جیۆپۆلەتیكی پەتا

Oct 09 2018

جیۆپۆلەتیكی پەتا

شرۆڤه‌

وەرگێران:
هەواڵەكە لە مەكسیكەوە بڵاوبوەوە كاتێك مردنی 150 كەس ڕاگەیینرا كە گومان دەكرا هۆكاری مردنەكە بەهۆی جۆرێكی نوێی ئەنفلونزاوە بێت كە بە ئەنفلونزای بەراز ناسراوە.
ئەو زانایانەی تاقیكردنەوەیان لەسەر ئەم ئەنفلونزایە كردووە ڕایان گەیاند جۆرێكی نوێیە (H1N1) كە لە بەشێكیدا لە ئەنفلونزای بەراز، لە بەشێكی دیكەدا لە ئەنفلونزای مرۆڤ و لە بەشێكی دیكەیدا لە ئەنفلونزای باڵندەوە دروست بووە (هەرچەندە هەندێ گومان هەیە لە بارەی ڕاست و دروستی ئەم لێكدانەوەیەوە). بڵاوكردنەوەی ئەم دوو زانیاریە بە دوای یەكدا ترس و نیگەرانیەكی جیهانی خوڵقاند.
ئەم ترسە سێ ڕەهەندی هەیە: یەكەم, بۆ سروشتی جیهانی ئەم نەخۆشیە دەگەڕێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەنفلونزاكان بە ئاسانی بڵاودەبنەوە و هۆكارە هاوچەرخەكانی گواستنەوەش لەخۆگرتنی ئەم نەخۆشیە دەكەنە شتێكی مەحاڵ. دووەم، نیگەرانی ئەوە هەبوو كە ئەم نەخۆشیە ڕێژەیەكی زۆری مردن بخاتەوە. سێیەم، ترس و دڵەڕاوكێیەكە بۆ ئەو ڕاستیە دەگەڕایەوە كە ئەم نەخۆشیە ئەنفلونزا بوو.
هەواڵی ئەم جۆرە نوێیەی ئەنفلونزا یادەوەری ساڵانی1918-1919 وروژاندەوە دەربارەی پەتای ئەنفلونزا، ئەو دڵەڕاوكێیەی دروست كرد كە ئەگەری دووبارە بوونەوەی "ئەنفلونزای ئیسپانی" لە ئارادایە كە لە كۆتایی جەنگی جیهانی یەكەمدا بڵاوبوەوە. لەوەش زیاتر، ئەو ترسەی لە بارەی ئەنفلونزای باڵندەوە هەبوو هەستی پڕ مەترسی و نیگەرانی دروست كرد - هەستی ئەوەی تەشەنەكردنێكی كارەساتئامێزی ئەم پەتایە لە ئان و ساتدایە.
دوای چەند ڕۆژێك لە هەواڵی توشبوون بەم حاڵەتە، هەواڵی نەخۆشیەكە لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەوە. ئەو ڕاستییە ڕوون بوو كە نەخۆشیەكە لە تەشەنەكردندایە و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO قۆناغی (5)ی ئاگاداركردنەوەی بڵاوكردەوە لە بارەی ئەم پەتایەوە.
قۆناغی (5)ی ئاگاداكردنەوە (دوایین هەنگاوە پێش ئەوەی بە ڕەسمی بڵاوبوونەوەی پەتاكە ڕابگەیێنرێت، ئەو هەنگاوەی پێشبینی دەكرێت لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕابگەیێنرێت) بەو مانایە دێت كە بڵابوونەوەی پەتایەكی جیهانی لە ئان و ساتدایە و ڤایرۆسەكەش توانای خۆی سەلماندووە كە بە بەردەوامی لە مرۆڤێكەوە بۆ مرڤێكی دیكە دەگوازرێتەوە و دەگاتە شوێنە جوگرافیە جیاوازەكانیش.
بەڵام ئەمە پێوەری كوشندەیی نیە، بەڵكو پێوەری بڵاوبوونەوەیەتی، ئەگەرچی پەتاش تەنها پەیوەست نیە بە كوشندەترین نەخۆشیەكانەوە.
"پەتا" نەك ....
لە زانستی پزیشكیدا، دەستەواژەی"پەتا" ئاماژە بە نەخۆشیەك دەكات كە پانتاییەكی جوگرافی فراوان و ژمارەیەكی یەكجار گەورەی خەڵك بگرێتەوە. بەڵام ئەم دەستەواژەیە بە هیچ شێوەیەك مەترسییە بەرفراوانەكانی ئەم نەخۆشیە لەسەر كۆمەڵگە لەبەرچاوناگرێت.
كێشەكە ئەوەیە زۆربەی خەڵك شارەزاییەكی پزیشكییان نیە. كاتێك ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دەبەستێت و لە لایەن تێكڕای كەناڵەكانی جیهانەوە دەگوازرێتەوە، ئەوا ڕاگەیاندنی ئاستی (5)ی بڵاوبونەوەی پەتا بە مانای كارەساتێكی جیهانی دێت، ئەگەرچی شارەزایان - هەروەها حكومەتەكانیش لە سەرتاسەری جیهاندا - هەوڵ ئەدەن هاوسەنگیەك لە نێوان هێوركردنەوی ترسی هاوڵاتیان و خۆئامادەكردن بۆ خراپترین سیناریۆ ڕابگرن.
هۆكاری خۆئامادەكردن بۆ خراپترین ئەگەر ئەوەیە كە ئەمە پەتایە و ڕوون نیە ڕەوت و دەرئەنجامی بڵابوونەوەكەی چۆن دەبێت، هەروەها زانیارییە باوەڕپێكراوەكان زۆر كەمن لەم ڕووەوە. لە ڕاستیدا، بۆی هەیە ئەم جۆرە نوێیە بگۆڕێت بۆ جۆرێكی كوشندەتر و دووبارە لە پاییزی ساڵی 2009-2010دا سەرهەڵبداتەوە كە وەزری ئەنفلونزان.
هەروەها نیگەرانی ئەوە لە ئارادایە كە چۆن قوربانیەكانی ئەم نەخۆشیە كەسانێكی گەنج و خاوەن تەندروستی باشن كە تەمەنیان لە خوار 45 ساڵیەوەیە - هەروەك لە زانیاریەكانی سەرەتادا دەربارەی توشبووەكانی وڵاتی مەكسیكەوە دەركەوت، هەروەها دەتوانین سەرنجی ئەم ڕاستیەش بدەین لەو زانیاریانەی پەیوەستن بە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە. بە هەمان شێوە ئەمە بەشێكە لەو جۆرە پەتایەی لە ساڵی 1918دا بڵاوبووەوە. ( بە پێچەوانەی ئەنفلونزای وەرزییەوە كە زیاتر لە نێو بەساڵاچووان و مناڵاندا كوشندەیە ئەوانەی مەناعەیەكی لاوازیان هەیە.)
بەڵام دوای چەند ڕۆژێك لە سەرهەڵدانی، دەركەوت ئەم ئەنفلونزایە جیاوازە لەئەنفلونزای ئاسایی. لە كۆتایی ئەو هەفتەیەی كە سەری هەڵدا، ڕاستیە مەترسیدارەكان دەركەوتن، لە كاتێكدا كە زیاتر لە 100 حاڵەتی مردن هەبوو لە وڵاتی مەكسیك كە گومان دەكرا بەهۆی ئەم جۆرە نوێیەی ئەنفلونزاوە بێت، بەڵام تەنها 20 حاڵەتی توشبوون دەستنیشان كران كە پەیوەست بوون بەم نەخۆشیەوە.
سەرچاوەكانی ستراتفۆر كە پەیوەستن بە پشكنینی ئەم جۆرە نوێیەی ئەنفلونزاوە ئەوە دەخەنەڕوو كە ئەو شیكردنەوانەی لە سەرەتادا بۆ ئەم جۆرە نوێیەی ئەنفلونزا كران، لە ڕاستیدا شیكردنەوەگەلێكن هەڵەبوون، هەروەها ئەوە دەخەنەڕوو كە ڕەنگە ئەنفلونزای بەراز لە بنەڕەتدا لە ساڵی 1998دا لە كێڵگەیەكی بەخێوكردنی بەرازدا لە "نیو كارۆلاینا"دا بڵاوبوبێتەوە. ئەم زانیاریە دووبارە ئەو پرسیارە دەوروژێنێتەوە كە چی هۆكاری كوشتنی ئەو كەسانە بووە كە هۆكارەكانی دراونەتە پاڵ ئەنفلونزای بەراز.
لە كاتێكدا تێگەشتێنێكی كەم هەیە لە بارەی وردەكاریەكانی ئەم جۆرە نوێیەوە، بەڵام بە گشتی ئەنفلونزا فۆرمێكی دیاری كراوی هەیە. ئەو ڤایرۆسەیە كە كاریگەری لە سەر كۆئەندامی هەناسە دەبێت، بە تایبەتی سییەكان.
لە كوشندەترین حاڵەتیدا دەكرێت كاریگەری لاوەكی دیكەی هەبێت - لەم حاڵەتەدا زیاتر كاریگەری بەكتریاییە نەك ڤایرۆسی - كە سەردەكێشێت بۆ هەوكردنی سییەكان.
لە زیانبەخشترین حاڵەتەكانی ئەنفلونزادا، ئەوەیە هەندێ جار بە ڕەوتێكی زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە و ئاكامەكەی بریتی دەبێت لە ڕێژەیەكی بەرزی مردن.
ئەنفلونزا ئەو نەخۆشیە نیە كە درێژەبكێشێت و دواتر توشبووان بكوژێت - واتە ئەو نەخۆشیە نیە كە توشبووەكان بهێڵێتەوە، یاخود دووچاری ئەو كەسانە بێت كە سیستمی خۆپارێزییان"مناعە" بە ئاسانی بشكێنرێت.
ساڵانە نزیكەی نیو ملیۆن خەڵك (زۆربەیان لەو گروپانەن كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێكردن) لە سەرتاسەری جیهاندا دەمرن بەهۆی جۆرە باوەكانی ئەنفلونزاوە، سەنتەری كۆنتڕۆڵكردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشی ژمارەی حاڵەتەكانی مردن بەهۆی ئەنفلونزاوە لە ئەمریكا بە 36,000 كەس دادەنێت لە ساڵێكدا.
ئەوەی تا ئێستا ڕوویداوە - ئەوانەی پەیوەستن بەم ئەنفلونزا نوێیەوە- ئەو ترس و نیگەرانیەمان دەخاتەوە یاد كە لە ساڵی 2005دا بەهۆی ئەنفلونزای باڵندەوە سەریانهەڵدا.
لە حاڵی حازردا، زۆرێك لە حكومەتەكان لەبری هێوركردنەوەی ئەم نیگەرانیانە، پتر ئاڵۆزیان دەكەن. لەم ساتەوەختەدا ستراتفۆر هۆكارێكی كەم بەدی دەكات بۆ ئەوەی بارودۆخەكە ئاڵۆز و گرفتئامێز بێت.
لە كۆتاییدا، لە ماوەی ڕابردوودا ئەو ڕاستیە ڕوون بووەوە كە دەكرێت دەستەواژەی"پەتا" بۆ حاڵەتی توشبوون بە سەرمایەكی سەخت، هەروەها بۆ تاعوونیش بەكاربێت كە دەبێتەهۆی قڕكردنی ملیۆنەها كەس.

تەنگژە ڕاستەقینەكە
حاڵەتەكانی ئەم دواییەی ئەنفلونزای بەراز ئەو پرسیارانە دەوروژێنێت كە چۆن جیهان ڕووبەڕووی پەتایەكی كوشندە دەبێتەوە كە ئاكامی گەورەی لێبكەوێتەوە. وەڵامەكە دوو بەشە، چۆن نەخۆشیەكە كۆنتڕۆل دەكرێت و چۆن چارەسەر دەكرێت.

بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە
ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا جگە لە مرۆڤ لە دوو گیانەوەری دیكەدا هەیە، بەراز و باڵندە. مێژووی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە لە نێو ئەم سێ گیانەوەرەدا. ئەم نەخۆشیە بە ئاسانی لە بەرازەوە بۆ باڵندە، لە بەرازەوە بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە، ئەمە بە بەراورد بە گواستنەوەی لە باڵندەوە بۆ مرۆڤ، كە ئەمەی دواییان زەحمەتترە.
گواستنەوەی ئەم نەخۆشیە لە نێو ئەم بوونەوەرەدا جێی نیگەرانیە. بە دەربڕین و دەستەواژەیەكی سادەتر، ڤایرۆسەكان توانای یەكگرتنیان هەیە (بۆ نموونە، دەكرێت ئەنفلونزای مرۆڤ و ئەنفلونزای باڵندە یەكبگرن و ئەنفلونزایەكی دوڕەگ دروست ببێت). دەرئەنجامەكەی سەرهەڵدانی ئەنفلونزایەك دەبێت كە بۆ مرۆڤەكان دەگوازرێتەوە - بەڵام حاڵەتە پزیشكیەكە بە ڕوونی ئاماژە بە ئەنفلونزای باڵندە دەكات- ئەمەش بەو مانایە دێت كە سیستمی مەناعەی مرۆڤ هەست بە توشبوون بەم ئەنفلونزایە ناكات. ئەمەش مرۆڤ لەو توانایە دادەماڵێت كە سیستمی مەناعەی بە شێوەیەكی خێرا هەڵبستێت بە دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە و خۆی بۆ ڕووبەڕبوونەوەی ئامادە بكات.
ئەو ئەنفلونزا نوێیەی لە نێو مرۆڤەكاندا دەگوزارێتەوە لەو شوێنانەدا دۆزرانەتەوە كە مرۆڤ، بەراز/مریشك زۆر نزیك لەیەك ژیاون- بە تایبەتی لە ناوچە كشتوكاڵیەكاندا كە مرۆڤ و ئاژەڵەكان نزیك لەیەك دەژین.
ناوچە كشتوكاڵیەكانی ئاسیا كە دانیشتوانێكی چڕی و كێڵگەگەلێكی تا ڕادەیەك بچوكیان هەیە و بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەكی دورودرێژ بەریەككەوتن ڕوودەدات لە نێوان مرۆڤ و ئەم گیانەوەرانەدا، لە ڕووی مێژووییەوە بوونەتە ئەو ناوچانەی كە ئەنفلونزا لە ئاژەڵەكانەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤەكان و دواتر گۆڕاون بۆ ئەو ئەنفلونزایانەی بەهۆی بەریەككەوتنی ئاسایی مرۆڤەكانەوە گواستراونەتەوە.
لە ڕاستیدا، نیگەرانی ئەوە لە ئارادا بووە كە ئەم ناوچانە ببنە سەرچاوەی تەشەنەكردنی ئەنفلونزای باڵندە. بەڵام ئەم جارەیان تەشەنەكردنەكە لە مەكسیكەوە سەرچاوەی گرت ( هەرچەندە هێشتا ڕوون نیە ئایا لە بنەڕەتدا ئەم ڤایرۆسە لەم وڵاتەوە سەری هەڵداوە یان نا).
ئەمە گرنگیەكی بنەڕەتی هەیە بۆ تێگیشتن لەم ئەنفلونزایە. لەبەر ئەوەی پێدەچێت تا لە سەرەتادا ڕادەیەك ئەنفلونزایەكی سووك بێت، ئەگەری ئەوە هەیە پێشتر لە جیهاندا بوونی هەبوبێت - خەڵكی دووچاری ئەنفلونزایەكی سووك كردبێت، بەڵام تاوەكو لە مەكسیك سەری هەڵنەدا و وەك ڤایرۆسێكی نوێ دەرنەكەوت ڕاستیەكە ئاشكرانەبوو. هەروەها ئاشكرابوونی هاوكاتی ئەم جۆرە نوێیە لە چەند شوێنیكدا، كە هاوشان بوو بە زنجیرەیەك حاڵەتی مردن، سەریان كێشا بۆ سەرهەڵدانی ئەو تەنگژەیەی ئەم دواییە.
هەركاتێك ئەم هەڕەشانە دەستنیشان كرابێتن، ئەوا لەوە دەرچوونە بتوانرێت كۆنترۆڵا بكرێن. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو هۆكارانەی گواستنەوە كە لە جیهانی ئێستادا هەن، ئەوا ڤایرۆسەكان بە ئاسانی دەگوزارێنەوە بۆ شوێنی نوێ پێش ئەوەی لەو شوێنەدا دەستنیشان بكرێن كە كەسەكە دوووچاری بووە، ئەم ڤایرۆسەی ئێستا نموونەیەكی ڕوونە لەم بارەیەوە.
پێدەچێت - هەرچەندە هێشتا دڵنیانین لەم زانیاریە- ئەم ڤایرۆسە لە بنەڕەتدا لە ناوچەی ڤێراكرۆز لە مەكسیك سەرچاوەی گرتبێت. لە ماوەی دوو ڕۆژدا كە حكومەتی مەكسیك ئاگاداری بڵاوكردەوە لەم بارەیەوە، ئەم ڤایرۆسە ئەوەندە بڵاوبووەوە كە گەیشتبووە نیوزیلاندا. دوای یەك هەفتە، حاڵەتەكە بە تەواوەتی لە مەكسیك دابڕابوو، لەبەر ئەوەی لە پێنج كیشوەردا حاڵەتی توشبوون بەم ئەنفلونزایە لە ئارادابوو.
لە هەمو حاڵەتەكاندا، ئەم "بڵاوبوونەوە"یە كەمتر پەیوەست بوو بە ئاشكراكردنی ئەو شوێنانەی ئەم ڤایرۆسەی تێدا بڵاوبوەوە، بەڵكو زیاتر پەیوەندی بەو ناوچە و شوێنانەوە هەبوو كە ڕەنگە پێشتر بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك یان چەند مانگێك دووچاری ئەم ڤایرۆسە ببوون (هەرچەندە ئەو كەسانەی یەكەمجار پشكنینیان بۆ كرا ئەوانەبوون كە تازە گەڕابوونەوە لە وڵاتی مەكسیك كە نیشانەی ئەنفلونزاكەیان لێی دەركەوتبوو).
بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە سەرەتادا ئەنفلونزاكە، ئەنفلونزایەكی سووك بووە، ئەوا ڕەنگە زۆربەی خەڵك سەردانی پزیشكیان نەكردبێت، بەڵام ئەگەر سەردانیشیان كردبێت ئەوا بە ئەنفلونزایەكی ئاساییان زانیوە و خۆیان پێوە نیگەران نەكردووە. ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ڕوویدا، پێناچێت حاڵەتی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی ئەم ئەنفلونزا نوێیە بێت، بە قەدەر ئەوەی "ئاشكراكردنی" ئەو شوێنانە بێت كە پێشتر لێی بڵاوبۆتەوە.
لەبەر ئەوەی پێشبینیەكان لە سەروبەندی حاڵەتەكانی مردن لە مەكسیكدا هاتنەئاراوە، ئەوا ئاشكرابوونی حاڵەتە نوێیەكان هیچ پەیوەندیەكیان بە كاریگەریكەیەوە نەبوو. بە تەنها بوونی حاڵەتەكە ترس و دڵەڕاوكێیان دروست كرد، لە كاتێكدا كە باس لە داخستنی قوتابخانە و سنوورەكان دەكرا.
ڤایرۆسەكە لە هەواڵی بڵاوبونەوەكەی خێراتر تەشەنەدەكات. تیرَِوانینی جیهان لە ئاست تەشەنەكردنی ئەم ڤایرۆسەدا بەهۆی ئەو مردنە كت وپڕانەوە هاتە ئاراوە كە لە مەكسیك ڕوویاندا ( هەرچەندە جگە لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا حاڵەتی مردن لە شوێنەكانی دیكە تۆمار نەكراوە).

كوشندەیی ئەم نەخۆشیە
هەروەك پێشتر ئاماژەی پێكرا، ئەو ڤایرۆسانەی بەهۆی پەیوەندی و لێكنزیكبوونەوەی ئاسایی مرۆڤەكانەوە دەگوزارێنەوە دەكرێت لە سەرتاسەری جیهاندا تەشەنە بكەن، پێش ئەوەی كەس دەركی پێبكات. یەكەم نیشانەی پەتایەكی گەورەی ئەنفلونزا لەلایەن كۆمەڵە پزیشكیەكان یان ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە نایەت، بەڵكو لەو حاڵەتەوە دێت كە خەڵك دووچاری ئەنفلونزا دەبن و دەمرن، بە مەرجێك ئەمە لەیەك كاتدا و لە تێكڕای جیهاندا ڕووبدات.
ئەو سیستمەی بۆ دەستنیشانكردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكان دامەزراوە بە چەشنێكە كە لە ڕەوتی بڵاوبونەوەكە دوا دەكەوێت، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە كە سیستمێكی كارا نیە، بەڵكو لەبەر ئەوەی هەرچەندە كارابێت، ناتوانێت ڕێگری لە پەیوەندی و لێكنزیكبوونەوەی ئاسایی مرۆڤەكان بگرێت- كە بەلەبەرچاوگرتنی هۆكارەكانی گواستنەوەی ئاسمانی، ئەوا لە ماوەی چەند ڕۆژێك بگرە چەند سەعاتێكدا نەخۆشیەكان بڵاودەبنەوە.
بەو پێیە، كێشەكە بریتی نیە لە دۆزینەوە و دەستنیشانكردنی پەتا كوشندەكە، لەبەر ئەوەی ناكرێت سەرنجی ئەوە نەدرێت كە تەشەنە دەكات و بڵاودەبێتەوە. بەڵكو كێشەكە بریتیە لە ڕووبەڕبوونەوەی پزیشكیانەی پەتا كوشندەكە. یەكێك لە مەترسیەكان موبالەغەكردنە لە بەرەنگاربوونەوەی هەر پەتایەكەدا ئەمەش دەبێتەهۆی پەكخستنی سیستمەكە.
یەكێكی دیكە لە مەترسیەكان ئەوەیە بە ڕەوتێكی خێرا كاردانەوەمان نەبێت. لە حاڵەتی ئەنفلونزادا دەتوانین ڕێ و شوێنی پزیشكی بگرینەبەر.
یەكەم، دەرمانی دژە - ڤایرۆس هەیە كە سەلمێنراوە كاران لە دژی ئەم جۆرە نوێیە، هەروەها بڕی پێویستی ئەم دەرمانە لە ئارادان - بەڵام ئەمە بۆ سەرتاسەری جیهان ڕاست نیە، بە تایبەتی لە وڵاتە تازەگەشەكردوەكاندا- دەكرێت ئەم بڕە گەورەییەی ئەم دەرمانە بە باشی بەكاربهێنرێت لە سەرەتادا بۆ ئەوەی ڕەوتی بڵابوونەوەی نەخۆشیەكە سست بكرێت.
دووەم، لەبەر ئەوەی زۆربەی خەڵك بەهۆی كاریگەری لاوەكیەوە دەمرن كە بریتیە لە هەوكردنی سییەكان، ئەوا دەكرێت دەرمانی دژەبەكتریا (ئەنتی بیۆتیك) بەكاربهێنرێت. بە پێچەوانەی پەتاكەی ساڵی 1918ەوە، دەكرێت ڕێژەی مردن بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە تا ڕادەیەكی گەورە كەم بكرێتەوە.
كێشەكە لێرەدا كێشەیەكی لۆجیستیە: دابەشكردن و بەڕێوەبردنێكی كارای دەرمانەكان خۆی لە خۆیدا تەحەدایەكە. بەرهەمهێنانی دەرمان یەكێكە لە كێشەكان، دروستكردن و بەرهەمهێنانی فاكسین چەند مانگێك دەخایەنێت، هەروەها ساڵانە فاكسینی ئەنفلونزا بەرهەم دەهێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی سێ لە مەترسیدارترین جۆرەكانی ئەنفلونزا.
یەكێكی دیكە لە كێشەكان گواستنەوەی دەرمانەكانە بۆ ئەو ناوچانەی پێویستییان پێیەتی لە دۆخێكدا كە كارایی دەرمانەكان لەناونەچێت. هەروەها بوونی ژێرخان و كارمەندی پزیشكیش گرنگی خۆی هەیە كە بتوانن هەڵبستن بە پشكنین و بەڕێوبردنی و پشتگیری كردن لە نەخۆشەكان.
ئەم كارانە لە سەر ئاستی جیهان بە شێوەیەكی كارا ئەنجام نادرێت. ئەمە شتێكی حەتمییە. بەڵام ئەنفلونزا، تەنانەت لە بەرزترین ڕێژەی كوشندەییدا كە تا ئێستا تۆماركرابێت، نەبۆتە هەڕەشە بۆ سەر بوونی مرۆڤ. لە خراپترین حاڵەتەدا ئەنفلونزا ژمارەیەكی زۆری خەڵك دەكوژێت، بەڵام ڕەگەزی مرۆیی و نیزامی نێودەوڵەتی دەمێننەوە.
هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر مرۆڤایەتی، ئەگەر ئەم هەڕەشەیە بێتە ئاراوە، سەرچاوەكەی ئەنفلونزا نابێت. بەڵكو زیاتر لەو نەخۆشیانەوە دێن كە بە ڕەوتێكی خێرا بەهۆی بەریەككەوتنی مرۆڤەكانەوە بڵاودەبنەوە، بەڵام ڕێژەیەكی بەرزی مرۆڤان دەكەنە قوربانی و چارەسەرێكی دیاریشیان نیە. لە كاتێكدا نەخۆشی ئایدز نەخۆشیەكی زۆر كوشندەیە و هیچ چارەسەرێكیشی نیە، بەڵام بەلای كەمەوە بەهۆی لێكنزیكبوونەوەی ئاسایی مرۆڤەكانەوە ناگوازرێتەوە بە چەشنی ئەنفلونزا، بەو پێیە بە ڕەوتێكی سنووردار بڵاودەبێتەوە.
مرۆڤایەتی دەتوانێت لە خراپترین حاڵەتی ئەنفلونزا ڕزگاری بێت، تەنانەت ئەگەر دەستێوەردانیش نەكرێت. بەڵام بەهۆی دەستێوەردانە هاوچەرخەكانەوە، ئەوا كاریگەری ئەنفلونزا بە ئاستێكی گەورە دابەزیوە. بەڵام لەم حاڵەتەدا كێشە سەرەكیەكەی "پەتا" دەركەوت: پێش ئەوەی هەواڵ و زانیاری لە بارەیەوە بڵاوببێتەوە، ڤایرۆسەكە بڵاودەبێتەوە.
هەرچۆنێك بێت، ئەگەر نەخۆشیەكی كوشندەی وەك ئایدز بڵاوبێتەوە و لە ڕێی لێكنزیكبوونەوەی ئاسایی مرۆڤەكانەوە بگوازرێتەوە، كە زانیاریەكی كەم هەبێت لە بارەیەوە و هیچ چارەسەرێكێشی نەبێت، ئەوا توانا پزیشكیەكانی مرۆڤایەتی بێ سوود دەبن.
كێشەگەلێك هەن كە چارەسەریان نیە. خۆشبەختانە، ڕەنگە ئەم نەخۆشیانە سەرهەڵنەدەن. بەڵام ئەگەر سەریان هەڵدا، ئەوا هیچ یارمەتی و خزمەتگوزاریەك كە دابینكردنی لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO و سەنتەری كۆنتڕۆڵكردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەوە ڕابگەیەنرێت، بچوكترین جیاوازی دروست ناكەن.