"چارەنووسی پرۆسەی دیکۆمێنت کردنی تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستان"

Apr 18 2019

ئەوڕۆ پێنجشەمە، ڕێکەوتی ۱٨-٤-۲۰۱۹، لە هەولێر، بە سەرپەرشتی خاتوو دکتۆر چنار سەعد عەبدوللا ، سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەکادیمیای پارتی دیموکراتی کوردستان، دووەمین فۆرومی جینۆسایدی لە ژێر ناونیشانی" پرۆسەی دیکۆمێنت کردنی تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستان" بەرێوەبرد. کە تێیدا ژمارەیەک کەسایەتی شارەزا و ئەکادیمی لەو بوارە تێیدا ئامادە بوون.

گەلی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانیەوە سەردەمانێکی دوورودرێژە بەگشت شێوازەکان، جینۆسایدی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت ، هەر لە گۆڕینی ناسنامە بگرە تا دەگاتە کوشتنی بەکۆمەل و زیندە بەچاڵکردن، پاکتاوی ڕەگەزی،برسی کردن وبەکۆیلە کردن . بەو هۆیەوە سەدان هەزار ژن ومندال و پیر و لاو بوونەتە قوربانی، کە گۆرە بە کۆمەڵەکان شاهێدی بۆ ئەو ڕاستییە دەدەن . تەنانەت، بەشێک لەو کەیسانە لە پاش روخانی حکومەتی بەعس لە ٢٠٠٣، لەدادگای باڵای تاوانەکانی عێڕاق بڕیاری دادگای پێ دەرچووە .
پرسی جینۆساید ڕەهەندی جیاوای هەیەو ساڵانەو بەتایبەتی لە یادەوەرییەکاندا لەئاستی جیاواز قسەوباسی لەبارەوە دەکرێ . یەکێک لەو لایەنە گرنگانەی ئەو پرسە ، کۆکردنەوە و پاراستن و دیکۆمێنت کردنی ئەو تاوانانەیە لە چوارچێوەی یادەوەری میللەتدا . بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئەو بابەتە وەک پێویست و بە شێوەیەکی دامەزراویی کاری لەسەر نەکراوە ، لەبەر گرنگی ئەو بابەتەو لەپێناو ناساندنی ئەو تاوانانە بە جیهان و نەوەکانی داهاتوو بەرێگای بەڵگەنامەکان ، فۆرومی ئەمساڵ تایبەت دەکەین بەو بوارە . بەو ئامانجەی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرێگای دامەزراوەیەکی پسپۆر کار لەسەر ئەو بوارە بکات.

تەوەرەکان:
یەکەم / "ڕۆڵ و گرنگی دیکۆمێنت کردنی تاوانەکانی جینۆساید ، و ئەزموونی ووڵاتان لەو بارەیەوە". کە لە لایەن به‌ره‌ڤان حه‌مدی بەرێوەبردرا، بەشداربووانی پانێل :
- دکتۆر چنار سەعد عبداللە
-دکتۆر محەمەد ئیحسان
- دکتۆرکرمانج عوسمان
- سامی جەلال

دووەم /" پرۆسەی دیکۆمێنت کردنی تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستان بەرەو کوێ". کە لە لایەن ماموستا ئەبوبەکر جاف بەرێوەبردرا، بەشداربووانی پانێل :
- داود خەتاری
- خالس ئیشوع ئیستیفۆر
- وەهاب رەشید
- تەها تەیفور