووم حزبی پارێزگاران توشی شكستێكی گه‌وره‌ هات كه‌ توانیان ته‌نها 31% به‌ده‌ست بێنن كه‌چی‌ حزبی كرێكاران هه‌رچه‌نده‌ خه‌رجی كه‌مپه‌ینه‌كه‌شیان كه‌متر بوو ئه‌وا توانیان 41% به‌ده‌ست بێنن و جارێكی تر جڵه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرنه‌وه‌ ده‌ست، ئه‌وه‌ش ئه‌وە نیشان ده‌دات كه‌ خه‌رجی زۆر مانای سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ نیه‌. (Henneberg, 2004:228).
یه‌كێكی دى له‌ ڕه‌خنه‌كان له‌ به‌بازاڕكردنی ڕامیاری بریتیه‌ له‌‌وه‌ی كه‌ به‌بازاڕكردنی ڕامیاری وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ (كارتۆنێكی پێچانه‌وه‌ی جوانت هه‌بێت به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕۆكدا هیچ یان كاڵایه‌كی خراپت دانابێت). به‌به‌رده‌وامی به‌بازاركردنی ڕامیاری ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ده‌خرێته‌ پاڵ كه‌ خۆپارێزی ده‌كات له‌ گفتوگۆی ڕاسته‌قینه‌ی سیاسی و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێوازێكی قول گفتوگۆ بكرێت له‌ سه‌ر بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كان به‌ ڕێكلامێكی ته‌له‌فزیۆنی یان پۆسته‌رێكی ناو ڕۆژنامه‌یه‌ك گۆڕدراوه‌تەوه‌، به‌ واتایه‌كی دى (ڕوخسار جێگای ناوه‌ڕۆكی گرتۆته‌وه)‌.
3- به‌شه‌كانی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری
له‌‌م به‌شه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌ به‌شه‌كانی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری شێ ده‌كرێنه‌وه‌ و ده‌خرێنه‌ به‌ر باس و ڵێكۆڵینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ : سایسه‌ت وه‌كو كاڵایه‌ك، دامه‌زراوه‌ یان حزبه‌كه‌ خۆی و بازاڕ كه‌ مه‌به‌ست ئه‌و شوینه‌یه‌ كه‌ به‌ربژێر و ده‌نگده‌ر تێدا كۆده‌بنه‌وه‌. وێنه‌ی ژماره‌ یه‌ك له‌ خواره‌وه‌ ڕه‌هه‌نده‌كان و به‌شه‌كانی ڕه‌هه‌نده‌كانی تێدا نیشان دراوه‌:
كاڵای ڕامیاری ڕیكخراوی ڕامیاری بازاری ڕامیاری
فةره‌ڕه‌هه‌ندی سروشتێكی ئاماتۆری زاڵ بوونی ئایدۆلۆژیایی
گرینگی دڵسۆزی ده‌نگده‌ر بۆچونی نه‌رێنی سه‌باره‌ت به‌ به‌بازاڕكردنى ڕامیاری دابه‌ش بوونی كۆمه‌ڵگا
خۆگونجاندن له‌ گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كان پشت به‌ستوو به‌ كاری خۆبه‌خشی ئاستی ڕكابه‌رایه‌تی.

وینه‌ی ژماره‌ 1: به‌شه‌كانی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری سه‌رچاوه‌ Collins (1994)
ا- سیاسه‌ت وه‌كو كاڵایه‌ك
حزبێكی سیاسی یاخۆد كه‌سێك/كاندیدێك ‌یان بیرو وڕایه‌ك/ئایدیۆلۆژیه‌كی سیاسی ده‌كرێت به‌ كاڵای سیاسی له‌ قه‌له‌م بدرێن. سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كاڵایه‌ گرێدراوه‌ به‌ وێنا و كه‌سایه‌تی ئه‌و كه‌سه‌، ژیانی ڕابردووی كاندیده‌كه‌ یا خود پارته‌ سیاسیه‌كه‌ خۆی.
به‌ بۆچونی Collins (1994), كاڵای سیاسی له‌ سێ ڕه‌هه‌ندی سه‌رەكی پێكدێت كه‌ بریتین له‌ : فره‌رەهه‌ندی و و فرەلایه‌نی هه‌روه‌ها گرینگی دڵسۆزی ده‌نگده‌رانی حزبه‌كه‌ و له‌ كۆتایشدا ئاستی خۆگونجاندی له‌ گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كانی تا چه‌نده‌.
كاڵای سیاسی پێكهاته‌یه‌كی زۆر ئاڵۆزی هه‌یه‌ و فره‌ڕه‌هه‌نده‌، به‌جۆرێك كه‌ ده‌نگده‌ر ناتوانێت ڕه‌هەندێكی كاڵاكه‌ هه‌ڵبژێرێت و پێ باش بیت، به‌ڵام ڕه‌هەندێكی ديكەى كاڵاكه‌ ڕه‌ت بكاته‌وه‌ بگره‌ ده‌بێت هه‌موو وه‌كو یه‌ك پاكیچ قبوڵ بێت، بۆ نمونه‌ هه‌ندێكجار به‌ربژێرێكی پی باشه‌ به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئایدۆلۆژیای گشتی حزبه‌كه‌ هاوڕا نیه‌ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. له‌ پڕۆسه‌ی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ كه‌ چۆن له‌ كاتی دروستكردنی كاڵای ڕامیاری ده‌نگده‌ر توشی ئه‌م دڵه‌ڕاوكێیه‌ نه‌كرێت و‌ پاكیجێكی باش بخرێته‌ به‌رده‌م ده‌نگده‌ر كه‌ توانای هه‌ڵبژاردنی هه‌موو ڕه‌هەنده‌كانی هه‌بێت و به‌بێ دڵه‌ڕاوكی قبوڵی بكات. (Kaskeala, 2010:17).
ڕه‌هه‌ندێكی ديكەى كاڵای سیاسی بریتيە لە ئاست و ڕێژه‌ی دڵسۆزی ده‌نگده‌ران بۆ حزبێك، له‌ بازاڕی بازرگانی شتێكی زۆر سانا و ئاسایيە كه‌ به‌كاربه‌رانی كاڵایه‌ك له‌ ماركه‌یه‌كه‌وه‌ بچنه‌ سه‌ر ماركه‌یه‌ی دى، به‌ڵام له‌ بازاڕی سیاسه‌تدا ئه‌مه‌ كه‌متر و دره‌نگتر ڕووده‌دات. ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دڵسۆزی ده‌نگده‌رێكت به‌ده‌ست هێنا ئه‌وە گه‌رێنتی ده‌دات به‌ حزبكه‌ ساڵ له‌ دوای ساڵ ده‌نگ ده‌داته‌وه‌ به‌ هه‌مان حزب، له‌ ڕوویه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌ بۆ ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ ده‌یانەوێت كار له‌سه‌ر ده‌نگی حزبه‌كانی دى بكه‌ن چونكه‌ ئه‌سته‌م ده‌بێت بتوانن بۆچونیان بگۆڕن. (Kaskeala, 2010:18).
خۆگونجاندن له‌ گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كانیش ڕه‌هه‌ندێكی ديكەى كاڵای ڕامیاریيه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ كاڵای بازرگانی كاڵای سیاسی ده‌كرێت گۆڕانكاری ته‌وای به‌سه‌ر پێكهاته‌وه‌ شێوازه‌كه‌ی دابێت له‌ دوای ده‌نگدانیشه‌وه‌، بۆ نمونه‌ ده‌كرێت له‌ دوای ده‌نگدان حزبێك هاوپه‌یمانی له‌ گه‌ڵ حزبێكی ديدا بكات كارنامه‌یه‌كی زۆر جیاوازتر له‌‌وه‌ی كه‌ به‌ڵێنی به‌ ده‌نگده‌رانی خۆی دابوو بێته‌و ئاراوه‌، ئه‌وه‌ شتێكی ئاسایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ وردی دیراسه‌ بكرێت و نه‌كرێته‌ پیشه‌ی هه‌میشه‌یی حزبه‌كه‌ چونكه‌ ئه‌وكات ڕاستگویی و ناوبانگی حزبه‌كه‌ به‌ شێوازێكی خراپ له‌كه‌دار ده‌كات. (Kaskeala, 2010:19)
ب- ڕێكخراوی ڕامیاری
ڕێكخراوی سیاسی دامه‌زاروه‌یه‌كە له‌ پرۆسه‌ی سیاسه‌تدا بۆ ‌مه‌بەستێكی دیاری كراوی سیاسی كارده‌كات، كه‌ هه‌موو هه‌وڵ و كۆ‌ششه‌كانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی شوێنێكه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا له‌ ڕێگای به‌شداری كردنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ دیموكراسیه‌كان. بۆیه‌ ده‌كرێت بلێن كه‌ حزبێكی سیاسی یاخود گروپێكی هاوپه‌یمانی برتييە‌‌ له‌‌وه‌ی كه‌ له‌ پشت كاندیدێكه‌وه‌یه‌. Butler and Collins (1994) ئاشكرایان كردوه‌ كه‌ ڕه‌هه‌ندی خودی ڕێكخراوه‌كه‌ش ده‌كرێت به‌ سێ به‌شه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌: سروشتێكی ئاماتۆری، بۆچونی نه‌رێنی سه‌باره‌ت به‌ به‌بازاڕكردن و هه‌روه‌ها پشت به‌ستوو به‌ كاری خۆبه‌خشی.
به‌ پێچه‌وانه‌ی كۆمپانیا بازرگانیه‌گان ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌كان له‌ كه‌سانی ئامه‌تۆر پێكهاتوون واته‌ كه‌سانێكن كه‌ وه‌كو پیشه‌ پیشه‌ی تریان هه‌یه‌ پسپوڕیه‌كه‌یان له‌ بواری ڕامیاریدا نیه‌ و هیچ بڕوانامه‌یه‌كیان له‌ بوراه‌كه‌دا نیه‌ یاخود ڕاهێنانیان پێ نه‌كراوه‌. له‌ ڕاستیدا خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێك كه‌سێكی پسپۆر له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كه‌ هاتبێت كه‌ كاره‌كانیان بۆ ڕێك بخات یان ستراتێژیان بۆ دابنێت ئه‌وا به‌ شتێكی نه‌رێنی له‌قه‌ڵه‌مدراوه‌ و حزبه‌كه‌ به‌رده‌وام بووه‌ له‌ سه‌ر كلتور‌ وشێوازه‌كانی كۆنی خۆیی. (Kaskeala, 2010:19).
هه‌ر له‌ ژێر ڕۆشنای ئه‌و كاریگه‌ره‌ی سه‌ره‌وه‌ش شتێكی نكۆڵی لێنه‌كراوه‌ كه‌ پرۆسه‌ی به‌بازاڕكردنی ڕامیاریش به‌ شتێكی نه‌رێنی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن چونكه‌ زیاتر حزبه‌كه‌ پێكهاته‌كه‌ی خه‌لكی ناپیشه‌گه‌ر و خۆبه‌خشه‌. هه‌ر بۆیه‌ش به‌بازاڕكردنی ڕامیاری به‌ شتێكی ناته‌ندروست و ناڕه‌وشتی له‌ قه‌ڵه‌مدراوه‌ و زیاتر هه‌ڵویسته‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ به‌تێكه‌ڵ كردنی ئه‌و دوو زانسته‌ خودی زانستی ڕامیاری تێكده‌چێت و پێویسته‌ كاندیده‌كه‌ زیاتر هۆشی لای بیروڕا ڕامیاریه‌ ساده‌ و كۆنه‌كان بێت (Smith & Saunders, 1990).
جكه‌ له‌‌مانه‌ش Butler and Collins (1994) پێيان وایه‌ كه‌ ڕێكخراوه‌ ڕامیاریه‌كان پێكهاته‌ی سه‌رەكیان بریتیه‌ له‌ كه‌سانی خۆبه‌خش، كه‌ ئه‌مه‌ش كێشه‌ی سه‌رەكی بۆ هه‌ندێك حزب دروستكردووه‌ كه‌ كه‌سانی خۆبه‌خش ناتواندرێت بۆ هه‌موو كار و چالاكیه‌كان و گرد بوونه‌و بۆنه‌كان پشتیان پێ ببه‌سترێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌م كه‌متر بۆته‌ كێشه‌ چونكه‌ حزیابه‌یه‌تی خۆی بۆته‌ پیشه‌ و ئه‌ندامه‌كان له‌ بری ئه‌ندامێتى و ئه‌رك و چالاكیه‌ ڕامیاريەكان مووچه‌ وه‌رده‌گرن.
پ- بازاڕی ڕامیاری
ناسینی بازاڕی ڕامیاری زانینی پێگه‌ جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ و بۆچون و ڕای گشتی سه‌باره‌ت به‌ حزبه‌كه‌ گرینگیه‌كی هه‌ژمارنه‌كراوی هه‌یه‌ بۆ دامه‌زراوه‌ ڕامیاریه‌كه‌. له‌ به‌بازاڕكردنی ڕامیاریدا ئامانج و مەبەست بریتیه‌ له‌ ده‌نگده‌ر. هه‌ر ئه‌وانیشن كه‌ ئاست و داهاتووی حزبكه‌ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن نه‌ك بۆچوون و لیستی ئه‌ندامه‌كانیان چونكه‌ ده‌نگده‌ر خاوه‌نی ده‌نگی خۆیه‌تی و ده‌كرێت ئه‌ندام بێت له‌ حزبێك به‌ڵام له‌ كاتی هه‌ڵبژاردن ده‌نگ نه‌دات به‌‌و حزبه‌.
چه‌ندین بنه‌مای جیاواز هه‌ن كه‌ چوارچێوه‌ و شكڵی ڕامیاری وڵاتێك دیاری ده‌كه‌ن بۆ نمونه‌، كه‌ڵتور، ئابووری، به‌ها ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئایدۆلۆژیا جیاوازه‌كان. به‌ڵام هێزی ئه‌و بنه‌مایانه‌ له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ ووڵاتێكی دى ده‌گۆڕدرێت بۆ نمونه‌ به‌ها ئاینیه‌كان زیاتر كاريگه‌ريیان هه‌یه‌ له‌ ووڵاتانی وه‌كو عیڕاق، ئيسرائیل و هندوستان تا بگاته‌ وڵاتانی دى Polat and Kulter 2008:116)) هه‌ر ئه‌و تۆیژه‌رانه‌ش پێیان وایه‌ كه‌ په‌یوه‌ندێكی زۆر گه‌رم و به‌هێزتری له‌ نێوان حزب و ده‌نگده‌ره‌ دروست كردووه‌.
Kotler and Levy 1969:12)) پێناسه‌ی بازاڕی ڕامیاری واتە كەسانێكن خاوەنى چەند سەرچاوە و ئامانجێكن كە ئاڵوگۆرييان تێدا بكەن. به‌ واتایه‌كی دى بازاڕی ڕامیاری پێكهاتووه‌ له‌ چه‌ند ده‌نگه‌ده‌رێك كه‌ ئاماده‌ن له‌ به‌رابه‌ر ده‌نگه‌كه‌ی خۆیان به‌ به‌هایه‌ك كه‌ حزبه‌ سیاسه‌كه‌ دابینی ده‌كات بۆیان له‌ ڕێگای پێدانه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری نیشتیمانه‌وه‌ به‌ خودی ده‌نگده‌رەكه‌. هه‌روه‌ها له‌ هه‌موو بازاڕێكی ئاسایيدا ڕكابه‌رایه‌تیش هه‌یه‌ كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ بازاڕی سیاسیشدا حزبه‌كان ڕ‌كابه‌رایه‌تی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دى ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی.
به‌ بۆچونی Gemmeson (1987:15) جیاوازی نێوان بازاڕی بازگانی و بازاڕی ڕامیاريدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی بازاڕی بازرگانی مامه‌ڵه‌كه‌ له‌ یه‌ك دیداردا كۆتایی نایه‌ت و بگره‌ مامه‌ڵه‌كه‌ كاتێكی زۆری ده‌وێت تا كۆتایی دێت، له‌ ڕۆژی ده‌نگدان تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ كاندیه‌كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ جێبه‌جێ كردنی په‌یمانه‌كانی كاتێكی زۆری ده‌وێت. هه‌ر بۆیه‌ش سێ به‌شی سه‌رەكی هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ڕه‌چاو بكرێن بۆ ڕه‌هه‌ندی بازاڕی ڕامیاری كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌: زاڵ بوونی ئایدۆلۆژیایی، دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها ئاستی ڕكابه‌رایه‌تی.
به‌ پیچه‌وانه‌ی بازاڕی بازرگانی ئایدولۆژیا زاڵه‌ به‌سه‌ر بڕیاری ده‌نگده‌رانه‌وه‌، چونكه‌ ده‌نگدان وه‌كو سیمبولێكی دیموكراسی سه‌یر ده‌كرێت له‌ نا كۆمه‌ڵگادا بۆیه‌ خودی ڕۆژی ده‌نگدان و بۆنه‌كه‌ گرینگیه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ بگره‌ هه‌ندێك جار به‌شداریكردن له‌ خودی بۆنه‌كه‌ زۆر گرینگتره‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌. (Butler & Collins, 1994).
ده‌نگدان ئاستی دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگا دیاری ده‌كات، ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌نگده‌ر له‌ ڕێگای ده‌نگه‌كه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندیدار بوونی خۆی به‌ گروپێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵگاوه‌ ئاشكرا ده‌كات. بۆ نمونه‌ دابەشبوونی ده‌نگه‌كان له‌ وڵاتی ئێرله‌ندا له‌ سه‌ر بنه‌مای ئاینی و بگره‌ مه‌زهه‌بیيه‌ له‌ نێو ئاینێكدا، به‌ڵام له‌ وڵاتی به‌لجیكا زیاتر له‌ سه‌ر بنه‌مای زمان و كلتوره‌، ئه‌مه‌ش گرینگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ ڕیكخراوه‌ ڕامیاریه‌كان چونكه‌ ئه‌گه‌ر بنه‌ماكانی دابه‌شبوون زۆر گه‌وره‌ بوون وه‌كو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌و ئه‌سته‌متر ده‌بێت كه‌ بتوانن كار له‌ سه‌ر دروستكردنی جیاوازی تازه‌ بكه‌ن.
له‌ دیموكراسی وڵاتی ڕۆژئاوا كه‌ بۆ چه‌ند ده‌یه‌ك ده‌بێت چه‌سپاوه‌ و ڕێكاری ئاسايی و یاسایی خۆیی وه‌رگرتووه‌ ڕكابه‌رایه‌تیەكی شه‌ریفانه‌ و ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات به‌ بێ شه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ وڵاتانی دى ڕۆژهه‌ڵاتی تا ئێستاش ڕكابه‌رایه‌تی هه‌ر قورسه‌ و كێشه‌ی زۆر له‌ سه‌ر ده‌ستاو ده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌. بگره‌ هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌ست پێده‌كات.
4- مۆدیلی كارپێكراوی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری
له‌م به‌شه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌دا به‌تاوبانگترین مۆدیلی كار پێكراو له‌ بواری به‌بازاڕكردنی ڕامیاری كه‌ به‌ مۆدیلی (سێ قۆناغ) ناسراوه‌ شیده‌كرێته‌وه‌ هه‌روه‌ها ڕۆلی میدیا و چۆنیه‌تی دابەشكردنی ڕێگاكانی گفتۆگۆ كردن ده‌خرێته‌وه‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌.
ا- مۆدیلی قۆناغه‌كان به‌بازاڕكردنی ڕامیاری
به‌ناوبانگترین بیرۆكه‌ بۆ به‌بازاڕكردنی ڕامیاری كه‌ به‌ شێوازێكی به‌ربڵاو له‌ لایه‌ن ئه‌كادیمیست و تۆێژه‌رانه‌وه‌ قبوڵكراوه‌ بریتیه‌ له‌ مۆدیلی سێ قۆناغ. هه‌روه‌كو چۆن له‌ ناوه‌كه‌یه‌وه‌ دیارە ئه‌م مۆدیله‌ سێ قۆناغی هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌:
قۆناغی یه‌كه‌م: ده‌ستنیشانی ویست و خواستی به‌كاربه‌ران/ده‌نگده‌ران و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ویستانه‌ له‌ كاڵای ڕامیاری و دروستكردنی په‌یامی ڕامیاری له‌ سه‌ر بنه‌مای ویستی ده‌نگدەرانه‌وه‌‌.
قۆناغی دووم: ئاگادار كردنه‌وه‌ی به‌كاربه‌ران/ده‌نگده‌ران له‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ر ویستی ئه‌وان به‌ سه‌ر كاڵا و په‌یامى ڕامیاری حزبه‌كه‌یاندا هێناوه‌.
قۆناغی سێیه‌م: گه‌یاندنی و جێ به‌جێكردنی ئه‌و په‌یام و كاڵایه‌ كه‌ له‌ سه‌ر ویستی به‌كاربه‌ران ‌ دره‌وستكراوه‌ به‌ خودی خۆیان، كه‌ له‌ كۆتایشدا به‌كاربه‌ران ڕازی بكات و دڵسۆزیيان به‌ده‌ست بێنێت له‌ هه‌مانكاتیشدا ڕێكخراوه‌كه‌ش بگاته‌ ئامانجی بردنه‌وه‌ی خۆی. ده‌توانين بلێين كه‌ ئه‌وكات ژینگه‌یه‌ك دروست بووه‌ كه‌ هه‌ردوو لا خۆیان به‌براوه‌ له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن چونكه‌ ئه‌وه‌ی ویستویانه‌ ده‌ستیان كه‌وتووه‌.
ئه‌م مۆدیله‌ پێى وایه‌ كه‌ حزب به‌ سانای ده‌توانێت بزانێت كه‌ به‌كاربه‌رانی چیان ده‌وێت كه‌ ده‌كرێت ئه‌مەش له‌ ڕێگای توێژینه‌وە و ڕاپرسی مانگانه‌ ‌یاخود كۆبوونه‌وه و‌ گردبوونه‌وه‌كان یان له‌ ڕێگای ڕێكخستنه‌كانیه‌وه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست بكه‌وێت. بۆیه‌ مۆدیله‌كه‌ پێشنیار ده‌كات كه‌ دوای گوێگرتن ئه‌وا كاڵایه‌ك دیزاین بكرێت كه‌ به‌كاربه‌رانی ده‌یانەوێت ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌ كاتی ده‌نگدان ده‌نگ به‌‌و كاڵایه‌ بده‌ن كە له‌ سه‌ر ویستی خۆیان دروستكراوه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری بردنه‌وه‌ی حزبه‌كه‌. (Savigny, 2010, p. 1052)
هه‌روه‌كو ده‌بیندرێت ئه‌م مۆدیله‌ به‌ شێوازێكی سیسته‌ماتیك سێ قۆناغی ده‌ستنیشان كردوه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ربژێر ڕه‌چاویان بكات، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌رهه‌مێك بێته‌ ئاراوه‌ كه‌ له‌بازاڕی ده‌نگده‌راندا قابيلی قبوله‌ چونكه‌ له‌ كۆتایيدا له‌ سه‌ر ویستی خۆیان هاتۆته‌ به‌رهه‌م كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات ئاسانتر قبوڵی بكه‌ن و حزبی خاوه‌نی بیرۆكه‌كه‌ش ده‌نگه‌كان مسۆگه‌رتر بكات. (Savigny, 2010, p. 1050).
هه‌رچه‌دنده‌ مۆدیلی سێ قۆناغ ڕێگایه‌كی ساد و ئاسانی بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ركه‌وتنی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری دیاری كردوه‌، به‌ڵام ڕه‌هه‌ندێكی زۆر گرینگی گفتوگۆ كردنی له‌ نێوان به‌ربژێری ڕامیاری و ده‌نگده‌ر و میدیایی لایه‌نگیر كه‌ ئه‌جندای خۆی هه‌یه‌ له‌ بیر كردوه‌. ئێستا میدیا به‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك داده‌ندرت كه‌ زۆر به‌ئه‌ستم كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت و كاریگه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ده‌نگده‌ر به‌ بێ له‌ به‌ر چاو گرتنی په‌یامی سیاسی به‌ربژێره‌كان. بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌ بەر‌بژێره‌كان زۆر به‌ گرینگیيه‌وه‌ ڕۆڵی میدیا هه‌ڵبسه‌نگێنن چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئه‌وان دەتوانێت كاریگه‌ری ئه‌رێنی یان نه‌رێنی له‌ سه‌ر پارته‌كه‌ یاخود كاندیده‌كه‌ دروست بكات. (Donovan, 2012:7).
ب- ڕوڵی میدیا له‌ به‌بازاڕكردنی ڕامیاریدا
بۆ مان ڕوونبۆوه‌ كه‌ به‌بازاڕكردنی ڕامیاری سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ به‌بازاركردنی بازرگانیيه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌. له‌ هه‌مانكاتدا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تۆیژینه‌وه‌كانی ئه‌كادیمی ڕۆڵی میدیاى زۆر به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌ پڕۆسه‌ی به‌بازاڕكردنی ڕامیاریداDonovan, 2012:8). .
Savigny (2010:1050) پێى وایه‌ كه‌ به‌بازاڕكردنی ڕامیاری بۆچوونی وایه‌ كه (ئه‌ركی میدیا ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نێوه‌ندگیرێكن له‌ نێوان به‌ربژێر و ده‌نگده‌ر و په‌یامی به‌ربژێر ده‌گه‌یێنن به‌ ده‌نگده‌ر كه‌چی له‌ ڕاستیدا ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ پشت گوێخراوه‌ كه‌ خودی میدیاش ئه‌جیندای خۆی هه‌یه‌ و كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بازاڕی سیاسی چۆن چوارچێوه‌ وه‌ریگرێت.) هه‌ر بۆیه‌ زانايانی بواری به‌بازاڕكردنی ڕامیاری ئه‌م پشتگوێ خستنه‌ی میدیا به‌ گه‌وره‌ترین خاڵی لاوازی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری داده‌نێن.
به‌ به‌كارهێنانی مۆدیلی سێ قوناغ و به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ڕه‌هه‌ندی كاریگه‌ری میدیايی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری ده‌توانێت گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت به‌ مەرجێك به‌ربژێره‌ ڕامیاریه‌كه‌ یاخود پارته‌كه‌ی پڵانێكی ڕوون و كاریگه‌ری هه‌بێت بۆ جێ به‌جێكردنه‌كه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌ كاندید یان پارته‌ سیاسیه‌كه‌ له‌ كاتی داڕشتنی پلان و دروستكردنی كاڵای ڕامیاری خۆیی ئاگای له‌وه‌ش بێت ئایا له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى كام میدیا ياخود دژى كاميانە. Savigny (2010:1049)
پ- دابه‌شكردنی گفتوگۆ (په‌یوه‌ندیه‌كان) له‌ به‌بازاڕكردنی ڕامیاریدا
له‌ به‌بازاڕكردنی بازرگانیدا ڕۆڵی میدیا ته‌نها گه‌یاندنی په‌یامی بازرگانی كۆمپانیاكه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌كاڵایه‌ك یاخود خزمه‌تگوزاریه‌ك كه‌ له‌ به‌رابه‌ر ئه‌م نێوه‌ندگیریه‌دا بڕێك به‌های دارایی وه‌رده‌گرێت جا چ كاڵاكه‌ بفرۆشرێت یا خود نا، به‌ڵام له‌ بازاڕی سیاسه‌تدا میدیا كارەكته‌رێكی چالاكه‌ و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌تی كه‌ ئه‌وانیش له‌وانەیه‌ سه‌ربه‌ كۆمپانیای بازرگانی دى بن و پشت به‌ داهاتی ئه‌وان ببەستن بۆ به‌رده‌وام بوونیان. له‌ ڕاستیدا میدیا به‌ میدیای میریشه‌وه‌ خۆى له ‌خۆیدا وه‌كو پارته‌ سیاسیه‌كان دامه‌زاروه‌ی سیاسین و به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجی ڕامیاریيان هه‌یه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌‌وه‌ی كه‌ خۆیان به‌ پارێزه‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسی ده‌زانن. Savigny (2010:1055)
له‌ زۆربه‌ی وڵاتان هه‌ندێك میدیا هه‌ن كه‌ ڕۆلێكی زۆر كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌ دابه‌شكردن و په‌یام و كاڵای ڕامیاری دامه‌زراوه‌ سیاسیه‌كان، هه‌ربۆیه‌ش پێویسته‌ كه‌ ئه‌م كارەكته‌ره‌ میدیایانه‌ ده‌ست نیشان بكرێن و ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان دیراسه‌ بكرێن و هه‌وڵی دروستكردنی چۆریك له‌ تێگه‌یشتن له‌ نیوان میدیا و پارته‌ سیاسه‌كه‌ دروست بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ مایەى‌ سه‌ركه‌وتنی پارته‌كه‌و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیەكانە كارەكتەره‌ میدیایه‌كه‌. پێویسته‌ كه‌ ئه‌وه‌ بزاندرێت كه‌ له‌ هیچ سیسته‌می ڕامیاردا و له‌ هیچ شوێنێكی دونیا هه‌رگيز میدیاكان خۆیان پابه‌ندی ئه‌وە ناكه‌ن كه‌ وه‌كو كارێكته‌رێكی بێلایه‌ن بن له‌ ئاڵوگۆڕه‌ سیاسه‌كاندا و هه‌رده‌م لایه‌نگیری ئه‌م پارته‌ ده‌كه‌ن كە نزیكه‌ له‌ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیەكانى خۆیان.
5- ده‌رئه‌نجام و گفتوگۆی كۆتایی
ئامانجی ئه‌م به‌شه‌ی تۆێژینه‌وه‌كه‌‌ بریتی ده‌بێت له‌ باسكردنی‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی كه‌ توێژینه‌وه‌ له‌ ڕێگای لێكۆلینه‌وەى‌ ئه‌كادیمی پێى گه‌یشتوه‌ هه‌روه‌ها خستنه‌ڕۆ و كورتكردنه‌ی ده‌رئه‌نجامی كۆتایی توێژینه‌وه‌كه‌.
ا- ده‌رئه‌نجامی كۆتایی
له‌‌م تۆێژینه‌وه‌یه‌دا به‌بازاڕكردنی ڕامیاری خرایه‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی چڕ، كه‌ تێيدا پێناسه‌ی ده‌سته‌واژه‌كه‌ كرا وبۆچونی ئه‌دكادیمیسنه‌كانی دونیا خرایه‌ ڕوو له‌ هه‌مانكاتیشدا ڕه‌خنه‌ و خاڵه‌ لاوازه‌كانی ته‌وه‌ركه‌ خرایه‌ به‌رباس لێكۆلێنه‌وه‌.زانرا كه‌ جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نیوان به‌بازاڕكردنی بازرگانی و ڕامیاریدا كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌كادیمی و پیشه‌یيەوە‌ له‌ ساڵانى ڕابردوودا به‌ره‌و پێش چونێكی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بينيوه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كریت زیاتریش به‌ره‌وپێش بچێت.
به‌شه‌كانی به‌بازاڕكردنی ڕامیاری دیاریكران و ڕوونكرانه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌: كاڵای ڕامیاری، ڕێكخراوه‌كه‌ خۆی و بازاڕی به‌كاربه‌ران/ده‌نگده‌ران. هه‌رچه‌نده‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌م سێ دابه‌شكردنه‌ له‌ سه‌كته‌ری بازرگانی وه‌رگیراوه، به‌ڵام جیاوازیش هه‌یه‌ كه‌ له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا ڕوونكرایه‌وه‌.
مۆدیلی سێ قۆناغ كه‌ به‌ناوبنگترین و به‌ربڵاو ترینی مودیلی پراكتیزه‌كراوه‌ له‌ به‌بازاڕكردنى ڕامیاری ڕونكرایه‌وه‌ و خرایه‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌، كه‌ ده‌كرێت له‌ ڕێگای ئه‌م مۆدیله‌وه‌ به‌بازاڕكردنێكی ڕامیاری سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام بدرێت. هه‌روه‌ها ڕۆلی میدیاش خرایه‌ ڕوو كه‌ چۆن كاريگه‌ری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ده‌رئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌وه‌ش زانرا كه‌ ئه‌مڕۆ به‌بازاڕكردنی به‌ بێ میدیا سه‌ر ناگرێت.
سه‌رچاوه‌كان:
1. Butler, P., & Collins, N. (1994). Political Marketing: Structure and Process. European Journal of Marketing, 28(1), 19-34.
2. Butler, P., & Collins, N. (1996). Strategic analysis in political markets. 25-36.
3. Butler, Patrich, Harris, & Phil. (2009). Considerations on the evolution of political marketing theory. Marketing Theory, 149-164.
4. Donovan, J. (2012). Modern Political Marketing: An Analysis of Tactics, and the Changing Role of the Media. The Faculty of the Journalism Department .
5. Franklin, B. (1994). Packaging Politics. London: Edward Amold.
6. Gummeson. (1987). The New Marketing-Developing Long Term Interactive Relationships. Long Range Planning , 10-20.
7. Harris, P., Lock, A., & Nievelt, T. (2002). Perceptions of political marketing in Sweden: a comparative perspective(Discussion Paper). http://hdl.handle.net /10523/1093. Otago.
8. Henneberg, S. C. (2004). The views of an advocatusdei: Political marketing and its critics. Academic Papers .
9. Kaskeala, A. (2010). Value Creation in Political Marketing. Aalto University School of Economics: Department of Marketing and Management.
10. Kelly, J. L. (1956, March 21). November 16, 2015 tarihinde Princeton website: https://www.princeton.edu/~wbialek/rome/refs/kelly_56.pdf adresinden alındı
11. Kotler, P., & Keller, K. L. (2006). Marketing Management. New Jersey: Pearson Prentice Hall, 12th ed.
12. Kotler, P., & Kotler, N. (1999). Political Marketing. Handbook of Political Marketing, 3-18.
13. Kotler, P., & Levy, S. (1969). Broadening the concept of marketing. Journal of Marketing, 10-15.
14. Kuhn, R. (2007). Politics and the media in Britian. Basingstoke: Palgrave Macmillan.
15. Lees- Marshment, J. (2001). The marriage of Politics and Marketing. Political Studies, 692-713.
16. Newman, B. (1999). Handbook of Political Marketing. CA.: Sage Publications.
17. O'Shaughnessy, N. J. (2002). Toward a Ethical Framework for Political Marketing. Psychology and Marketing, 1079-95.
18. Ovidiu, A. (2013). Marketing concepts within the political field. The USV Annals of Economics and Public Administration, Volume 13.
19. Polat, C., & Kulter, B. (2008). Genç Seçmenler Gözüyle Siyasal Ürün (Siyasi Lider) Özellikleri. Uluslararası İnsan Bilimleri Dergisi .
20. Savigny, H. (2010). Political Marketing Models: The Curious Incident of the Dog that Doesn't Bark. The media and political marketing, 1049-1064.
21. Smith, G., & Saunders, J. (1990). The application of marketing to British politics. Journal of Marketing Management, 295-306.
22. Wray, J. H. (1999). Money and Politics. Handbook of Political Marketing, 741-58.
23.Jones, Brian D. G.; Shaw, Eric H. (2006). "A History of Marketing Thought". Handbook of Marketing. Weitz, Barton A.; Wensley, Robin (editors). Sage. pp. 582 pages. ISBN 1-4129-2120-1.