جیۆپۆلەتیكی هندستان: جیهانێكی گۆڕاو ، بەسەرخۆدا داخراو

Oct 09 2018

 جیۆپۆلەتیكی هندستان:  جیهانێكی گۆڕاو ، بەسەرخۆدا داخراو

هیمن غه‌نی

وەرگێڕان
دەبێت لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیكی نیمچەكیشوەری هندستاندا لە جیۆپۆلەتیكی هندستان بڕوانین - كە ناوچەیەكی بەسەرخۆداخراوە، هندستان، پاكستان، بەنگلادیش ، نیپاڵ و بۆتان دەگرێتەوە ( لە خۆگرتنی نیمچە كیشوەرەكە بۆ ئەم دوای وڵاتەی دوایی دەوەستێتە سەر ئەوەی چۆن پێناسەیان دەكەین). ئێمە پێی دەڵێن "بەسەرخۆداخراو" لەبەر ئەوەی ناوچەیەكی گۆشەگیر و دابڕاوە و لە هەموو لایەكەوە بە ناوچەگەلێكی سەخت یان بە ئۆقیانوس دەورە دراوە. لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیكەوە، ئەمە دورگەیە.
ئەم "دورگەیە" لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵات، هەروەها باشوور و باشووری ڕۆژئاواوە بە كەنداوی بەنگال، لەگەڵ ئۆقیانوسی هیندی و دەریای عەرەبی دەورە دراوە. لە بەشی ڕۆژئاوادا، بەهۆی ئەو شاخانەوە دابڕاوە كە لە دەریای سپییەوە بەرزدەبنەوە و بە پارێزگای بلوچستانی پاكستاندا تێدەپەڕن، لەوێشەوە بە ئاڕاستەی باكووردا درێژدەبنەوە، تاوەكو بە ئاڕاستەی باكووری ڕۆژئاوا، بەرەو پاكستان، بڕۆیت ئەوا پتر بڵندتر دەبنەوە.
لە هیندوكۆش، ئەو زنجیرە شاخانەی بەرەو ڕۆژهەڵات دڕێژ دەبنەوە، لەگەڵ زنجیرە چیاكانی پامیر و كاراكۆرمدا یەك دەگرنەوە. ئەمەش لە كۆتاییدا، هیامالایا پێكدەهێنێت، كە درێژدەبێتەوە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات، نزیكەی 2000 میل بەرەو سنوورەكانی میانمار، كەلەوێدا، شاخەكانی ڕاكین (ئاراكان) لە باشووری سنوورەكانی هندستانەوە لەگەڵ بەنگلادیش و كەنداوی بەنگالەوە سەرهەڵئەدەن. شاخەكانی ڕاكین ( ئاراكان) لە ناوچەیەكی سەخت و دژواردان، نەك لەبەر ئەوەی بەرزن، بەڵكو لەبەر ئەوەی بە دارستانێكی چڕ داپۆشراون، بە تایبەتی لە بەشی باشووردا.
جوگرافیای نیمچە كیشوەرەكە
نیمچە كیشوەرەكە بۆ سەر چوار بەش دابەش دەبێت:
• ئەو چوارچێوە شاخاویەی كە لە شێوەی نیوە كەوانەیەكدایە و هەر لە دەریای سپییەوە درێژدەبێتەوە تاوەكو كەنداوی بەنگال،
• دەشتی باكووری هندستان، كە لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە درێژدەبێتەوە بە تێپەڕبوون بە ڕووباری گانج، بەرەو سنوورەكانی میانمار، هەروەها لە هیمالایاوە لە باكوور، بەرەو بەرازییەكانی باشوور.
• كەنداوی هیندی، كەبە ئاڕاستەی باشووردا بەرەو ئۆقیانوسی هیندی درێژدەبێتەوە، پێكهاتووە لە ناوچەگەلێكی جیاواز، بەڵام بە شێوەیەكی سەرەكی بەرزایین،
• بیابانەكانی ڕۆژئاوا، لە نێوان باكووری دەشتی هندستان و دۆڵی ڕووباری ئیندۆسی پاكستاندا.
پاكستان ناوچەی ڕۆژئاوای نیمچەكیشوەرەكەی داگیركردووە بە دەوری دۆڵی ئیندۆسدا. كە بەهۆی بیابانێكەوە لە هندستان جیابۆتەوە و تێپەڕبوون پێیدا ئەستەمە و لە بەشی باشوریشدا بە زۆنگاوەكان، ئەمەش تەنها پەنجاب دەهێڵێتەوە، كە بۆتە خاڵی بەیەكگەیشتن. پاكستان بەشێكی گەورەی پاشماوەی حكومڕانێتی موسڵمانەكانە لە ڕۆژگاری سەدەكانی ناوەڕاست لە هندستاندا، هەروەها بەشی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەكە ئەو ناوچەیەیە كە سەرەتا لە لایەن عەرەبە موسڵمانەكانەوە داگیركرا، كە لە ئێستادا بەشی باشووری ڕۆژئاوای ئێران و باشووری ئەفغانستان پێكدەهێنێت.
سێیەم گەورە دەوڵەتی نیمچە كیشوەرەكە بەنگلادیشە كە بریتیە لە ناوچەی گانج، پانتاییەك داگیر دەكات كەوتۆتە باشووری ڕۆژهەڵاتی نیپاڵەوە. ئەم ناوچەیە بە شێوەیەكی سەرەكی كەوتۆتە ئاستی دەریاوە، خاڵی لاوازی بەردەوامی بەنگلادیش كەوتۆتە ئاڕاستەی كەنداوی بەنگالەوە. شانشینەكانی نیپاڵ و بۆتان دەكەونە سەر خودی بەرزاییەكانی هیمالایا، بەو پێیە كەوتونەتە سەر لێواری نیمچەكیشوەرەكە. هەروەها ڕێڕەوێكی بچوك هەیە لە نێوان نیپاڵ و بەنگلادیشدا كە بەشێكی زۆری هندستان گرێدەداتەوە بە ویلایەتەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتەوە، لە سنووری ڕۆژهەڵاتیدا لەگەڵ میانمار. لەم ناوچەیەدا دوورترین ویلایەتی هندستان هەیە لە بەشی ڕۆژهەڵاتدا، ئوتار پرادێش، كە چین بانگەشەی خاوەندارێتی خاكەكەی دەكات.
بەشی زۆری دانیشتوانی هندستان لە دەشتەكەی باكووردا دەژین. ئەم ناوچەیە كە ڕێژەیەكی چڕی دانیشتوانی هەیە، جەوهەری خاكی هندستان پێكدەهێنن و بە ناوچەیەكدا تێدەپەڕێت بە دەوری لاهوردا، بە ئاڕاستەی باكوور و ڕۆژئاوادا بڵاودەبێتەوە بەرەو پاكستان و بە پچڕ پچڕیش بەرەو كابول لە ئەفغانستاندا، هەروەها بەرەو ڕۆژهەڵاتیش درێژدەبێتەوە بەرەو بەنگلادیش و تا سنووری میانمار. هەرچۆنێك بێت، ئەمە تەنها ناوچەیەك نیە كە خەڵكی تێدا نیشتەجێ بوبێت. كەنداوی هندستان بە هەمان شێوە چڕی دانیشتوانەكەی شێوازێكی ناڕێكی وەرگرتووە، تێیدا هەندێ ناوچە كە دانیشتوانێكی كەمیان هەیە تیكەڵ دەبنەوە لەگەل ئەو ناوچانەی دانیشتوانێكی چڕیان هەیە. ئەمەش دەوەستێتە سەر بوونی ئاو و جۆری خاكەكە. چونكە هەر كاتێك ئەم دوو پێداویستیە بە چەشنێكی پێویست دەستەبەركرابێتن، ئەوا دانیشتوانی هندستان لە گەشەكردن و زۆربووندا دەبن.
بە زۆری لە ڕووی جوگرافییەوە هندستان بەراورد دەكرێت بە بەشە ئەوروپیە ناڕوسیەكە، لەبەر ئەوەی هەردوكیان كەنداوێكن و لەخاكی بەربڵاوی ئیرۆئاسیاوە هەڵكەوتوونە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕووی بەرەوپێشچوون و گەشەكردنەوە جیاوازی بنەڕەتییان لە نێواندا هەیە.
ئەوروپیەكان پەرەیان بە دانیشتوان و كەلتورێكی درێژخایەن و زۆر جیاواز دا، كە سەری كێشا بۆ دروستبوون و سەرهەڵئەدانی دەوڵەت - نەتەوەكانی وەك ئیسپانیا، پۆڵەندا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا. هەروەها بە تێپەڕبوونی كات سنوور و سەربەخۆییەكانیان گۆڕانگاری بەسەردا هاتووە، -بەڵام جیاوازیەكان بە درێژایی چەندین سەدە درێژەیان كێشاوە - لە هەندێ حاڵەتەدا ئەم جیاوازیانە دەگەڕێنەوە بۆ پێش ئیبمراتۆریەتی ڕۆمانی. لە لایەكی دیكەوە نیمچەكیشوەری هندستان، لە ڕووی مێژوییەوە، هەمیشە لێكترازاو بووە و لە دۆخێكی ناسەقامگیریدا بووە، (تەنها ئەو كاتانە نەبێت كە لە لایەن هێزە دەرەكیەكانەوە داگیركراوە). لە ماوەیەكی كورتدا، سنوورە سیاسییە ناوخۆییەكان گۆڕانكاری گەورە و كت و پڕیان بەسەردا هاتووە.
هۆكارەكانی ئەم جیاوازیانە تەواو سادەن. ئەوروپا پڕە لە بەربەستە جوگرافیە ناوخۆیەكان: شاخەكانی ئەلپ و پایرینێس و كارباپیان بەرجەستەی بەربەستێكی سروشتی و هێڵی بەرگری دەكەن، هەروەها ژمارەیەكی زۆری ڕووبار و دارستانەكان بوونەتە تەواوكەری ئەم حاڵەتە. ئەمەش دابەشبوونێكی هەمیشەیی لە ئەوروپادا دروست دەكات، كە ڕواڵەتی تایبەتی خۆی هەبێت. لە ڕاستیدا هیچ بەربەست و دیوارێك نیە لە نیمچەكیشوەری هندستاندا، ڕەنگە تەنها ئەگەر بیابانی پار (بیابانی هندستان) ی لێدەربكەیت. لەبری ئەوە دابەشبوونە ناوخۆییەكانی هندستان پێكهاتووە لە سیستمی ڕووبارەكان: گانج (گانجا)، براهماپوتەر و نەرمادا و هتد.
هەموو شارە گەورەكانی هندستان بە دەوری یەكێك لەم ڕووبارانەدا دروست بوونە، ئەمەش ڕاستیەكی زۆر گرنگە كە لەبەرچاوی بگرین لە كاتی شیكردنەوەی سەرهەڵئەدانی ئەو هەموو كەلتورە جیاوازە لە هندستاندا - پەنجابی، گوجاراتی، ماراسی، تامیلی و ئەوانی دیكە - كە لە رۆژگاری هاوچەرخدا خۆیان لە شێوەی هەرێمەكان لە چوارچێوەی هندستاندا بەرجەستەكردووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئاماژەمان پێكرد، ئەوا ڕەوتی نەتەوەخوازی هندستان زۆر بەهێزە و بەرەنگاری مەیلە جوداخوازیەكان دەبێتەوە. هەروەها هاوسەنگیەك هەیە لە نێوان بوونی حكومەتێكی ناوەندی بەهێز و ئۆتۆنۆمیە ناوچەییە خوار نەتەوەییەكاندا.
ئەوەی هەمیشەییە لە نیمچەكیشوەرەكەدا، بریتییە لە چوارچێوەكەی، مەبەست لە شاخەكان و لە زەوییە بێ پیتەكانە. دەتوانین بە ڕوونی ئەم ڕاستیە بەدی بكەین كاتێك لە دابەشبوونی دانیشتوان دەڕوانین لە ناوچەكانی دەوروبەردا. نیمچەكیشوەرەكە وەك سەنتەرێكی دانیشتوان دابڕاوە، چونكە بە ناوچە بەتاڵەكان دەورە دراوە. ئەمە تەنها پەیوەست نیە بەو شاخانەی دەوری داوە، هەرچەندە ئەمانە بەربەستی گەورە و بەرچاون، بەڵام ناوچەكانی دوورتر لە شاخەكان بە هەموو ئاڕاستەكاندا دانیشتوانێكی كەمیان هەیە و سەرچاوەكانی بەشی ئەوە ناكەن كە ببنە پاڵپشتی دروستبوونی شارستانیەتێكی گەورە و جێگیر لەو شوێنەدا.
لە دەرئەنجامدا، هندستان بە دەگمەن خواستی خۆی خستۆتەڕوو بۆ ئەوەی سەركێشی بكات بۆ دەرەوەی سنووری نیمچەكیشوەرەكە. ئەگەر هندستان بتوانێت ئیدارەی پەیوەندیەكانی بكات لەگەڵ پاكستان و بەنگلادیشدا، ئەوا فشارێكی كەمی لەسەر دەبێت بۆ ئەوەی كارێكی زیاتر لەم ئەنجام بدات.

پێدوایستیەكانی جیۆپۆلەتیكی هندستان
جوگرافیای نیمچەكیشوەرەكە ڕەفتاری ئەو حكومەتانە سنووردار دەكات كە تێیدا سەرهەڵئەدەن. ئەگەر بمانەوێت هندستانێكی سەربەخۆمان هەبێت، ئەگەر بمانەوێت دەوڵەت - نەتەوەیەكی سەقامگیر و پارێزراومان هەبێت، دەبێت ئەم كارانە خوارەوە ئەنجام بدات:
• دەبێت مافی حكومڕانیكردنی حەوزی ڕووباری گانج بەدەست بهێنێت. دەشتە پان و بەرینەكانی حەوزی گانجیش لە بە پیتترین خاكەكانن لە جیهاندا و دەتوانن بژێوی ژمارەیەكی گەورەی دانیشتوان دابین بكەن. دەبێت هندستان هێزی سەرەكی بێت لەم خاكانەدا. ئەمە بەو مانایە نایەت كە دەبێت ئەم هێزە بەدەست دەسەڵاتێكی ناوەندی یەكگرتووە بێت. دەكرێت هاوپەیمانێتی چەند هێزێك لەم ڕووەوە سەركەوتووبێت، تەنانەت دەكرێت تا ڕادەیەكی دیاریكراو هێزگەلێكی دوژمنكاربن، بە چەشنی بەنگلادیش، دەتوانرێت بوونی ئەم هێزە قبوڵ بكرێت تا ئەو كاتە كە نەبێتە مەترسیەك بۆ دەسەڵات یان ئاسایشی هندستان.
• بەرفراوانبوون بە نیمچەكیشوەرەكەدا تاوەكو گەیشتن بە بەربەستە سروشتیەكان. دارستانەكان، بەرزاییەكان و ڕووبارەكان، جگە لەمانە بەربەستگەلێكی كەمتر هەن لەبەردەم درێژكردنەوەی دەستڕۆیشتووی هندستان لە نیمچەكشوەرەكەدا، لە ڕاستیدا شێوازی نیشتەجێ بوونی دانیشتوانی گانج ئەوە دەسەپێنێت كە نابێت ڕێگە بەهیچ قەوارەیەكی دەرەكی بدرێت هێزەكانی خۆی مۆڵ بدات بە چەشنێك بتوانێت باڵادەست بێت بەسەر ئەم ناوچەیەدا.
• پێشڕەویكردن بەرەو ئەو خاكەی حەوزی گانج لە حەوزی ڕووباری ئیندۆس جیادەكاتەوە و باڵادەستە بەسەر ناوچەی ئیندۆسدا (مەبەست لە پاكستانە). دۆڵی ئیندۆس تەنها ناوچەیەكی گرنگ و ڕاستەقینەیە كە دەكەوێتە سنووری دەستڕویشتووی هندستانەوە، هەروەها ئەو ڕێڕەوەیە كە دەچێتەوە سەر تەنها ڕێگای گونجاوی داگیركردنی هندستان. (هندستانی هاوچەرج ئەم دەستكەوتانەی بەدەست نەهێناوە، كە دواتر لە بارەی ئاكامەكانیەوە گفتوگۆ دەكەین.)
• تەواوی نیمچەكیشوەرەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی ( یاخود بەلای كەمەوە لە ژێر كاریگەری و دەستڕۆیشتووی) هێزێكی مەركەزیدا بێت و دەست بە بنیاتنانی هێزێكی دەریایی بكات. بە ڕەچاوكردنی دابڕانی نیمچەكیشوەرەكە، هەر فراوانخوازیەكی دیكە لە لایەن هندستانەوە سنووردار دەبێت لە ڕووی دەریاییەوە. بوونی هێزێكی دەریاری پتەو دەبێتە سنوور و بەربەستێك لەبەردەم هێزی دەرەكیدا كە بیەوێت لە ڕێی دەریاوە نیمچەكیشوەرەكە ببڕێت.
ئەم پێدوایستیانە ڕەفتاری هەر حكومەتێكی هندستانی دادەڕێژن، بە چاوپۆشین لە ئایدۆلۆجیا و سیاسەتی ئەو حكومەتە. ئەوانە هۆكاری سەرەكی و بنەڕەتین كە ڕواڵەتەكانی هندستان دەستنیشان دەكەن وەك وڵاتێك، ئەو وڵاتەی بەهۆی جوگرافیا دەگمەنەكەیەوە داڕێژراوە. هەر حكومەتێكی هندستانی ئەم پێدوایستیانە پشتگوێ بخات، ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، مەترسیەكەش لەوەدا خۆی بەرجەستە دەكات كە لە لایەن قەوارەیەكی دیكەوە جێگەی بگیرێتەوە- جا ئەو قەوارەیە هێزێكی ناوخۆی بێت یان دەرەكی - كە باشتر لەم پێدوایستیانە تێدەگات.

مێژووی باڵادەستبوونی دەرەكی
واقیعی جیۆپۆلەتیكی هندستان - كە تا ڕادەیەك لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە، نەبوونی سنوور و بەربەستە سەپێنراوەكان، دانیشتوانی چڕ و حكومەتێكی ناوەندی كە ڕووبەڕووی ناوچەیەكی بەربڵاو دەبێتەوە - سەری كێشاوە بۆ دروستبوونی سیستمگەلێكی ناوخۆیی كە بە بەردەوامی لە ئاڵ و گۆڕدان، بەرهەڵستی دەسەڵاتی ناوەندی دەكەن، لە كۆتاییدا ناتوانرێت لە یەكەیەكی یەكگرتوودا ڕێكبخرێن، نە لە لایەن داگیركارە دەرەكیەكانەوە، نە لە لایەن حكومەتە ناوخۆییەكەوە.
ئەمە پانتایی قەوارە سیاسییە گۆڕاوەكانە، كە هێزەكان لە نێو دۆخێكی هەمیشە گۆڕاودا كە پڕە لە قەوارە و هاوپەیمانێتی سیاسی بە بەردەوامی دژایەتی یەكتر دەكەن، یاخود هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەك دەكەن. لە ڕووی مێژووییەوە ئەم خاكە دابەشبووانە دەرفەتگەلێكیان دروست كرد بۆ هێزە دەرەكیەكان بۆ دابەشكردن و داگیركردنی هندستان - بەو شێوەیە، هەر لە سەدەی (11) ەوە تاوەكو 1947 نیمچەكیشوەرەكە لە ژێر باڵادەستی هێزی دەرەكیدابوو.
لە ڕووی دەرەكییەوە، هەڕەشەكانی سەر هندستان لەو ڕێگایانەوە سەرچاوەیان گرتووە كە بە سنوورەكانی ئەفغانستان - پاكستاندا درێژبونەتەوە، هەروەها لە دەریاوە سەرچاوەیان گرتووە. چارەسەری هندستان بۆ هەردو جۆری هەڕەشەكە ئەوەبووە خۆی بگونجێنێت لەگەڵیدا، لەبری ئەوەی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەرهەڵستیان بكات و بەرپەرچیان بداتەوە، ئەمە لە كاتێكدا ئاڵۆزی كۆمەڵگەكەی بەكارهێناوە بۆ دروستكردن و هێشتنەوەی بۆشاییەك لە نێوان خۆی و داگیركارەكاندا و بۆ پاراستنی یەكێتی كەلتوری هندستان. ( لە ڕوویەكەوە، بەرهەڵستی مەهاتما گاندی كە پشتی بە بنەمای ناتوندوتیژی بەستبوو بەرجەستەبوونی بناغەی ستراتیژیەتە مێژووییەكەی هندستان بوو، هەرچەندە بناغەی مێژوویی هندستان بۆ بەرهەڵستكاری ناتوندوتیژ پتر مۆركێكی بازرگانی هەڵگرتبوو نەك ئەخلاقی.) بەڵام لە بنەڕەتدا، دابڕان و گۆشەگیری هندستان، هاوشان بە دانیشتوانە گەورەكەی، ئەو توانایەی پێدەبەخشێت كە كەم تا زۆر سیاسەتێكی دەرەكی سەربەخۆی هەبێت و هاوسەنگی خۆی لەگەڵ هێزە گەورەكاندا ڕابگرێت.
لە نێوان سەدەكانی (11 و 18) هندستان لە لایەن موسڵمانەكانەوە حكومڕانی دەكرا. یەكەم داگیركاری هەڵسا بە زەوتكردنی ئەو ناوچەیەی ئێستا پێی دەوترێت پاكستان. بە درێژای ئەو سەدانە - لە ژێر سایەی حكومڕان و رەچەڵەكە جیاوازەكاندا، بە تایبەتی مەگۆلەكان (مەنگۆلەكان)- موسڵمانەكان هەڵسان بە درێژكردنەوەی دەسەڵات و هێزی خۆیان تاوەكو زۆربەی هندستانیان داگیركرد.
ئەو باڵادەستبوونە جیاواز بوو، لەبەر ئەوەی موسڵمانەكان نەیانتوانی تەواوی ئیندۆس داگیربكەن. جگە لە ناوچەی ڕۆژئاوای بیابانی پار و ناوچەی گانج. هەروەها موسڵمانەكان ئایینی هندستانیەكانیان نەگۆڕی بۆ ئایینەكەی خۆیان. ئەوەی كردیان سوود وەرگرتن بوو لە نایەكگرتوویی هندستان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی تاوەكو هێزە ناوخۆییەكان ئامادەبكرێن بۆ ئەوەی هاوكاری لەگەڵ داگیركارەكاندا بكەن.
مەسەلەی گۆڕینی هیندۆسیەكان بۆ ئیسلام بایەخێكی لاوەكی هەبوو بە بەراورد بە مەسەلەی دەست بەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی هندستان. هێزی سەربازی و سیاسی ئامرازێك بوون بۆ ئەم ئیستیغلالكردنە، لە بری ئەوەی بۆ گۆڕینی ئاینی خەڵكەكە بەكاری بهێنرێن، هەر لەبەر ئەمەش، هیندۆسەكان ئامادەی هاوكاری كردنیان بوون. لە كۆتاییدا، گرژی و ئاڵۆزیە ناوخۆییەكانی هندستان ئەوەندە گەورەبوون دەرفەت و توانای ڕەتكردنەوەی هێزە دەرەكیەكانیان نەهێشتبوەوە.
هێزە ئەوروپیەكان بە چەشنی موسڵمانەكانان بەرەو هندستان پێشڕەوییان كرد، بەڵام بە پێچەوانەی موسڵمانەكانەوە ئەوان لە ڕێی دەریاوە ئەم كارەیان كرد، لە هەمان كاتدا بە چەشنی موسڵمانەكان پاڵنەری سەرەكی ئەم كارەیان ئابووری بوو، هەروەها هێزی سیاسیان وەك ئامرازێك بۆ ئامانجە ئابووریەكان بەكارهێنا. بەریتانیا، كە بوونێكی بەردەوامی هەبوو لە نیمچەكیشوەرەكەدا، ئاڵۆزیە ناوخۆییەكانی هندستانی بەكارهێنا بۆ پتەوكردنی پێگەی سیاسی خۆی. ئەوان هندستانیان داگیرنەكرد هێندەی ئەوەی ئیدارەی ناكۆكیە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەیان كرد بۆ سوود و بەرژەوەندی خۆیان.
ئەوەی بەریتانیایەكان دوای خۆیان جێیانهێشت، هەمان دەریای ئاڵۆزی بوو لە دابەشبوونە گۆڕاوەكان كە مۆركی دۆخ و هەل و مەرجی هندستان بوو پێش هاتنی بەریتانیەكان. زۆربەی ئەو ناوچانەی كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانن، بوونە قەوارەیەكی ئیسلامی، كە لە كۆتاییدا دابەشبوون بۆ پاكستان و بەنگلادیش. بەشەكانی دیكەی هندستان لە ژێر دەسەڵاتی یەك حكومەتدا مایەوە، بەڵام ئەم حكومەتەش بە چەشنی بەریتانیەكان حكومڕانیكرد.

جیۆپۆلەتیكی هندستانی هاوچەرخ
بنەچە و سەرچاوەی سەرهەڵدانی هندستانی هاوچەرخ بۆ هەرەسهێنانی ئیمبراتۆریەتی بەریتانیا دەگەڕێتەوە. بە دڵنیاییەوە، ئەوە لە دەستدانی هندستان بوو كە لە كۆتاییدا هەرەسی كردە چارەنووسی ئیمبراتۆریەتی بەریتانیا. تەواوی تەركیزی ئمپریالیزمی بەریتانی، هەر لە كەناڵی سویسەوە، بۆ ناوچەی جەبەل تاریق (كە خاوەن ئۆتۆنۆمی بوو و سەر بە ئیمبراتۆریەتی بەریتانیا بوو) و سەنگافورە، لە پێناو پاراستنی هێڵی دابینكردن كەل و پەل و پێداویستی بوو بۆ هندستان. زۆرێك لە كۆڵۆنی و ناوچە پارێزراوەكانی جیهان كە لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بوون لە سەدەی (19) بە چەشنێك دارێژرابوون كە ببنە وێستگەی دابینكردنی كەل و پەل و پێداویستیەكان لە هندستانەوە و بۆ هندستان.
بە كورتی، نەخشە و ئەندازەی ئیمبراتۆریەتی بەریتانی بە دەوری هندستاندا بنیاتنرابوو، هەر لەگەڵ لەدەستدانی هندستانیشدا، ئامانجی ئەو نەخشەیە كۆتایی پێهات. ناتوانرێت زیادەڕەوی بكرێت لە جەختكردنەوە لە سەر گرنگی مێژوویی هندستان. جاریكێیان لینین هندستانی شوبهاند بە خەزێنەی مرۆڤایەتی - كە ڕەنگە زیاد لە پێویست پێداگیری لەسەر گرنگیەكەی كردبێت، بەڵام ئەم پێداگیریە لەسەر گرنگی هندستان بۆ بەریتانیا زیادەرۆیی‌و پیاهەڵدان نەبوو.
لەبەر چەند هۆكارێك بەریتانیا دەستی لە هندستان هەڵگرت، ڕەنگە گرنگترینیان بازرگانی بێت: نرخ و باجی كۆنتڕۆڵكردنی هندستان زیاتر بوون لەو بەها و دەستكەوتانەی لەم كۆنتڕۆڵكردنەوە بەدەست دەهات. ئەمە بە دوو شێوە ڕوویدا. یەكەمیان باجی پاراستن و كۆنتڕۆڵكردنی ڕێگە ئاویەكان گەیشتنە ئاستێك بوونە ڕێگر. دوای جەنگی جیهانی دووەم، هێزی دەریای پاشایەتی زۆر دوور بوو لەوەی هێزێكی دەریای جیهانی بێت.
لەم كاتەدا وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا ڕۆڵەكەی گرتەدەست، كە هیچ بەرژەوەندیەكی نەبوو لە پاڵپشتی كردنی بەریتانیا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڕێگا دەریاییەكان. هەروەك لە قەیرانی سویسدا لە ساڵی 1956دا بەدی كرا، كاتێك بەریتانیا و فەڕەنسا هەوڵیاندا ڕێگری لە بڕیاری میسر بكەن بۆ خۆماڵیكردنی كەناڵەكە، وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئامادەنەبوو پشتگیری لە بەریتانیا بكات یاخود لە لایەنی دارایی گەیشتنی بەریتانیا بە كۆلۆنیەكانی لە ئەستۆ بگرێت هەروەها وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەم هەڵوێستەی خۆی بە ڕوونی لە جەنگی جیهانی (دووەمدا خستەڕوو).
دووەم، نرخ و تێچوونی كۆنتڕۆڵكردنی هندستان هەڵكشا. بزووتنەوە سیاسییە ناوخۆییەكان ناكۆكیەكیانیان لە هندستاندا بەرەو هەڵكشان برد، ئەمەش تێچوونی ئیستیغلالكردنی سەرچاوەكانی هندستانی زیاتر كرد. لەگەڵ گۆڕانی ئابووریدا، واقیعی جیۆپۆلەتیكیش گۆڕانكاری بەسەردا هات.
سەربەخۆبوونی هندستان بووە هۆی یەكگرتنی وڵاتەكە لە سایەی حكومەتێكی هیندی ڕاستەقینەدا. هەروەها سەری كێشا بۆ دابەشبوونێكی لاوەكی سیاسی نیمچە كیشوەرەكە. ئەو ناوچەیەی زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانن - هەرێمی دۆڵی ئیندۆس كە دەكەوێتە ڕۆژئاوا و باكووری ڕۆژئاوای بیابانی پارەوە، لەگەڵ حەوزی ڕووباری گانج - لە هندستان جیابوونەوە، وڵاتێكی دیكەیان پێكهێنا كە دواتر دووبارە دابەشبوونەوە بەسەر پاكستان و بەنگلادیشی ئەمڕۆدا. ئەم دابەشبوونەش بوو كە دواتر جیۆپۆلەتیكی هندستانی داڕشت.
زۆربەی كات پەیوەندیەكانی هندستان و پاكستان، پەیوەندیگەلێكی دوژمنكارانە بووە. بۆ ماوەیەكی دورودرێژ، ئەو هەستە لای هیندیەكان لە ئارادابوو، كە دەكرا جیابوونەوەی پاكستان ڕووی نەدایە. ئەم هەڵوێستە، لە پاڵ پێگەی نزمی جوگرافی، دیموگرافی (باری دانیشتوان) و ئابووری پاكستاندا، ئیسلام ئابادی ناچاركردووە تێكڕای سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر ئەو هەڕەشەیە بنیات بنێت كە لە هندستانەوە سەرچاوەی گرتووە. لە دەرئەنجامدا هەردو لایەنەكە، چوار جار شەڕیان لەگەڵ یەكدا كردووە، بە زۆری هۆكارەكە هەرێمی كشمیر بووە، كە لە یەكێكیاندا بووە هۆی جیابوونەوەی بەنگلادیش.
هەروەك پێشتر سەرنجدرا. جەوهەری خاكی هندستان بریتییە لە دەشتی باكووری حەوزی ڕووباری گانج. ئەم دەشتە لە خاكی پاكستانەوە جیادەبێتەوە، لە دۆڵی ئیندۆسەوە، تەنها بەهۆی خاكێكی بچوكەوە كە تێپەڕبوون پێیدا ئاسانە: كەمترە لە 200 میل هەردو ڕووبارەكە لێك جیادەكاتەوە. ئەگەر هندستان هەر خواستێكی هەبێت بۆ فراوانخوازی لە ڕووی خاكەوە، ئەوا دۆڵی ئیندۆس تەنها ڕێگاچارەیەك دەبێت كە لە بەردەستیدایە - هەموو ڕێگاكانی دیكە یان بە بەربەست كۆتاییان دێت، یان بە خاكە بێ پیتە نزیكەكان. لە هەمان كاتدا ئەوەی بەشێكی جەوهەری لە هزری پاكستان داگیركردووە، یاخود سەرقاڵكردوە، نزیكبوون - هەروەها گەورەیی قەبارەی - هندستانە. بەو پێە هەردولا گیرۆدەی ڕكابەرێتی كردنی یەكترن.

چین و دیواری هیمالایا
جگە لەم دوژمنایەتیە، هندستانی هاوچەرخ ڕووبەڕووی هەڕەشەگەلێكی وجودی( ئەو هەڕەشانەی مەترسین بۆ سەر بوون و مانەوەی هندستان) كەم بۆتەوە. لەو ئاڕاستەیەوە كە بریتییە لە دیواری شاخەكان، دوو دەوڵەت هەن، نیپاڵ و بۆتان، كە مایەی هیچ هەڕەشەیەك نین بۆ سەر هندستان. لە لایەكەی دیكەوە وڵاتی چین هەیە.
چین وەك سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هندستان لێكدراوەتەوە، هەروەها بە لێكدانەوەیەكی سادە دەتوانرێت ئەوە بخرێتەڕوو كە ئەگەری ئەوە هەیە ببنە ڕكابەرییەك, لەگەڵ ئەوەشدا هەرچۆنێك بێت، دەكرێت وا لێكی بدەینەوە كە هەر یەكە لە هندستان و چین لە هەسارەیەكدان. تەواوی سنوورەكانیان كەوتۆنەتە بەرزترین خاڵەكانی زنجیرە چیای هیمالایەوە.
مەحاڵە سوپایەكی گەورە بتوانێت لەو چەند دەروازە كەمەی لە ئارادایە شەڕبكات، هەروەها شتێكی تەواو مەحاڵە هیچ یەكێك لەم دوو وڵاتە بتوانن بۆ ماوەیەكی دورودرێژ سوپای خۆیان لەو شوێنەدا جێگیر بكەن. هەردوو وڵاتەكە بە چەشنێك لە ئاست یەكدا دیواربەندكراون كە تێكشكاندنی بۆنیە. تەنها پێكدادانێكی سەربازی نێوان هێزەكانی هندستان و چین، كە لە ساڵی 1962دا ڕوویدا - شەڕێكی بێئاكام بوو لەسەر چەند خاكێكی بەرزی سنووری لە شاخەكاندا - كە ئەو خاكانە بریتی بوون لە ویلایەتی هندستانی باكووری ڕۆژهەڵات ئۆتار برادیش و هەرێمی نزیك بە سنووری كشمیر ئاكسای تشین -.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ئاڵ و گۆڕێك بەسەر بار و پێگەی هەرێمی (تبت) دا بێت ئەوا ئەگەری گۆڕانگاری لە جیۆپۆلەتكیشدا دێتەئاراوە. ناوەندە سەرەكیەكانی دانیشتوانی چین بە دەوڵەت و هەرێمە بەربەستەكان دەورە دراون - مانكوریا، مەنگۆلیای ناوخۆیی، زینجیانگ و تبت. تاوەكو ئەم هەرێمانە لە ژێر كۆنتڕۆڵی چیندا بن، ئەوا خاكی سەرەكی چین لە بەرامبەر هێرشە زەمینیەكاندا پارێزراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر هەرێمی تبت سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت و ئەگەر هاوپەیمانێتی لەگەڵ هندستاندا بكات، ئەگەر ڕێگە بە هندستان بدات هێزێكی گەورە جێگیر بكات لە سەر خاكەكەی و ژێرخانێك بۆ هێنانی كەل و پەل و پێداویستی بنیات بنێت، ئەو كاتە - تەنها ئەو كاتە - هندستان دەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر چین.
هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە بۆ ماوەیەكی دورودرێژە هندستان پاڵپشتی دالای لاما و بزووتنەوە سەربەخۆییەكانی هەرێمی تبت دەكات، هەر ئەمەش تەفسیری ئەوە دەكات كە چین تاوەكو ئەم دواییانە ئەمەی بە هەڕەشەیەكی گەورە دەزانی. ئەگەر حكومەتێكی سەربەخۆی دۆستی هندستان لە هەرێمی تبت دروست بێت، ئەوا هەڕەشەی سەر چین هەڕەشەیەكی گەورە دەبێت. لەبەر ئەوەی نیودەلهی ڕێگاچارەی پشتیوانیكردنی لە سەربەخۆیی تبت بە كراوەیی هێشتەوە، ئەوا پەكین بەو شێوەیە لە هندستان دەڕوانێ‌ كە سەرقاڵی گەورەكردنی هەڕەشەیەكە بۆ سەر وڵاتەكەی.
چینیەكان ویستیان هەڕەشەگەلێكی هاوشێوە لە هندستاندا پەرە پێبدەن، بە تایبەتی لە ڕێی یاخیبوونی ماوییەكانەوە. هیندییە ماوییەكان و نیپاڵییە ماوییەكان لە لایەن پەكینەوە پشتگیری كراون، ئەگەرچی ئەو پشتیوانیەش بە هەمان ئاستی ڕابردوو نەماوەتەوە. چین بەرژەوەندیەكانی لەدەستدا لە پشتگیریكردنی بوونی بزووتنەوەیەكی ماوی توندوتیژخواز، بەڵام هێشتا بەرژەوەندییان لە هێشتنەوەی دەستڕۆیشتویان هەیە لە نیپاڵدا، كە تێیدا بەم دواییە ماوییەكان لە ڕێی دەستكەوتەكانی هەڵبژاردنەوە هێز و دەسەڵاتی خۆیان زیادكرد. ئەمە كاردانەوەی چینە بەرامبەر سیاسەتی هندستان لە ئاست تبتدا.
بەڵام ئەم كارە بۆ هەردوو وڵاتەكە تەنها پەرژین دروستكردنە و هیچی دیكە. هیچ یەكێك لەم دوو دەوڵەتە لە پێگەیەكی سەربازی دانین بتوانن ئەم دەرفەتە بەكار بهێنن. جێگیركردنی هێزێكی زۆر لە تبتدا بۆ رووبەرووبوونەوەی سوپای ڕزگاری گەلی چین لە سەرووی توانای سەرچاوەكانی هندستانەوەیە، هەروەها ئامانجێكی كەمیش بەدی دەهێنێت. بەكارهێنانی نیپاڵیش بۆ ئەوەی لە ڕێیەوە هندستان داگیربكرێت، بە هەمان شێوە سەخت و بێ ئاكام دەبێت بۆ پەكین. لەم ڕوانگەیەوە و لەم ساتەوەختەدا، دوژمنایەتیەكی جیۆپۆلەتیكی لە نێوان هندستان و چیندا نیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمانە خاڵی بەریەككەوتن دەبن، ئەگەر لە داهاتوویەكی دووردا ئەم دوژمنایەتیە ڕووبدات.

ڕوسیا، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پاكستان
لە حاڵەتی نەبووی هەڕەشەگەلێكدا، ئەوا تێڕوانینی ستراتیجی هندستانی هاوچەرخ لە ژێر كاریگەری ڕوانگە و تێزەكانی شەڕی سارد و پاشماوەكانی ئەو شەڕەدا دارێژراوە. گرنگترین پەیوەندی ستراتیجی هندستان دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە بەریتانیا لە ساڵی 1947دا، بریتیبوو لە دروستكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتدا. چەند لێكنزیكیەكی ئایدۆلۆجی سنوردار لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرژەوەندی نەتەوەیی بنەڕەتی هندستان لە ماركسیزمدا نەبوو، بەڵكو لە پێكهێنانی دەوڵەتێكدا بوو كە پارێزراو بێت لە شەپۆلی نوێی ئیمپریالیزم. ئەمریكی و سۆڤیەتیەكان لە ململانێیەكی جیهانی گەورەوە تێوەگلابوون، بە شێوەیەكی حەتمیش هندستان نرخەكە بوو. نرخێك بوو كە سۆڤَیەتیەكان نەیاندەتوانی بە ئاسانی بەدەستی بهێنن: سۆڤیەتیەكان نە ڕێگایەكی وشكانیان هەبوو بەرەو هندستان و نە دەیانتوانی لە ڕێی دەریاوە پێیبگەن.
بەرهەحاڵ، وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەو هێزە دەریاییەی هەبوو. هیندیەكان باوەڕیان وابوو (هۆكاری ڕەوا هەبوو بۆ ئەم باوەڕە) كە ڕەنگە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەوڵی جێگرتنەوەی بەریتانیا بدات وەك هێزێكی دەریایی جیهانی، ئەو بەرەوپێشچوونەی ڕەنگە هندستان بخاتە بازنەی سەرنجەكانی واشنتۆنەوە.
هندستان هەموو ئەو هۆكارانەی لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا بەدی كرد كە بوونە هۆی كێشكردنی بەریتانیا بەرەو ئەو وڵاتە. لە شوێنی دیكەدا، هندستان بەو شێوەیە لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای دەڕوانی كە هەم كار بۆ خێراكردنی ڕەوتی لەبەریەكهەڵوەشانی ئیمبراتۆریەتی ئەوروپی دەكات و هەم هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە دەدات كە لە دوای ئەم لێكترازانەوە دروست دەبێت.
هندستان خوازیاری ئەوە نەبوو ئەمریكیەكان جێی بەریتانیەكان بگرنەوە - بەرژەوەندییە بنەڕەتیەكانی بریتی بوون لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و یەكگرتوییەكی ناوخۆیی. بە چاوپۆشین لە نیەتی ئەمریكا - كە هندستان پێی وابوو نیازێكی تەم و مژاوییە - توانای ئەمریكیەكان توانایەكی ڕاستەقینە بوو، بەو پێیە هەر لە سەرەتاوە هندستان هەوڵی ڕاگرتنی دا.
بە لای هندستانەوە، چارەسەرەكە گرێدانی پەیوەندی بوو لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتدا، ئەگەر نەڵێین هاوپەیمانێتیەكی تەواو. سۆڤیەتیەكان دەیانتوانی یارمەتی ئابووری بۆ هندستان دابین بكەن لەگەڵ كەل و پەلی سەربازیدا، بە هەمان شێوە چەترێكی ناووكیش بوون بۆ هندستان (یاخود بەلای كەمەوە دەیانتوانی لە بواری تەكنیكی ناووكیەوە هاوكاری بكەن).
پەیوەندیەكان لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتدا پەیوەندیگەلێكی زۆر باش بوون، لەبەر ئەوەی ئەو ڕاستیەیان لەبەرچاو بوو كە سۆڤیەتیەكان ناتوانن هندستان بكەنە دەوڵەتێكی پاشكۆی خۆیان. هەرچۆنێك بێت لە گۆشەنیگای ئەمریكاوە پەیوەندی نێوان هندستان و یەكێتی سۆڤیەت سەرچاوەی هەڕەشەیەكی جیددی بوو. وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پێی وابوو ئەمە دەبێت مایەی هەڕەشە بۆ سەر گەیشتنی ئەمریكا بە ئۆقیانوسی هیندی و بۆ سەر هێڵی گواستنەوە و دابینكردنی كەل و پەل بۆ كەنداوی فارس.
ئەگەر بنكەگەلێكی دەریایی لە هندستاندا بدرێت بە یەكێتی سۆڤیەت، یاخود ئەگەر هندستان بتوانێت هێزێكی دەریایی گەورە دروست بكات، بە چەشنێك توانای هەڕەشەكردنی هەبێت لە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و ئامادەبێت بە هەماهەنگی كار لەگەڵ سۆڤیەتیەكاندا بكات، ئەوا دەبێتە سەرچاوەی هەڕەشەیەكی ستراتیجی جیددی بۆ سەر وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.
لە كۆتاییەكانی ساڵانی پەنجاكان و سەرەتای ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا، وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ڕووبەروِوی چەندین تەحەدای جیددی بۆوە. بەریتانیەكان سەنگافورەیان جێدەهێشت و بزووتنەوە سەربەخۆخوازەكانی ئەندەنونیسیا لە ژێر كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی گەورەی سۆڤیەتیەكاندا بوون.
میسریەكان، بەو پێیە كەناڵی سویسیش، بەرەو كەمپی سۆڤیەت دەچوون. ئەگەر هندستان ببوایە بە هێزێكی دەریایی دۆستی سۆڤیەت، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەبوو بە یەكێك لەو لایەنانەی سنووری باشووری ئاسیا كە هەڕەشە دەبوو بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا. ئەمریكیەكان ناچاربوون لە تێكڕای ناوچەكەدا چالاك بن، بەڵام پێویستییان بەوە بوو زۆر بە خێرایی مامەڵە لەگەڵ هندستاندا بكەن.
ڕێگاچارەی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بوو لەگەڵ پاكستاندا. ئەمەش خزمەتی بە دوو ئامانج كرد. یەكەم، بووە هۆی هێنانە ئارای پارسەنگێك بۆ میسری ناسری و بۆ نەتەوەخوازی چەپڕەوی عەرەب. دووەم، ئەگەری ئەوەی لێدەكرا ببێتە سەرچاوەی هەڕەشەیەكی زەمینی بۆ سەر هندستان. ئەمەش دەبووە هۆی پەرتكردنی سەرنجی هندستان لە بنیاتنانی هێزێكی دەریایی بۆ دروستكردنی هێزە زەمینی و ئاسمانیەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پاكستاندا. بۆ پاكستان، كە لە ڕووی جوگرافییەوە دابڕابوو و رووِبەروِوی هندستان و ڕوسیا دەبوۆە، پەیوەندی بەستن لەگەڵ وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا خزمەتێكی پێشبینەكراوبوو بە بەرژەوەندیەكانی هەروەها ئەمە دۆخێكی جوگرافی ئاڵۆزی خوڵقاند.
یەكێتی سۆڤیەت هاوسنوور نەبوو لەگەڵ پاكستاندا - هەردوو وڵاتەكە بەهۆی خاكێكەوە لێكدابڕاون كە پانتاییەكی بەرتەسك و درێژە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان كە بە ڕێڕەوی واكان ناسراوە. سۆڤیەتیەكان نەیاندەتوانی هەڕەشەیەكی جیددی بن بۆ سەر پاكستان لەم ئاڕاستەیەوە، بەڵام پەیوەنیدیەكانی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ پاكستاندا بایەخدانی بە ئەفغانستانی كردە بەرژەوەندیەكی هەمیشەیی یەكێتی سۆڤیەت ( بە هاندانێكی تەواوی هندستان، كە ویستی پاكستان بكەوێتە نێوان دوو بەرداشەوە ). سۆڤیەتیەكان تاوەكو كۆتایی ساڵی 1979 بەرەو ئەفغانستان پێشڕەوییان نەكرد، بەڵام پێشتر هەوڵیاندا كاریگەربن بەسەر ئەو ئاڕاستەیەی ئەفغانستان دەیگرێتەبەر - دوای ئەم پێشڕەویكردنەش بوونە سەرچاوەی هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر پاكستان.
لە لایەكی دیكەوە چین، هاوسنوور بوو لەگەڵ پاكستاندا و پەرەی بە بەرژەوەندیەكانیدا لەو ناوچەیەدا. ئەو پێكدادانەی كە پێشتر ئاماژەمان پێكرد و لە هیمالایا ڕوویدا، تەنها هندستان و چین تێوەنەگلان. هندستان و چین هەردووكیان خۆیان بە هاوپەیمانی سۆڤیەت دەزانی. ئەوەی لەو كاتەدا باش نەدەزانرا ئەوەبوو كە پەیوەندیەكانی سۆڤیەت وچین خراپ و ئاڵۆز ببوون.
چینیەكان زۆر بە گومانەوە لە نیەتی سۆڤیەتیەكانیان دەڕوانی و هەروەها بەو شێوەیە لە پەیوەندیەكانی نێوان هندستان و سۆڤیەتیان دەڕوانی كە ئەگەری ئەوەی لێدەكرا ببێتە هاوپەیمانێتیەك دژی چین بە چەشنی ئەمریكیەكان، چینیەكان نیگەران بوون لە ئاست پەیوەندیەكانی هندستان و یەكێتی سۆڤیەتدا.
بەو پێیە چینیش كاری بۆ یارمەتیدانی پاكستان كرد. ئەوە دۆخێك بوو بە چەشنی جوگرافیای ناوچەكە ئاڵۆسكابوو، كە چینی ماوی و وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پشتگیری دیكتاتۆریەتی سەربازی پاكستانیان دەكرد و یەكێتی سۆڤیەتیش پاڵپشتی لە هندستانی دیموكراتی دەكرد.
لە ڕوانگەی هندستانەوە، سنووری نێوان چین و پاكستان، كە ئەویش هەرێمی كشمیرە بوو- بووە پرسێكی ستراتیجی هەستیار بۆ بەرژەوەندیە نەتەوەییە بنەڕەتیەكانی. تاوەكو هندستان بەشێكی زیاتری هەرێمی كشمیری بەدەستەوەبێت، ئەوا پەیوەندیەكانی پاكستان وچین كەمتر بەسوود دەبن. پەیوەستبوونی سۆزداری هندستان بە كشمیرەوە هەرچیەك بێت، ئەوا كۆنتڕۆڵكردنی بەشێكی كشمیر لە لایەن هندستانەوە دەبێتە هۆی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو تەوەرەی كە ئەگەری هەڕەشەی پاكستانی لێدەكرێت و سنوورێكیش بۆ یارمەتیدانی چین دادەنێت، بەو پێیە، كشمیر دەبێتە پرسێكی ستراتیجی و ئایدۆلۆژی بۆ هندستان.
هاوپەیمانێتیە گۆڕاوەكان و بەرژەوەندیە بەردەوامەكان
لە ساڵی 1992دا دۆخە ستراتیجیەكەی هندستان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات: یەكێتی سۆڤیەت هەرەسی هێنا، هندستانیش پارسەنگی خۆی لە ئاست وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا لەدەستدا. هندستان نائاسودەبوو بە جیهانێك كە هیچ هێزێكی نەبوو هاوسەنگیەك لەگەڵ وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دروست بكات، هەروەها لەبەر ئەوەی لە خودی خۆیدا هیچ ڕێگاچارەیەكی لەبەردەستدا نەبوو، ئەوا پتر تەركیزی لەسەر ناوخۆكرد و پتر بە وریاییەوە هەنگاوی نا. بە نیگەرانییەوە لە سەرهەڵئەدانی حكومەتی تاڵیبانی دۆستی پاكستانی دەڕوانی لە ئەفغانستاندا - ئەمەش جێی هاوپەیمانێتی سۆڤیەت - هندستانی گرتەوە - بەڵام ئەو هێز و دەسەڵاتەی نەبوو كە هیچ كارێكی گەورە ئەنجام بدات. خەمساردی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و پەیوەندیە بەردەوامەكانی لەگەڵ پاكستاندا جێی گیروگرفت بوون بۆ هندستان.
ساڵی 2001 ساڵی ڕەوینەوەی تەم و مژ بوو كە تێیدا دووبارە هاوسەنگیە گۆڕا. هێرشی ئەلقاعیدە بۆ سەر ئەمریكا، وڵاتە یەكگرتوەكانی دووچاری ناكۆكی كرد لەگەڵ تاڵیباندا. لەهەمووی گرنگتر، پەیوەندیەكانی ئەمەریكا و پاكستانی بە ڕادەیەك گرژ و ئاڵۆز كرد كە زۆری نەمابوو ئەو پەیوەندیانە بپچڕێن.
ئەو هەڕەشانەی گروپە كشمیریەكان دەیانسەپاند بەسەر هندستاندا، هاوشێوەی ئەو هەڕەشانە بوون كە ئەلقاعیدە روِوبەڕووی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایان دەكردەوە. لە پڕێكدا بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و هندستان یەكیان گرت. هەردوولا ویستیان پاكستان پتر توندبێت لەگەڵ گروپە ئیسلامیە ڕادیكاڵەكاندا. هیچ لایەكیشیان خوازیاری بەرەوپێشبردنی چەكی ناووكی پاكستان نەبوون. هەردوولا خۆشحاڵ بوون كە داواكاری زیاتر ڕووبەڕووی پاكستان بكەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕیزبەندی نوێی پەیوەندیەكانی ئەمریكا و هندستان بەرجەستەی گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی نەبوون لە جیۆپۆلەتیكی هندستاندا. هندستان بەردەوام وەك دورگەیەك ماوەتەوە كە بە زنجیرە شاخێك دەورە دراوە. بەرژەوەندیە بنەڕەتیەكەی وەك هەمیشە لە پاراستنی یەكێتیەكەیدا دەمێنێتەوە، كە هەمیشە ئەم یەكێتیەش لە مەترسیدایە بەهۆی جوگرافیای ناوخۆی نیمچەكیشوەرەكەوە. لە ناو دورگەكەدا و لەگەڵ خۆیدا یەك دوژمنی هەیە، بەڵام دوژمنێك مایەی هەڕەشەیەكی گەورە نیە - هیچ مەترسیەك نیە لەوەی نەوەیەكی نوێ لە پاشا موسڵمانەكان لە پاكستانەوە بێن و دەشتی هندستان داگیربكەن.
لە ڕووی میسالیەوە، نیودەلهی پاكستانێكی پارچە پارچەی دەوێت، یاخود بەلای كەمەوە پاكستانێك كە بتوانێت كۆنتڕۆڵی بكات. لە پێناوی ئەم ئامانجەدا، لەگەڵ هەر هێزێكدا كار دەكات كە بەرژەوەندیەكی هاوبەشی لەگەڵیدا هەبێت و ئەو هێزەش بەرژوەندیی لە داگیركردنی هندستاندا نەبێت. لەم ساتەوەختەدا ئەم هێزە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە.
هندستان لەگەڵ شەپۆلەكەدا دەڕوات، بەڵام لە ئەنجامی بەسەرخۆدا داخرانی بە هۆی شاخەكانەوە، ئەو هەست بە كاریگەریەكی كەمی شەپۆلەكە دەكات. هندستان لە دەرەوەی ناوچەكەی، هیچ بەرژەوەندیەكی ستراتیجی نیە - هەرچەندە خۆشحاڵ دەبێت بە جیابوونەوەی تبت لە چین، بە مەرجێك ئەم كارە هیچ مەترسیەك بۆ سەر هندستان دروست نەكات، هەروەها هەمیشە بایەخ بە ئەگەری زیادكردنی هێزە دەریاییەكەی دەدات ( بەڵام نەك لەسەر حسابی دووبارە داڕشتنەوەی ئابووریەكەی بە شێوەیەكی گەورە ). هەمیشە سەرچاوەی بەرژەوەندیە بنەڕەتیەكانی هندستان لە ناوخۆدایە - لە بەرژەوەندی، گروپ و هێزە ناوچەییە بێكۆتایی و گۆڕاوەكانیدا. كۆماری هاوچەرخی هیندی حكومڕانی هندستان دەكات. ئەم ڕاستیەش لە هەر ڕاستیەكەی دیكەی هندستان گرنگترە.

سەرچاوە/ ستراتفور

• بوتان: مەملكەتێكە لە شاخەكانی هیمالایا لە نێوان هیند و چیندا، پایتەختەكەی تمفووە ( كە بە تهیمیهو دەخوێندرێتەوە). ناوەكەی بە زمانی ڕەسمی خۆیان "زیو یو"ە و بە مانای " وڵاتی ئەژدیها" دێت.
• كەنداوی بەنگال: ئەو كەنداوەیە كە بەشی باكووری ڕۆژهەڵاتی نمیچەكیشوەری هندستان پێكدەهێنێت وشێوەیەكی سێگۆشەیی هەیە.
• هندوكوش: ناوچەیەكی شاخاوییە لە ڕۆژهەڵات و ناوەندی ئەفغانستان و باكور - رۆژئاوای پاكستاندا
• پامیر، زنچیرە شاخێكە لە ئاسیای ناوەڕاستدا
• كاراكۆرام، زنجیرە شاخێكی گەورەیە كەوتۆتە نێوان هندستان، پاكستان و چینەوە