ئایندەتوێژی و شێوازەکانی ( شێوازی دێلفی و پێوانی ژینگە وەک نمونە)

Jun 18 2019

ئایندەتوێژی و شێوازەکانی  ( شێوازی دێلفی و پێوانی ژینگە وەک نمونە)

دكتۆر كامه‌ران حه‌سه‌ن

دکتۆرای DBA
ماستەر لە کاردێری (Entrepreneurship)
Kamaran16@gmail.com

پێشەکی
جیهانی ئەمرۆ کە گەشەکردن زۆر خێراتر بووە ڕکابەرییەک هەیە بۆ بە دەست هینانی پشکێکی زۆرتر لە ئایندەدا. ئایندە ختۆكەى هەمیشەیی هاوبەشی هەمۆ مرۆڤەکان بووه لە گەردوون دا. بێ شک تەنها لە خەیاڵماندا دەتوانین گۆڕانکاری لە سەر ڕابردوو بکەین و ئيستاش كات ئەوەندە بە خێرایی تێدەپەڕێ کە بوارى هیچ جۆرە لێڕامانمان لە سەر نییە تەنها شتێک کە بۆمان دەمێنێتەوە ئایندەیە.
ئایندە تەنها دەرفەتی ئێمەیە کە بتوانین گؤڕانکاری تێدا دروست بکەین. پرسیار ئەمەیە چۆن دەتوانین لە ئایندە گۆڕانکاری دروست بکەین؟ چۆن دەتوانین بۆ ئایندە ئامادە بین؟
پێشبینی کردنی ئایندە یەکێک لە ئارەزوو و پێداويستيەكانى و مرۆڤ لە سەردەمانی کۆن ئێستا. فال گرتن و ئۆستۆرلاب و ئەستێرەناسی و فەلەک ناسی و دەست خوێندنەوە هەموو نیشانەی ئەمەیە کە بە بەردەوامی مرۆڤ چاویی لە ئایندەیە.
لە سەدەی بیست بە مەبەستی پێشبینی کردن زاناکان پشتیان بە زانست بەست و هەوڵیاندا بە شێوەیەکی زانستی کار بۆ ئایندە توێژی بکەن.
سێنکا فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێ: ئایندە هاتووە، بەڵام هێشتا بەربڵاو نەبووەتەوە. واتە ئەگەر بەم شێوەیە بێت کەوایە، هەوڵی ئێمە دەبێ بۆ پەیدا کردنی سیگنالە لاوازەکان بێت کە لە کاتی ئێستادا لە دەورو بەری ئێمەدان کە لە ئایندە دا دەبنە سۆنامییەک.
سەرکەوتن لە دۆزینەوەی هێزە بەرەو پێشبەرەکان، گەورە ڕەوتەکان و پێکهێنەرەکانی ئایندە و خوێندنەوە کاریگەرییەکان لە سەر هۆکارە سەرەکیەكان لە سەر ئایندە و شیکردنەوەی هەڵسەنگاندنی سەرهەڵدانی ئایندەیەکی تایبەتی بە ئامانجی دروست کردنی ئایندەیەکی پەسەند یان خوازراو ، ئامانجێکی پڕبەهایە. ئەم زانستە تازەیە هەوڵ دەدات بە چوار شێوە: دەیتا، داهێنەرانە، هاوبەشی و پسپۆرانە لە بواری شێوەناسی دا، تێروانینێکی گشتگیری لەبارەی ئایندەی هەبێت.
بێگومان بۆ دانانی بەرنامە، سیاسەتڕێژی، نوسینەوەی ستراتیژی و درکسازی دروست و بە دەستە واژەیەکی دیکە بە مەبەستی بڕیاردانێکی باشتر پێویستیمان بە ناسینی ئایندەیە. گەشە کردن و گشتگیربوون لەگەڵ بۆچوونە نا هێلەکییەکان و پچڕانی پرۆسەکان و زۆر بوونی ناڕەهایی وا دەکات کە پێویستیمان بە ئایندە توێژی زۆرتر بێت.
ئایندەتوێژی لە یەک ڕستەدا بەم شێوەیە دەبێت کە: خوێندەوەیەکی سیستەمی بە مەبەستی زاڵبوون بە سەر ئایندە و دروست کردنی ئایندەیە.


گەشەی ئایندەتوێژی لە درێژەی سەدەی بیست دا
زانستی ئایندەتوێژی و تواناکان و گرنگییەکانی بۆ بە دەست هێنانی وێنەیەکی روون و شەفاف لە ئایندە دا رۆژ بە رۆژ لە گەشە کردندایە. زانایەکی کۆمەڵناس بە ناوی ویلیام ئێف ئۆگۆرن و هاوکارەکانی لە سەردەمی هێربەر هۆڤەر سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ساڵی ١٩٢٩ دا دەزگایەکی توێژینەوەی دامەزراند کە کاری توێژینەوەى لە سەر ڕەوتەکانی کۆمەڵایەتی دەکرد. ئەو دەزگایە لە بارەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکان ڕاپۆرتی بۆ سەرۆک کۆمار بەرز دەکردەوە.
لە وڵاتی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٥٧ دا ناوەندی نێودەوڵەتی ئایندەتوێژی لە لایەن گاستۆن بێرگێر لە پاریس دامەزرا. دەزگای ڕەند، دەزگای توێژینەوەی ستەنفۆرد لە ئەمریکا کاریان لە سەر ئایندەتوێژی دا کردووە و هەر بەردەوامن.
لە وڵاتی ئێران یەکەمین ئایندەتوێژی لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ دا بووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ یەکەمین ناوەندی ئایندەتوێژی لە وەزارەتی بەرگری ئیران بنیات نراوە، ئەمرۆکە ئێران خاوەن چەندین دەزگای ئایندەتوێژییە و لە زانکۆکانیش دەخوێندرێت، لەو وڵاتەدا ١٥ ناوەندی ئایندەتوێژی کار دەکەن.
ئەمرۆکە ئایندەتوێژی خاوەن بەشی سەربەخۆی زانکۆکانە کە نزیکەی شەست زانکۆ لە سەرانسەری جیهان خاوەن بەشی ئایندەتوێژین. لە دەرەوەی زانکۆکان دەزگاکانی ئایندەتوێژی لە گەشە کردندایە و ئەو دامو دەزگایانە بە مەبەستی دیزاین و نووسینی نەخشە ڕێگە بۆ ئایندە لەگەڵ حکومەتەکان و دەزگاکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و تەکنەلۆژی کار دەکەن.
ئایندەتوێژی پێشوەختە کار لە سەر رووداوەکانی ئایندە دەکات، بە خوێندنەوە و توێژینەوە و شیکردنەوە ئامادەکاری بۆ رووبەرووبوونەوە لە گەڵ رووداوەکان دەکات.

ئایندەتوێژی و شێوازەکانی
لە جیهانی ئەمرۆ دا کە گۆڕانکارییەکان زۆر خێران و بابەتی جیهانی بوون بە هۆی تەکنەلۆژیاوة ئاسان بووە لە بەرامبەردا چۆن دەتوانین لەم دۆخەدا تایبەتمەندییەکانی خۆمان وەک زمان، کلتوور و نەتەوە بپارێزین؟ بە تایبەت بۆ ئێمەی کورد کە لە دۆخیکی جیاوازداین.
بە مەبەستی بڕیاردان و هەر کارێک کە ئەمرۆ دەست پێدەکەین پێویستیمان بە بیرکردنەوەيە لە ئایندە، کاردانەوە بەرامبەر بە ئایندە پیویستی بە بیرکردنەوە نییە بەڵام بۆ کردە وا نییە و پێویستە بە وردی توێژینەوەی بۆ بکرێت. لە ئایندەتوێژیدا بە خوێندەوە و توێژینەوە لە سەر بابەتەکان و بە مەبەستی بەرنامەداڕێژی دەست بە سيناریۆ نووسین دەکرێت و لە ڕاستیدا بەرنامەکان لە سەر بنەمای سيناریۆکان دەبێت. تویژینەوەی ئایندە بۆ ئەوەیە کە لە هەر بواریکدا ببین بە یاریکەر نەک یاری پێکراو.
ئایندەتوێژی بە شێوەیەکی گشتی، هەوڵێکی بەردەوام و سیستەمیكراوه بۆ خوێندەوە و ئایندەتوێژیی شیاو ، ڕێتێچوو و پەسەند ، بەها بنەڕەتییەکان و ئەفسانە، خوازەکانی کۆمەڵگا یان نەتەوەیەکە. ئایندەتوێژی وەک بەشێکی تازە بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەم پرسیارانەیە کە " کامە ئایندە ئەگەری ڕوودانی هەیە؟ کامە لە ئایندەکانی شیاو، ئەگەری زۆرتری بۆ بەدیهاتنی هەیە؟ لە نێوان ئایندە ڕێتێچووەکان کامەیان بۆ ئێمە پەسەندترە؟ یان کامە ئایندەی پەسەند تر دەتوانین دایڕێژین و بنیاتی بنین؟" جگە لەمە هەوڵی زۆربەی توێژەرانی ئایندە دروست کردنی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و شێوازی ڕەخنە گرتن و تەفسیری جیهانی دەرون و دەرەکیمانە. بیرمەندانی ئەم بوارە زانستییە تازەیە، کار لە سەر دەرهاوێشتەکانی یاریکەرانی سەرەکی لە دروست بوونی ئایندەی ئەلتەرناتيف دەکەن.

سەرهەڵدانی ئایندەتوێژیی مۆدێرن، هۆکارەکان و ژێرخانەکان
کاتێک کە ناتان ئیزراییلی ، شێوەیەک لە دەرونناسی کۆمەڵایەتی ئایندەی بە جیهان ناساند، هێشتا جیهان بۆ وەرگرتنی ئامادەیی نەبوو. بەڵام سەرەتای ئایندەتوێژی، پێشتر لە هەڵمەتی نیشتیمانی وڵاتان لە شەڕی یەکەمی جیهانی دەستی پێکردووبوو. ئەم دەستپێکە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی ئیزراییلی و هاوکات بوو لەگەڵ هەڵمەتەکانی نیشتیمانی بۆ سەرکەوتن لە سەر قەیرانە ئابوورییەکان وەک داکشان، و هەوڵەکانی دامەزراندنی وڵاتی کۆمۆنیستی و پیشەسازی لە سۆڤیەت، هەروەها هەوڵەکانی دروست بوونی دەوڵەتێک بە پێی پیشەسازی مەرکەزی لە ئیتالیای فاشیستی و هاوتەریب لەگەڵ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی خۆبەش لە ئەلمانیای نازی. ئەم هەوڵانە پێویستی بە داڕشتنی بەرنامە، ئامادەسازی، پۆڵینکردنی سیاسەتەکان و داڕشتنی نەخشەکان بۆ ئایندە بوو.
لە شەڕی یەکەمی جیهانی سوپاسالارەکان خەریکی بەرنامەدانان بوون بۆ شێوازی دابین کردن و گواستنەوەی پێدایستییەکانی شەر لە ڕێگەی دەریایی و وشکایی ، ئەمەش پەێوەست بوو بە پیشەسازی، کەواتە دەبوایە بەرنامەکانی ئابووری لە کۆمەڵگادا بە وردی کاری لەسەر بکرابا. لە میانەی شەر دا دەرکەوت کە نەتەوەکان لە کاتی ڕوبەڕووبونەوە لەگەڵ دۆخی نائاسایی تووشی کۆمەڵێک کەم و کوڕی دەبن، بۆ نمونە ئاستی تەندروستی و پەروەردە نزمتر بوو لەوەی كە ڕابەرەکان بە پێویستیان دەزانی، ئەمەش پێویستی بە دابین کردنی سەرچاوەکای دارایی و مرۆیی بوو لە پیشەسازی هەتا دابەش کردنی خوراک و پۆشاک لە نێوان خەڵکی سیڤیل ، بۆیە پێویستی بە داڕشتنی بەرنامەی ئایندە بوو.
لە داکشانی ساڵانی نێوان دوو شەڕی جیهانی ئەم باوەرە هاتە دی کە لە ئابووریدا هەڵەیەک کراوە و بۆ چارەسەر کردنی دەبێ ڕێگاچارەیەک پەیدا بکرێت. قوتابخانەکانی ئەو سەردەمە وەک سوسیالیستی و بیردۆزەکانی کینزی و چەندین بیر و ڕای دیکە هەوڵیان بۆ کەم کردنەوە و کۆنترۆلی ئەم قەیرانەدا، لە ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی رۆزڤيلت (The New Deal) هاتە ئاراوە، کۆمەڵێک پێوەر دروست بوون کە ئەمرۆ بەشێکن لە ئایندەتوێژی وەک: شیکردنەوە و تەفسیری ڕابردووی نزیک و ئێستا، پێشبینی ڕووداوەکانی داهاتوو ( ئەگەر هاتوو هیچ دەستێوەردانێک ڕوونەدات)، بە دەست هێنانی وێنایەک لە ئایندەیەکی ئەلتەرناتیڤ و ئایندەیەکی جیاواز کە بەدوایدا دێت، هەڵسەنگاندنی ئایندە ئەلتەرناتیڤەکان بۆ ناسینی ئایندەی پەسەند و دەستنیشان کردنی سیاسەتێکی تایبەت و جێبەجێکردنی بە مەبەستی گەیشتن بە ئایندەیەکی پەسەند.
لە روسیای کۆمۆنیستی کاتێک لێنین دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەرنامەی پێنج ساڵەیان ئامادە کرد، هەرچەندە ئامادەکردنی ئەم بةرنامەیە چوارساڵی خایاند، بەڵام دواتر تێگەیشتن دەتوانن بە سوود وەرگرتن لەم شێوازە مەودای دوورتر بەرچاو بگرن وەک بەرنامەی دە ساڵە. سترۆمیلین لە بیرمەندانی بواری ئابووری سیاسییە، کە لە نووسینی یەکەمین بەرنامەی پێج ساڵەی کۆمۆنیستەکان بەشدار بوو دەڵێ: داڕشتنی بەرنامە، بە شێوەیەکی چاڵاکانە " جیهانێکی تازە دەخولقێنێت".
لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی بەرنامەی نیشتیمانی لە سەرانسەری جیهان گەشەی کرد. لۆئیس دەڵێ: چاودێری ئابووری لە سەر کاڵاکان، کەرەستەی خاو و ئاڵگۆری بازرگانی دەرەکی لە کاتی شەڕدا بۆ بیرۆکەی بەرنامەی ئابووری گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. بەڵام لە دوای شەڕ خەرجییە گشتییەکان بەر لە چەند ساڵێک لێکدەدرا و هەوڵ بۆ پێشبینی کردنیان دەدرا. زۆربەی سیاسەتەکان بۆ بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووریەکی پەسەند لەهەولدا بوون. بەریتانیا بەرنامەی نیشتیمانی لە کاتی شەر دەست پێکرد، ولاتانی هۆلەندا و نەرویج خێراتر لە وڵاتانی دیکە ئەم شێوازەی بەریتانیایان گرتە بەر و وڵاتی فەرەنساش لە ساڵی ١٩٤٦ دەستی بە ئامادە کردنی بەرنامەی نیشتیمانی کرد.
ئەزموونی وڵاتی فەرەنسا لە وڵاتانی دیکە جیاواز بوو و خاوەن تایبەتمەندی خۆی بوو، لە لایەک وەک وڵاتانی دیکە سوودیان لە داڕشتنی بەرنامەی مەودا درێژ وەرگرت و لە لایەکی دیکەوە لە فەرەنسا بەرنامە دانان و توێژینەوەکانی ئایندە، لە وڵاتانی دیکە زياتر گەشەی کردبوو، ئەمەش ڕەنگە پەیوەندی بە پۆزیڤیتیسمی ئاگۆست کۆنت و قوتابخانەی پۆلیتەکنیکی پاریسەوە هەبووبێت.

چوار شێوازی ئایندەتوێژی
ئامانجى لێکۆڵینەوە لە ئایندەتوێژی " یارمەتيدانی دروست بوونی چەمکەکان، ڕێگا ئەلتەرناتیڤەکان و بژاردەکانی پەیوەست بە ئایندەیە" . ئایندەتوێژی یارمەتیمان دەدات کە ڕێگە جێنشینەکان یان ڕێگە باشەکانی ئایندە و ئەو پێشکەوتنانەی کە ئەگەریان هەیە باشتر لێیان تێبگەین و لە ڕێگای ئایندەیەکی ڕوون هەنگاو بنیێن. ئایندەتوێژی تازە لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ سەریهەڵدا، هەرچەندە پیشەسازی بەرگری، شوێنی سەرهەڵدانی ئایندەتوێژی لە ڕۆژئاوایە، بەڵام کارکردەکان و سوودەکانی ئەم زانستە تازەیە لە لایەن کەرتی تایبەت و گشتی پێشوازی لێکراوە. ئەمرۆکە چەندین شێواز و تەکنیکی ئایندەتوێژیمان بەردەستە کە لە داڕشتنی بەرنامەی ئایندە دا یارمەتیمان دەدەن.
شێوازی دێلفی
شێوازی دێلفی لە پەرەستگەی دێلفی وەرگیراوە، یۆنانییەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری لە سەر ئایندە ڕوویان لە پەرەستگەی دێلفی دەکرد. شێوازی دێلفی یەکێکە لە بەناوبانگترین شێوازەکانی ئایندەتوێژی لە چۆنیەتی، بونیادگەرایی و خودکردەیی . ئەم شێوازە لە لایەن ئۆلاف هێلمرۆ و نۆرمەن دالکێی لە ساڵی ١٩٥٣ لە دامەزراوەی ڕەند بە مەبەستی تاو وتوێ کردنی بابەتە سەربازییەکان لە ئایەندەوە داهێنراوە. لینستۆن و ترۆڤ دەڵێن: دێلفی دەتوانێ شێوازیک بۆ پۆلین کردنی ڕەوتێکی نێوان چەند کەسی بێت، لە ناو گروپێک بۆ تێگەیشتن لە بابەتێکی ئالۆز دا دێلفی یارمەتیدەرێکی باشە.
شێوازی دێلفی کەرەستەیەکە بۆ زاڵبوون لەسەر کێماسییەکانی بڕیار دان و دادوەریکردن لە بەرنامەکاندا. بۆ نمونە دەتوانین ئاماژە بە توێژینەوەکانی داگلاس مەکگریگۆر لە ساڵی ١٩٣٦ بکەین کە لە ئەنجامدا وەک " کاریگەری مەکگرۆێگۆر" ناسرا. ئەم کاریگەرییە دەریدەخات کە پێشبینییەکان بە چەند کەسی و گروپ دەتوانێ لە پێشبینییەکانی تاکە کەسی دروست تر بێت.
دێلفی شێوازێکە بۆ دروست کردنی دیدگای جیاواز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە دەستە واژەیەکی دیکە دێلفی بە وەرگرتنی بیر و ڕا جیاوازەکان هەوڵدەدات کە سوود لەو بۆچوونە جیاوازانە وەربگرێت و کێشە چارەسەر بکات. دێلفی شێوازێکە لە بڕیاردان كە لە لایەن کۆمەڵە کەسێکەوەيە کە بۆچونی جیاوازیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە، بابەتی بڕیاردان بەشیوەی دێلفی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان کە بە شێوەی بازنەیی و سوڕاو دەبێت، تا رادەيەك ئالۆزە. پرۆسەی بە كۆمەل کار کردن بە شێوازی دێلفی کاریگەری زۆری هەیە.
شێوازی دێلفی بەم شێوەیە دەبێت کە بابەتی دیاریکراو وەک کێشە بە شیوەیەکی پۆلین نەکراو لە نێوان بەشداربوان دابەش دەبێت. دواتر ئەم بابەتە لە لایەن گروپی پێوان کۆ دەکرێتەوە و وەک پرسیار لە نێوان بەشداربوان دابەش دەبێت کە بە سێ قۆناخ تێدەپەرێت:
یەکەم گرووپی پێوان کۆمەڵە زانیارییەکی گشتی بەدەست دێنێت کە بۆ داڕشتنی پرسیارنامە سوودی لێ وەردەگرن. دووەم پرسیارنامەیەک دادەڕێژرێت هەتا بۆچونی بەشداربوان دیار بێت کە لایەنی هاوڕایی و جیاڕایی بەدەرکەوێت. لە قۆناخی سێیەم، پرسیارنامەکان چەند جارێک دابەش دەبن و هەر جارێک زانیارییەکان بە پێی پرسیارەکانی پێشوو تەفسیر دەکرێن و دادەڕێژرێن.
شێوازی دێلفی بە مەبەسەتی باشتر کردن و پۆلینکردنی بیر و ڕای گروپەکان و هەروەها بۆ وردبوونەوەيە لە سەر تایبەتمەندى و بۆچونە جیاوازەکان. دێلفی خاوەن چوار تایبەتمەندییە: یەکەم، پرسیاری داڕێژراو. دووەم، دوبارەبوونەوە. سێیەم، فیدباک وەرگرتن و کۆنترۆل کردن. چوارەم، بە نەناسراوی مانەوەی پسپۆرەکان.

شێوازی پێوانی ژینگە
پێوانی ژینگە وەک شێوازێکی ئایندەتوێژی بە هەوڵەکانی ئاگویلار لە ساڵی ١٩٦٧ داهێنرا. ئەم شێوازە زۆرتر بۆ بەڕێوەبردنی بابەتەکان بە کاردێت و بە گشتی هەوڵ دەدات لێکۆڵینەوەکانی ئایندەتوێژی و داڕشتنی بەرنامەی ستراتیژی یان بەڕێوەبردنی ستراتیژی وەک هەنگاوێکی مامناوەندی پەیوەنديیان لە نیواندا دروست بکات یان هەنگاوێک بێت بەر لە لێکۆڵینەوەکانی ئایندە توێژی. زۆربەی زانایانی ئایندەتوێژی لە سەر بۆچونی مایکەل ماری یەن هاوکۆکن کە دەڵێ، پێوانی ژینگە لە سەرەکیترین ئەرکەکانی ئایندەتوێژییە.
لە بارەی واتاى پێوانی ژینگە, کۆمەڵێک ناڕوونی هەیە. لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر باسیان لە پێوانی چەند قۆناخی دەکرد، بۆ نمونە پێوان، دەرکردن، شیکردنەوە و پێکهێنان و گەیاندنی زانیاری ژینگە. بەڵام ئەم باسە زۆرتر وەک چاودێرێکە لە سەر بەڕێوەبردن یان شیکردنەوەی بابەتە تازەکان. پێوانی ژینگە باس لە ڕەوتی چالاکییەکان دەکات و لە ڕاستیدا ئەم ڕەوتە دوبارە بینینێکی سیستەماتیکی بەرهەمە زانستییەکان و شێوازەکانی دیکەی پەیوەندییەکانە بە مەبەستی دەستنیشان کردنی بابەتێکی تازە. ماسینی لە ساڵی ١٩٩٣ دا دەڵێ پێوانی ژینگە بؤخؤى چەمکێکە.
پێوانی ژینگە کەرەستەیەکە بۆ بەرنامە داڕێژەرەکان کە بتواننن زانیاری لە سەر بابەتێکى دیاری کراو یان ژینگەیەکی گشتی بە دەست بێنن. ماسینی ئاماژە بە نووسینەکانی مۆریسۆن و ڕێنفرۆ دەکات و دەڵێ: پێوانی ژینگە دەتوانێت کۆمەڵێک بابەتی تازە و گرنگ دەستنیشان بکات کە ڕەنگە هەندێکیان هەڕەشە بن و هەندێکیان دەرفەت، ئەم پرۆسەیە یارمەتی دامەزراوەکان دەدات تا سەرچاوەکانی بە شێوەیەک بەکاربێنن تا بتوانن گۆڕانکارییەکانی دەرەکی پێشبینی بکەن و وەڵامیان بدەنەوە. ماسینی دواتر بەم شێوەیە باس لە پێوان دەکات-: پرۆسەیەکی دەرەوە بۆ ناوەوەيە کە جێگەی بیرۆکەی ناوەوە بۆ دەرەوەی ئایندە نووسی و بەرنامەدانان دەگرێتەوە.
دامەزراوەکان، بابەتەکان بۆ ماوەی دە ساڵ پێوانی بۆ دەکەن، هەوڵ بۆ پێشبینی کردنی ڕووداوەکان دەدەن. پێوان بە شێوەیەکی گشتی ئەم تەوەرانە لە خۆ دەگرێتەوە، سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵایەتی، تەکنەلۆژیا. بابەتەکانی ئابووری و تەکنەلۆژیا گرنگترین بابەتەکانن بۆ بڕیار دان. زۆربەی کۆمپانیاکان و دامەزراوەکان، زانست و تەکنەلۆژیا بە گرنگترین بابەتی گۆڕانکاری دەزانن، تەکنەلۆژیا بە هۆی خیرابوونی گۆڕانکارییەکانی کاریگەرییەکای زۆری لە سەر تەوەرەکانی دیکە هەیە.
چەندی شێوازی دیکەی ئایندە توێژی هەیە وەک، بەڕێوەبردنی بابەتەکان، شێوازی (EIA) شێوازی بەرنامەدانان بە پێی سیناریۆ و چەندین شیوازی دیکە کە لێرەدا تەنها باسمان لە دوو شێوازی گشتگیرم کرد.



ئەنجام
بە گشتی شێوازی دێلفی بۆ بەدەستهێنانی بۆچونی بیرمەندان و پسۆرانی بوارەکانە و بۆ دەستنیشان کردنی ماوەی زەمەنی ئەگەری ڕوودانی ڕووداوەکانی ئایندە بەکاردێت. باشترین کاتی بەکارهێنانی دێلفی ئەو کاتەیە کە زانیاری ديکەمان بەردەستە و کاتێک تێبینیمان لەسە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، ئابوورییەکان، ئەخلاقییەکان هەبێت، گرنگیەکی زۆرتر پەیدا دەکات، هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاستییەى کە هیچ تیۆرییەکی متمانەپێکراو لە بارەی ئایندەوە بوونی نییە، پێویستە بە سوود وەرگرتن لە دێلفی، بەرنامە بۆ ئایەندە داڕێژین. هەڵسەنگاندن و بیرۆڕای هۆشیارانە بە بەردەوامی یارمەتیدەری مرۆڤ و سوودبەخش بووە. پێوانی ژینگە بەو واتایەیە کە پێوان بۆ ژینگەی نزیک و دەرکی و گشتی دامەزراوەیەک یان کۆمەڵگایەک یان کەسێک بەکار دێت. پێوانی ژینگە پرۆسەیەکی بەردەوامە و سیستەمە بۆ ژینگە، بەم شێوەیە کاریگەرییەکان دەستنیشان و شرۆڤە دەکرێن. ماسینی پێوانی ژینگە وەک شێوازێکی دەرەوە بۆ ناوەوە لە قەڵەم دەدات و دێلفی وەک شیوەیەکی ناوەوە بۆ دەرەوە ئەژمار دەکات. کە واتا پێوانی ژینگە بە وەرگرتنی زانیاری دەرەکی و شیکردنەوەیان تێدەگات کە چۆن کاریگەرییان لە سەر بابەتەکان هەیە.
ئێستا دەبێ بۆ باشتر کردنی شێوازەکانی ئایندە توێژی بەرەو کوێ بڕۆین؟ ئامارا چوار زاراوە بۆ باشتر کردنی شیوازەکان پیشنیار دەکات. یەکەم، دەست نیشان کردنی بەرنامەی گشتی. ( دەستنیشان کردنی بابەتە بە سوودەکان بە بەهاکان و چۆنیەتی باس کردن و دەستنیشان کردنی دۆخێک). دووەم، دۆزینەوە و باسکردنی گۆڕانکارییە بنەرەتییەکان. ئامارا بەم شێوەیە بەڵگاندن دەکات کە، ئێمە وەک لێکۆلەر هێشتا هیچ بیردۆزێکی گۆنجاو یان کەرەستەیەکی باشمان بۆ درککردن بە چۆنیەتی دۆزینەوەیان نیە. سێیەم، گەشەپێدانی پەیوەندییەکان نێوان جێبەجێکردن و بەرنامەدانان، بە شیوەیەک کە لە یەک جیا نەبن. ئامارا پێوایە کە چونیەکی کۆمپیوتەری یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەم مەبەستە و بە شیوەیەکی بنەڕەتی کاریگەری لە سەر شیوازەکانی ئایندەتوێژیی هەیە. چوارەم، گەشەپێدانی پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن لە بارەی چۆنایەتی بەرهەمە بە دەست هاتووەکانی ئایندە توێژی.
زۆربەی ئایندەتوێژان لە سەر ئەم بابەتە کۆکن کە ئایندە ئێستایە، کەواتە ئێستا هەوێنی دروست بوونی ئایندەمانە. کاتێک باس لە ئایندە دەکەین، ئێستا دەبێ کاری بۆ بکەین. لە ئایندەتوێژی چەند مەبەستێکمان هەیە، یەکەم کە بتوانین ئایندە بناسین، دووەم بتوانین ئایندەیەکی پەسەند هەر لە ئێستاوە بنیات بنین، ئامانجی ئایندە توێژی ئەمەیە بزانین ئایندە چۆن دەبێت؟ لە دوای ئەمە دەبێ بڵێین ئایندە پەسەندی ئێمە چۆن دەبێت؟ چۆن دەتوانین بناغەی دارێژین؟ داڕشتنی ئایندەیەکی پەسەند پەیوەستە بە ناسینی ئایندەوە، ئایندە توێژی کۆمەڵە بەهایەک وەک کلتووری هیوا و ئومێد بە کۆمەڵگا دەبەخشێت. پەندێکی ڕوسی دەڵێ، کاتێک مرۆڤ بیر لە ئایندەی خۆی دەکاتەوە خوا بزەلێو دەدات.
سەرچاوەکان:




• Bell, Foundations of Futures Studies: Human Science for a New Era. Vol. 2. Values, Objectivity and good society, Transation Publishers, New Brunswichk,NJ, 2005.
• E.B. Masini, Why Futures Studies? Grey Seal, London, 1993.
• Floyd, J. (2012). Action research and integral Futures Studies: A Path to embodied foresight 44(2):138-149.
• Inayetullah, Sohail. (2013). The Futures of Policing: going beyond the thin blue Line. Futures, 49,1-8.
• R. Amara, The Futurist field: searching for definitions and boundaries, The Futurist 15 (1981 Feb) 25-29.
• Salo A. Cuhls K. (2003), Preface – Technology Foresight – Past and Future, Journal of Forecating, Vol 22.
• Chermack, T.J (2005). Studying scenario planning: Theory, Research suggestions and hypotheses. Tchnological Forecasting and Social Change, 72(1), 59-73
• Van der Merwe, L. (2008). Scenario-based strategy in particed: A framework. Advances in Developing Human Resource, 10(2), 216-239.
• Karwaczyk, E. amd R. Slaughter (2010). New generatins os futures methods. Futures 24(01): 75-82.
• Chermack and Lynham. Definintions and outcome variables of scenario planning, Human Resource Development Review 1(3) (2003) 366-383.
• Steven, T. (2002). Anticipatory action learning: conversation about the future.” Futures 34(5): 417-425.