كۆنگرەی نەتەوەیی كورد وپرۆسەی تەواوكاری نێوان هێزە سیاسیە كوردیەكان

Oct 23 2018

كۆنگرەی نەتەوەیی كورد وپرۆسەی تەواوكاری  نێوان هێزە سیاسیە كوردیەكان

د.عبدالحكیم خسرۆ

خەونی هەر كوردێك لە هەرچوار پارچەی كوردستان بریتیە لە یەكگرتنەوەی كوردستان ودامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی كورد و رزگار بوون لە ژێردەستی وداگیركاری وكۆتایی هێنان بە هەژموونی عەرەب وتورك وفارس . ئێستا و لەم قۆناغە مێژووییە ئاواتێك هەیە بە كۆنگرەی نەتەوەیی كە لە هەولێر یەكەم كۆبونەوەی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی هێزە سیاسیەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان.
لێرەدا بۆ باس كردنی ئەگەرەكانی سەركەوتنی كۆنگرە و هەنگاوەكانی تەواوكاری نێوان هەرچوار پارچەی كوردستان لەوانەیە پەنا بۆ زۆر تیۆر وبۆچوون ولێكدانەوە ببەین بە مەبەستی یەكخستنی تواناكانی هێزە كوردیەكان بۆ روبەروو بونەوەی پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست وئامادەباشی بۆ قۆستنەوەی هەڵی مێژووی بۆ كۆتاییهێنان بە نەهامەتەكانی گەلی كورد.
یەك لەو تیۆرانە بریتیە لە تیۆری تەواوكاری (تكامل) كە لەراستیدا ئەم تیۆرە زیاتر باسی لە تەواوكاری نێوان دەولەتە سەربەخۆكان دەكات سەرەرای جیاوازی ئەتنیكی ونەتەوەیی، هاوشێوەی پرۆسەی تەواوكاری لە ئەوروپا دوای جەنگی جیهانی دووەم. هەروەها هەندێك لە نوسەر ئەم تیۆرەیان بەكار هێناوە بۆ ئاماژەكردن بە تەواوكاری نێوان چەند وڵاتێك كە لە هەمان ئەتنیك ونەتەوە پێك دێن هاوشێوەی وڵاتە عەرەبیەكان. بەكارهێنانی ئەم تیۆرە لەسەر دۆزی گەلی كورد كە نە دەوڵەتی هەیە و لە هەمان كاتیشدا پارچە پارچە بووە كارێكی ئاسان نیە ، بۆیە دەكرێت كۆنگرەی نەتەوەی كورد وەك نمونە وەرگرین بۆ تەواوكاری نێوان هێزە سیاسیە كوردیەكان، و ئەگەرەكانی دروست بوونی ناوەندێكی بریاردان لەسەر پرسە چارنووسازەكان و كەمكردنەوەی دەستێوەردانی هەرێمی ونێودەوڵەتی بۆ ئاراستەكردنی هێزە سیاسیەكان و بەكارهێنانیان وەك ئامرازێك بۆ یەكلاكردنەوەی هاوكێشەكان.
پێویستە لێرەدا وڵامی پرسیارێكی سەرەكی بدەینەوە: ئایە چ بارودۆخێكی مێژووی هاتۆتە ئاراوە كە دەستپێشخەری بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بدرێت؟. لەوانەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بە جۆرێك لە جۆرەكان درابێت لە لایەن شرۆڤەكاران و چاودێران كە ئاماژە بە بەهاری عەرەبی و دەرهاوێشتەكانی كرابێت، وكرانەوەی توركیا بەرووی كوردستانی باكوور و پرۆسەی ئاشتی لەم وڵاتە و پەویەندیەكانی ئێران لەگەل رۆژئاوا وئەو فشارانەی خراونەتە سەری، جگە لە بەهێزبونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە هەرێمی ونێوەوڵەتیەكان. ئەم فاكتەرانە راستن، بەڵام پێویستە وڵامی چەند پرسیارێكی دیكە بدەینەوە: ئایە ئەو هێزانە كامەن كە ئاراستەی پرۆسەی تەواكاری دەكەن لە كوردستان؟ و ئایە ئەگەری دروست بوونی دەزگایەكی هەمیشەیی هەیە لە دەرئەنجامی كۆنگرە؟ ودەكرێت ئێمە باسی دروست بوونی ناوەندێكی بریار دان بكەین كە بڕیارەكانی مولزەم بن بۆ هەموو هێزە سیاسیە كوردیەكان؟ و تاچەند هێزە سیاسیەكان پێگیری بە بڕیارەكانی دەكەن؟.
لێرەدا پێویست بزانین كەوا پرۆسەی تەواوكاری پرۆسەیەكی گشتگیرە وقۆناغ بە قوناغ دەستپێدەكات لەسەرتای دروست بوونی وەك بیرۆكە تا كامڵبوونی بە مەبەستی بنیادنانی مۆدێلێكی تەواوكاری. بۆیە پرۆسەی تەواوكاری لە چوار قۆناغ پێك دێت:
1- بارودۆخی پێش تەواوكاری
2- پرۆسەی تەواوكاری بەرێگای هێزە سیاسیە كاراكانی
3- پرۆسەی تەواوكاری بەرێگای ئەو بوارانەی كە دەیانگرێتەوە.
4- پێگەیشتنی پرۆسەی تەواوكاری وگەیشتن بەو كۆتاییەی كە بۆی نەخشێنراوە.
ئەوەی پێویستە لێرەدا بریتیە لە پشتبەیكبەستن نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان و هەندێ بواری دەستنیشانكراو. بۆیە لە قۆناغی یەكەمدا پێویستە لەو بوارانە دەستپێبكات كە هێزە سیاسیەكان تیایدا پشت بەیەكتر دەبەستن پێش دەستپێكردنی پرۆسەی تەواوكاری. لە قۆناغی دووەم سێ قودرەت پێویستە بنیادبنرێن: مە لكەچكردن وسود وشوناسی كۆمەڵایەتی. قودرەتی یەكەم كە بریتیە لە ملكەچ كردن هێزی چەكداری پێی هەلدەستیت، وسەبارەت بە سود یان قازانج قودرەتی هونەری ورێكخستن وئابووری ئەم رۆڵە دەبینین، و قودرەتی شوناس وناسنامەی كۆمەڵایەتی رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە پرۆسەی تەواوكاری .ئەم هەرسێ قودرەتە (قودرەتەكانی تەواوكاری ویەكبوون) لەژێر دەستی دەستەبژێرێكی ناوخۆیی دەبن، بۆیە ئەم دەستەبژێرانە بە تەواوەتی بەرگری لە پرۆسەی تەواوكاری دەكەن و رێگە نادەن هێزە دەرەكیەكان دەستێوەردانی ئەم پرۆسەیە بكەن.
قۆناغی سێیەمی پرۆسەی تەواوكاری لەو كاتە دەست پێدەكات كاتێك پەیوەندیەكان نێوان بوارە جیاجیاكان زیاتر دەبن لە ئاستی پەیوەندی و پیشەیی. بۆیە لە قۆناغی چوارەم و كۆتایی پرۆسەی تەواوكاری لە هەموو ئاستەكان بڵاو دەبێتەوە و هەموو بوارەكانی سیاسی وپیشەیی لە خۆوە دەگریت.
سەبارەت بە رۆڵی هێزە دەرەكیەكان لە سەرخستن وپەكخستنی پرۆسەی تەواوكاری و لە پالپشتی كردن ودژایەتیكردنی پرۆسەكە دیار دەبێت ئەگەر هات وئامانجەكانیان لەگەل هێزە ناوخۆییەكان یەكبگریتەوە یان دژبەیەك بێت ولێرەدا ئامانجەكانی توركیا وئێران وعیراق، تا چەند لەگەل پرۆسەی تەواوكاریە نێوان هیزە كوردیەكان و بەرژەوەندیەكانی زلهێزەكان بەتایبەت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وئامانجەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.
كاریگەری ئەم هێزانە زیاتر دەبێت لەسەر پرۆسەی تەواوكاری بە شێوەیەكی نەرێنی ئەگەر هەوڵی پاڵپشتیكردنی یان لاوازكردنی هێزێكی سەرەكی پرۆسەی تەواوكاری بدەن، بەواتایەكی تر ، هەوڵی بەهێزكردنی یان لاوازكردنی هێزێكی كوردی كە بەشێكە لەپرۆسەی تەواوكاری گەلی كورد لە چوارچێوەی كۆنگرەی نەتەوەیی. بۆیە تا چەند پرۆسەی تەواوكاری نیوان هێزە سیاسیە كوردیەكان زیاتر بێت ئەوەندە قودرەتیان زیاتر دەبێت بۆ بەكارهێنانی رۆڵی لایەنە دەرەكیەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەی تەواوكاری ، وتا چەند پرۆسەی تەواوكاری لاوازبێت ئەوندە قودرەتی هێزە سیاسیە دەرەكیەكان زیاتر دەبێت بۆ راگرتن و پەكخستنی پرۆسەی تەواوكاری هێزە سیاسیە كوردیەكان. بۆیە لێرەدا سێ حاڵەت هەن رۆڵی هێزە سیاسیە دەرەكیەكان وئامانجەكانیان دەبنە كێشە بۆ پرۆسەی تەواوكاری :

1- ئەگەر ئەو بوارنە كە بەشێكن لە پرۆسەی تەواوكاری لە ژێر كۆنترۆڵی تەنها هێزێكی سیاسی بێت نەك یەكێتیەكە.
2- ئەگەر دەسكەوتەكانی هێزێكی سیاسی زیاتر بێت ئەوا هێزە سیاسیە ناوخۆییەكان دەبنە بەرهەڵستكارانی پرۆسەی تەواوكاری
3- ئەگەر پرۆسەی تەواوكاری هاوسەنگی دروست نەكات لەنێوان بوارە جیاجیاكان بە تایبەت بواری سەربازی و ئابووری، ئەوا دەبێتە كێشە بۆ پرۆسەی تەواوكاری.
لێرەدا زۆر گرنگە رەچاوی چەند گریمانەیەك بكەین بە مەبەستی دەستنیشان كردنی خاڵە لاواز و بەهێزەكانی پرۆسەی تەواوكاری . یەك لەو گریمانانە ئەوەیە " هەر یەكێتیەك دەستەبژێری كەمتر بێت رێژەی سەركەوتنی زیاتر دەبێت لەو یەكێتیانەی دەستەبژێری زۆریان هەبێت". لەبەر ئەوەی ژمارەی زۆری دەستەبژێر دەبێتە هۆی زیابوونی كێشەكان وخاڵە ناكۆكەكان. هەروەها "هەر یەكێتیەك یەكسانی نێوان ئەندامەكانی هەبێت ئەگەرەكانی سەركەوتنی زیاترە لەو یەكێتیانەی یەكسانی نێوان ئەندامەكانی نەبێت". و "یەكێتی كارا ئەوەیە كە دەستەبژێری رێكخراو بەرێوەی دەبات نەك دەستەبژێری تاك"، لەبەر ئەوەی دەستەبژێری ریكخراو یان سیستیماتیك قودرەتی یەكلاكردنەوەی كێشەو و بڕیارەكانی هەیە، هەروەها گشتاندنی پابەندبوونی زیاتر دەبیت كە یەكسانی نێوان ئەندامەكانی هەبێت، و بوونی ناوەندێكی باڵادەست بۆ دروستكردنی بڕیار ، لەبەر ئەوەی گشتاندنی پابەندبوون وئیلتیزام وپێگیری كردن لەناو دەستەبژێری رێكخراو هەموو ئەندامەكانی دەگرێتەوە وتەعبیر لە ئیرادەی یەكێتیەكە دەكات.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایە كۆنگرەی نەتەوەیی لەلایەن دەستەبژێری رێكخراو و بەدامەزراوەبوو بەرێوە دەبرێت ودەبێتە ناوەندێكی بڕیار كە یەكسانی نێوان ئەندامەكانی دەستەبەر بكات؟یان تەنها كۆنگرەیەكی موجامەلە دەبێت كە هیچ دەزگایەكی ریكخراوی لێ ناكەوێتەوە؟. ئەوەی تا ئێستا دیارە لە كۆبونەوەكانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی ژمارەی ئەندامەكانی زیاتر وزیاتر دەبێت، و كێشە هەیە لە بوونی هاوسەنگی ویەكسانی نێوان پارچەكانی كوردستان، تەنانەت نازانرێت لە كۆتاییدا ناوەندێكی بڕیاردان دروست دەبێت یان نا، ئایە بڕیارەكانی مولزەمن بۆ هەموو هیزە سیاسیەكان ومەودای دەسەڵاتی ئەم ناوەندە چیە؟، و رادەی ملكەچبوونی هێزە سیاسیە كوردیەكان بۆ بڕیارەكانی ئەم ناوەندە چەندە؟.
ئەوەی جێگای ئومێدە ئەگەرەكانی تەواوكاری نێوان هێزە سیاسیەكان زۆرن لەبەر ئەوەی گریمانەیەك هەیە دەڵێت "تا چەند ئەو سودەی دەستەبژێرەكان ئاراستە دەكات زیاتر بێت، یان تا چەند شوناس و ناسنامەی كۆمەڵایەتی نیزیكتر بێت ئەوەندە ئەگەرەكانی سەركەوتنی پرۆسەی تەواوكاری زیاتر دەبێت". لێرەدا شوناسی كوردی پاڵپشتە بۆ سەركەوتنی پرۆسەی تەواوكاری نێوان هێزە سیاسیە كوردیەكان بەڵام ترس لە سودەكانە، بە واتایەكی دیكە، ئەگەر هەموو لایەنەكان قایل نەبن بەو سودەی كە پێیان دەگات لەوانەیە ببنە بەرهەڵستكاری پرۆسەی تەواوكاری كە ئامانجی سەرەكی كۆنگرەی نەتەوەییە. و لە ئێستادا ئەم حاڵەتە لە نێوان پارتی كریكارانی كوردستان وپارتی دیموكراتی كوردستان بەزەقی دیارە. و ئەم دژبەیەكیە لە پرسی رۆژئاوای كوردستان بە وازحی دیارە ولەوانەیە ببێتە كۆسپ لە بەردەم پرۆسەی تەواوكاری نەتەوەیی نێوان هێزەكانی هەرچوار پارچەی كورستان.
ئەوەی لەم وتارە ویستمان بووروژێنین گریمانە وهنگاوەكانی پرۆسەی تەواوكاریە كە پێویستە شرۆڤەكاران بە هەندی وەرگرن لە كاتی خوێندنەوەی هەنگاوەكانی گۆنگرەی نەتەوەیی و ئەگەرەكانی سەركەوتن و پەخستن، كە لەوانەیە ئەركی ئێمە تەنها خستنە رووی یەك ئاراستەی شرۆڤەی ئەكادیمی بێ كە بەقولی لەسەر پرسی كۆنگرەی نەتەوەیی جێبەجێمان نەكردبێت. بەڵكو داوایەكە بۆ كەسانی پسپۆر و ئەكادیمیەكان بۆ بەكارهێنانی تیۆرە زانستیەكان بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی تەواوكاری نێوان هێزە كوردیەكان.
ئەوەی تێبینی دەكرێت ناوەندەكانی دیراسات وئەكادیمیەت بواری دیراسەتكردنی پرسی كۆنگرەی نەتەوەییان بەهەند وەرنەگرتبێت، وتەنانەت دیراسەتی جددی بۆ ئەم پرسە نەكراوە ، و چاوەڕوانی بڕیار و رێكەوتنی پارتە سیاسیەكانن كە زۆر لە بریارەكانیان نا عەقلانی دەبن و تەنانەت پابەندبوونی لایەنەكان كاتی دەبێت و هیچ سوودی نابێت. و دەكرێت سەنتەری دیراسات و توێژینەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەیەكی تایبەتی هەبێت بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی و ئامادەسازی بۆ چەند مێزگرد وسمینار وتەنانەت كۆنفرانسێكی ئەكادیمی تایبەت بەم پرسە بكات.