گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی لە کوردستان

Jun 18 2019

گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی لە کوردستان

د.هیمن میرانی

توێژەری بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یە و
راگری فاکەڵتیی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان –
زانکۆی سۆران

پێشەکی:
گەندەڵی دیاردەیەکی جیهانییە و لە هەموو بار و کاتێکدا، بە ریژەی جیاواز رووبەرووی حوکمڕانێتی دەبێتەوە. ئەو وڵاتانەی لە رووی حوکمڕانی دامەزراوەییەوە لاوازن، زەمینەی زیاتر بۆ گەشەی گەندەڵی لە ئارادایە. لە هەرێمی کوردستان ئەم دیاردەیە ئامادەیی هەیە و لە جومگە جۆراوجۆرەکانی حوکمڕانی و دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتدا بە رێژەی جیاواز بوونی هەیە. پڕۆژەکانی چاکسازی لە ساڵانی رابردوو، ئەو یاسا و بڕیارانەی لەم بوارەدا دەرکراون و دامەزراندنی دەستەی دەستپاکی و راگەیاندنی ستراتیژی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ بەڵگەی بوونی ئەو دیاردەیەن. ئەم وتارە هەوڵ دەدات پێناسەی گەندەڵی بخاتە روو، و جۆرەکانی و شێوازی مامەڵە لە گەڵ کردنی لە کوردستان و بەربەست و ئالنگارییەکانی رووبەرووبوونەوە لە گەڵ گەندەڵی تاوتوێ بکات.

گەندەڵی چیە؟
وەکو هەر چەمکێکی دیکە زیاتر لە پێناسەیەکی هەیە و لە دیدی جۆراوجۆرەوە سەیری کراوە. ئێرە شوێنی ئەوە نیە کە گفتوگۆی زۆر دەربارەی پێناسە جۆراوجۆرەکان بکەین. بەرفراوانترین پیناسە کە ژمارەیەکی زۆری توێژەران پەسندیان کردووە ئەوەیە کە بانکی دەولی و شەفافیەتی دەولی بەکاری دەهێنن کە بریتیە لە ' خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و داهاتی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەت'. واتە کاتێک پێگە و پۆستی دەوڵەت یان داهاتی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی دیکەی جگە لە بەرژەوەندی گشتی بەکار دەهێندرێ، ئێمە لەبەردەم دیاردەی گەندەڵێن. بەرژوەندی تایبەت لێرەدا مانای بەرژەوەندی کەسی خاوەن پۆستەکە، یان بەرژەوەندی حزبەکەی، یان بەرژەوەندی بنەماڵە و دۆست و خزمەکانی دەگرێتەوە.
ئەم پێناسەیە گرنگە لەبەرچاو بگیرێ بۆ ئەوەی جیاوازی بکەین لە نێوان گەندەڵی و جۆرەکانی دیکەی تاوان کە زۆر جار تێکەڵ کراون. گەندەڵی تاوانە، بەڵام هەموو تاوانێک بە گەندەڵی حساب ناکرێ چونکە یەکێک لە رەگەزە هەرە گرنگەکانی گەندەڵی ئەوەیە کە پێویستە ئەوەی ئەنجامی دەدات کارمەندی دەوڵەت بێ. واتا کاتێک شوفێری تاکسیەک تاوانێک بەرامبەر بە سەرنشینێک دەکات، هاووڵاتیەک ئاو بە فیڕۆ دەدات، کارەبای نیشتیمانی زیاد بەکار دەهێنێ، پارەی کارەبا نادات...هتد ئەوانە بە گەندەڵی ناژمێردرین بەڵکو سەرپێچی یاسان. ئەوەی گەندەڵی دەکات، دەبێ خاوەن پێگەیەکی فەرمی دەسەڵات بێ و توانای هەبێ پێگەی دەوڵەت و داراییەکەی بەکار بهێنێ.

گەندەڵی بە گشتی دابەش دەبێتە سەر دوو جۆر:
1. گەندەڵی بچووک Petty Corruption کاتێک فەرمانبەرێکی دەوڵەت دەکیومێنتێکی دەوڵەت لە بەرامبەر بەرتیل دەبەخشێتە کەسێک کە شیاوی نیە وەکو ئەوەی مۆڵەتی شوفێری بدرێتە کەسێک بە بێ ئەوەی لە تاقی کردنەوەی لێخوڕین دەرچووبێ. یان سزای سەرپێچی بسڕیتەوە و هتد.
2. گەندەڵی گەورە Grand Corruption ئەمەیان ئەو جۆرەیە کە بەرپرسێکی پایەبەرزی وڵات ئەنجامی دەدات و دەسەڵات و سەروەتی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەت ئاراستە دەکات. بۆ نمونە وەزیرێک پڕۆژەیەک بداتە کۆمپانیای خزمێکی خۆی بە بێ ئەوەی بە پرۆسەی راگەیاندن و کێبڕکێ و تەندەر پێشکەشکردن تێپەڕێ. ئەم جۆرەی گەندەڵی بە گەندەڵی سیاسی یان گەندەڵی بونیادی ناسراوە.
گەندەڵی سیاسی فۆرمی جۆراوجۆری هەیە، توێژەران لەسەر چەند جۆرێک رێکەوتوون کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەیە:


یەکەم: خزمخزمێنە Nepotism
بریتیە لە بەخشینی پۆستێکی حکومی لە لایەن بەرپرسێک بە ئەندامێکی خێزانەکەی یان هاوڕێیەکی لەسەر بنەمای خوێن و پەیوەندی خێزانی نەک لەسەر بنەمای پێوەر و لێهاتوویی...ئەم دیاردەیە بە داخەوە لە کوردستان لە نێو هەموو حزبەکان و لە ناو هەندێ دامەزراوەی حکومەتیش وەکو دیاردەیەکی ئاسایی مامەڵەی لە گەڵ دەکرێ.

دووەم: پاترۆنەیج Patronage: نەمتوانی دەستەواژەیەکی کوردی گونجاو بۆ ئەوە بدۆزمەوە. پاترۆنەیج بریتیە لە پرۆسەی سزادانی کارمەندانی حکومەت لەسەر بنەمای ئینتیمای سیاسییان. بۆ نمونە کاتێک حزبێکی سەرکەوتوو هەڵدەستێ بە دەرکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت تەنیا لە بەر ئەوەی دەنگیان بە حزبی نەیار و حزبەکانی دیکە داوە.

سێیەم: پێکدادانی بەرژەوەندی یاسایی ‘Legislative conflict of interest’ ئەم جۆرەی گەندەڵی کاتێک روودەدات کە ئەندامانی پارلەمان رێک دەکەون لەسەر دەرکردنی هەندێ بڕیار و یاسا کە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بە شێوەی جۆراوجۆر دەپارێزێ.
چوارەم: پێکدادانی بەرژەوەندی بیرۆکراسی ‘Bureaucratic conflict of interest’: کاتێک فەرمانبەری دەوڵەت لە پلەی باڵادا پێگەی خۆی و ئەو زانیاریانەی لە دەوڵەتدا دەستی دەکەوێ، بەکار دەهێنێ بۆ ئەوەی بەرژەوەندی دامەزراوەیەکی تایبەت بپارێزێ، ئەو جۆرەی گەندەڵی کە پێکدادانی بەرژەوەندی بیرۆکراسی پێ دەڵێن، روودەدات. لە کوردستاندا ئەو نمونەیە زۆرە وەکو ئەوەی کە کۆنتراکت و پڕۆژە بدەیتە کۆمپانیایەک بە رێژەی ٣٠٪ یان تەنانەت ٥٠٪ قازانجی وشکە بۆ بەرپرسەکان. ئەمە یەکێک بووە لەو گلەییانەی خاوەن پڕۆژە و پیاوانی کار لە کوردستاندا لە ساڵانی رابردوو هەیانبووە کە ناتوانن بە ئاسانی پڕۆژە وەربگرن ئەگەر کەسێک نەکەنە شەریک یان رێژەیەک لە قازانج نەدەن. هەڵبەت ئەو داهاتە بۆ حکومەت نیە بەڵکو بۆ هەندێ کەسی بەهێز و بەرپرس بووە کە دەسەڵاتیان هەبووە کارئاسانی وەرگرتنی پڕۆژەکان بکەن.

لە کوردستان چۆن گەندەڵی پێناسە کراوە؟

بۆ ئەوەی پێناسە و فۆرمەکانی گەندەڵی لە کوردستاندا بناسین، پێویستە سەیری ئەو یاسایانە بکەین کە لەم بارەیەوەدا دەرچوون. یاسای ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠١٤ کە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی دەستپاکی کوردستان ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١١ى پێدەڵێن، زۆر بە وردی پێناسە و جۆرەکانی گەندەڵی دەست نیشان کردووە. لە مادەی ٢ ی ئەم یاسایەدا هاتووە "دوو بڕگە بە ریزبەندی ( حەوتەم و هەشتەم) بۆ ماددەی (یەکەم)ی یاساکە زێدە دەکرێن و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە: حەوتەم: تاوانی گەندەڵی: مەبەست لێی بریتیە لە هەر تاوانێک لەو تاوانانەی کە لە ماددەکانی ( ٢٣٣، ٢٣٤، ٢٧٢، ٢٧٥، ٢٧٦، ٢٩٠، ٢٩٣، ٢٩٦)ی یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ دەقیان لەسەر کراوەو، تاوانەکانی پێشێلکار بۆ ئەرکەکانی وەزیفەی گشتی، کە بریتین لە بەرتیل، ئیختیلاس و زێدەڕۆیی فەرمانبەران لە سنووری پێشه‌کانیان و تاوانەکانی شوشتنەوەی مایە و داڵدەدان ( بەردەستکردنی ئەو سامانانەی دەرەئەنجامی تاوان یان کەتنی گەندەڵی) و هەر تاوانێک بێت لە بارودۆخە توندکراوەکانی دەقکراو لە بڕگەکانی ( پێنجەم، شەشەم و حەوتەم) ی ماددەی ١٣٥ لە یاسای سزادانی عێراقی هەموارکراو بە یاسایەکی رێکخراوی دەرچوو لە ئەنجومەنی حوکمی هەڵوەشاوەی پاشکۆ بە فەرمانی دەسەڵاتی ئیئتیلافی کاتی هەڵوەشاوە ژمارە ٥٥ ی ساڵی ٢٠٠٤".
ئەگەر هەر هاووڵاتیەک سەیری ئەو دەقە بکات، بێگومان هیچی تێناگات و نازانێ چ تاوان و لادانێک دەچێتە خانەی گەندەڵییەوە چونکە تەنیا ئاماژە بە کۆمەڵیک ژمارە کراوە کە ماددەکانی یاسای سزای عێراقین. ئەگەر ئێمە بێین سەیری دەقی ماددەکان بکەین دەکرێ بەم جۆرەی خوارەوە ئەو تاوانانەی بە گەندەڵی حساب کراون لە کوردستان، دەست نیشان بکەین: ماددەی ٢٣٣ لە یاسای سزاکانی عێراقی باس لەوە دەکات کە هەر فەرمانبەرێک یان کەسێک بە ئەرکی خزمەتی گشتی راسپێردرابێ هەوڵی واستەکردن یان دەستێوەران لە کاروباری دادوەری و کاریگەری دروستکردن لە سەر قەناعەتی یاسایی دادوەرەکان بە هەر رێگایەک بدات جا لە بەرژەوەندی لایەنێک یان لە دژی لایەنێک بێ.. هەروەها ماددەی ٢٣٤ی یاسای سزاکان ئەمجارە باس لەوە دەکات کە هەر دادوەرێک حوکمێک دەربکات کە خۆشی باوەری وابێ کە حەق نیە و لە ئەنجامی واستە و دەستێوەردانەوە ئەو حوکمەی دابێ... هەروەها ماددەکانی ٢٧١ و ٢٧٢ پەیوەندی بەو کەسانەوە هەیە کە پاسەوانێتی دەگرن و ئاسانکاری دەکەن بۆ راکردنی داواکراو یان تاوانبارێک. لە لایەکی دیکە ماددەکانی ٢٧٥ تایبەتە بە تەزویرکردنی مۆر و واژووی سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی حکومەت و مادەی ٢٧٦ هەر کەسێک مۆرەکانی دەوڵەت بۆ کاروباری نا شەرعی بەکار بهێنێ و ماددەکانی ٢٩٠ و ٢٩٣ تایبەتن بە تەزویرەوە. ماددەی ٢٩٦ باس لەوە دەکات کە هەر فەرمانبەرێک کە تەکلیف کراوە بە تۆمارکردنی کاروباری دەوڵەت ، بەڵام فێڵ لە تۆمارکردن دەکات جا بە زیادە نووسین یان بە کەم نووسین...وەکو فەرمانبەری کۆکردنەوەی باج یان کرێی کارەبا و ئاو و هتد. ئەو دەقانە فۆرمی جۆراوجۆری تاوانیان رێکخستووە و یاسای هەمواری یەکەمی دەستەی نەزاهە بە گەندەڵی حسابی کردووە. لە لایەکی دیکە باس لە تاوانەکانی بەرتیل و ئیختیلاس و پارە شۆردنەوە دەکات کە لە نێو یاسای سزای عێراقی بە بڕگەکانی ٣٠٧ تا ٣٤١ رێکخراون. بەم جۆرە دەقی ئەو یاساییەی دەستەی دەستپاکی بە روونی تاوانەکانی گەندەڵی روون کردۆتەوە.

هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کوردستان

چەند ساڵێکە چ ئەو حزبانەی لە دەسەڵات بوونە یان ئەوانەی لە دوای ٢٠٠٩ بوونە ئۆپۆزیسیۆن، باس لە شەڕی گەندەڵی و پرۆسەی چاکسازی دەکەن. پارلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ یاسای ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠١١ ی بە ناوی یاسای دەستەی گشتی دەستپاکی هەرێمی کوردستان- عێراق دەرکرد. ئەو دەستەیە لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزرا و لە ساڵی ٢٠١٤ یاسای ژمارە ٧ دەرچوو وەکو یاسای هەمواری یەکەمی دەستە لە پارلەمانی کوردستان. دەستەی دەستپاکی ساڵانە راپۆرتی خۆی دەربارەی چالاکییەکانی و هەنگاوەکانی پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بڵاو دەکاتەوە. بە گوێرەی مادەی ٣ی یاسای ژمارە ٧ ی ساڵی ٢٠١٤ ئەم دەستەیە ئەرکەکانی بریتین لە:
یەکەم: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و خۆپاراستن لێی.
دووەم: پاڵپشتکردنی پرەنسیپەکانی دەستپاکی، شەفافیەت، لێپرسینەوە و بەرجەستەکردنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا.
سێیەم: هەڵسەنگاندن، راستکردنەوە، پەرەپێدانی کار و رەفتاری وەزیفی، ستنادەرەکانی راژەی گشتی، لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و ئاسانکاریی رێکارەکان.
ئەگەر سەیری مادەی ٤ی یاساکە بکەین دەبینین ئەو دەستەیە خاوەن دەسەڵاتێکی زۆرە. دەقی مادەی ٤ بەم جۆرەیە: حوکمەکانی ئەم یاسایە پابەند دەبن بەسەر:
یەکەم: سەرۆکەکانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەری و ئەندامانیان و ئەوانەی کاری تێدا دەکەن.
دووەم: لایەنەکانی کەرتی تایبەت کە وەکو کەس و کۆمپانیا کە لە گەڵ وەزارەت و دەزگاکان و تێکڕای فەرمانگەکانی هەرێمدا گرێبەستیان کردووە.
سێیەم: رێکخستنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوی ناحکومی و نێودەوڵەتی کە لە هەرێمدا کار دەکەن. یەکێتی و کۆمەڵە و یانەکان، هێندەی پەیوەندیان بەم کاروبارانەی خوارەوەدا هەبێت:
١. یاسایەتی سەرچاوەکانی پارەدان و بەخشین.
٢. جۆری خەرج کردن بە گوێرەی ئەو رێسایانەی لە خەرج کردندا پەیڕەو دەکرین.
٣. رەچاوکردنی پەیڕەوی ناوخۆی تایبەت بە خۆیان و سەرپێچی نەکردنی.
ئەم دەستەیە وێڕای ئەوەی، وەکو ئەوەی لە راپۆرتەکانی ساڵانەیدا باسی کردووە، بە دەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەناڵێنی کە وەکو پێویست لە رووی دارایی و کارگێڕییەوە هاوکاری ناکرێ، توانی لە ساڵی ٢٠١٧ ستراتیژی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ بنووسێتەوە کە لە ١٧ لاپەڕە پێکهاتووە و لە وەقائیعی کوردستان ژمارە ٢١١ لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٧ بڵاو بۆتەوە. ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە ٢٦ لە ٢ی ئایاری ٢٠١٧ فەرمانی پێکهێنانی لێژنەی باڵای هەماهەنگی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە هەریمی کوردستان دەرکردووە... ئەم بەڕێزانە ئەندامی لێژنەکەن: (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جێگری سەرۆک وەزیران، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، وەزیری پلاندان، سەرۆکی داواکاری گشتی، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران).
خاڵی دووەمی بڕیارەکە دەڵێ ئەو لێژنەیە سکرتاریەتێکی دەبێ کە لە لایەن دەستەی دەستپاکی بەڕێوەدەچێ و بەرپرس دەبێ لە رێکخستنی کۆبوونەوەکانی لێژنەی باڵا، ئامادەکردنی کارنامە و کۆنووسی کۆبوونەوە، داڕشتنی بڕیارەکانی لێژنەی باڵا و بەدواداچوونی جێبەجێکردنیان، و پێدانی راپۆرتی دەوری بە لێژنەی باڵا سەبارەت بە بەرەو پێشچوونی و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێ کردنی ستراتیژەکە. واتە ئەو لێژنەیە دەسەڵاتی داوەتە دەستەی نەزاهە کە کۆبوونەوەکانی ئەم لێژنەیە رێکبخات و بە دواداچوون بۆ بڕیارەکانی بکات. بە داخەوە ئەم لێژنەیە تا نوسینی ئەم راپۆرتە هیچ کۆبوونەوەیەکی بۆ دەستپێکردنی کارەکانی نەکردووە وەکو ئەوەی دەستەی دەستپاکی لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆی لە ١٥ی نیسانی ٢٠١٩ بڵاوی کردۆتەوە دەڵێ " لە ساڵی رابردوو زۆرمان هەوڵدا ئەو لێژنە باڵایە کۆببێتەوە بۆ ئەوەی بە فەرمی دەست بە کارەکانی بکات بەڵام بە داخەوە ئەوە نەکرا لە بەر ئەوەش جێبەجێکردنی ستراتیژەکە دواکەوت بۆ ساڵی ٢٠١٩ هیوادارین لە حکومەتی تازە کاری لە سەر بکرێ".
ئاشکرایە کە رووداوەکانی دوای ٢٠١٤ کە شەڕی داعش و دۆخی ئابوری کوردستان بە تایبەت کە لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ تا ڕادەیەکی زۆر ئەولەویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گۆڕی، بەڵام هەست دەکرێ کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە تەواوی نەبۆتە ستراتیژی حوکمڕانی لە کوردستان.


بەربەستە گەورەکانی بەردەم بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە کوردستان لە بەردەم کۆمەڵیک بەربەستی گەورەدایە کە ئەمانەی خوارەوە دەکرێ هەندێ لەوانە بن:

یەکەم:نەبوونی ئیرادەی راستەقینەی سیاسی یان توانای پێویست بۆ شەڕی گەندەڵی

هەردوو دەستەواژەی ئیرادە Will و توانا Capacity گفتوگۆی زۆریان لەسەر کراوە. توێژینەوەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە هەموو جارێ سەرنەکەوتنی شەڕی گەندەڵی مانای ئەوە نیە کە ئیرادە نیە، بەڵکو رەنگە پەیوەندی بە تواناوە هەبێ. پێوانەکردنی ئیرادە کارێکی زەحمەتە چونکە پەیوەندی بە هەلومەجی دیکەوە هەیە کە تا لە دەسەڵات نەبیت رەنگە نەتوانی ئەو هەلومەرجانە ببینی. لە گەڵ ئەوەی بێگومان لە کوردستاندا تواناکانی بەرەنگاربوونەوەیەکی کاریگەری گەندەڵی کەموکوڕییان هەیە، بەڵام هێشتا ئیرادەیەکی راستەقینە کە کار بۆ ئەوە بکات ئەولەویەت بداتە ئامادەکاری و پێویستیەکانی رووبەرووبوونەوەیەکی دامەزراوەیی لە دژی گەندەڵیدا نەبینراوە.
لە کوردستان رەنگە زۆرینەی هێز و لایەن و سیاسییەکان حەزیان بەوە هەیە کە گەندەڵی نەمێنێ، بەڵام کێ ئامادەیە قوربانی بۆ ئەو پرۆسەیە بدات بە تایبەت کە قازانجەکانی گەندەڵی بە رێژەی جیاواز بە سەر زۆر لایەن و خەڵک دابەش بووە. لاوازی ئیرادەی سیاسی پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و پەیوەندی نێوان حزبەکانەوە هەیە...هەروەها پەیوەندی بە ترسی سەرکردەکان لە لێکەوتەکانی شەڕی گەندەڵی بەسەر کەسە نزیکەکانی خۆیان، بەسەر حزبەکەیان و بەسەر دۆخی گشتیش.

دووەم: کەمتەرخەمی لە جێبەجێ کردن و نەبوونی بەدواداچوون:

دەستەی دەستپاکی و سەرۆکایەتی حکومەت تەبەنی پلانی ستراتیژی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیان کردووە بۆ ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢١. ئاشکرایە کە دۆخی دوای ریفراندۆم ئەولەویەتەکانی گۆڕی، بەڵام کەمترین خاڵی ئەو ستراتیجە جێبەجێ کراون وەکو ئەوەی باسکرا کە تەنانەت یەک کۆبوونەوەش نەکراوە بۆ دەستبەکاربوونی لێژنە باڵاکە. پێشتر چەندین جار پلان و بەرنامەی چاکسازی راگەیاندراوە ، بەڵام کاتێک هاتۆتە سەر جێبەجێکردن و لێکەوتەکانی، کەمترین شت بینراوە.
دەستەی دەستپاکی لە راپۆرتی کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ باس لەوە دەکات کە بڕیارەكانی دەستە پشتگوێ دەخرێن. پێدەچێت كەمترین بەدەمەوە چوون بۆ بڕیارەكانی دەستە هەبێت، لە وەختێك لە ماوەی ساڵی رابردوودا دەستەی دەستپاكی (140) بڕیاری ئامادەبوونی دەركردووە بەڵام تەنیا (82)یان ئامادە بوونە و (54) بڕیاری گرتنی دەركردووە و تەنیا (26)یان جێبەجێ كراوە، واتە (86) بڕیاری دەستە پشتگوێ خراوە و جێبەجێ نەكراوە.

سێیەم: توانای لۆجستی دەستە و خراپی هەماهەنگی لە گەڵ دامەزراوەکانی دیکە:

دەستەی دەستپاکی کە ئەو ئەرکەی پێ سپێردراوە، تەنیا ١٥ لێکۆڵەری هەیە بۆ ٨٠٠٠ فەرمانبەری دەوڵەت. دەستەکە لە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ یاندا دەڵێن داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری كردووە بۆ دامەزراندنی لێكۆڵەر، بەڵام بە "بیانوی نەبوونی دەقێكی ڕوون لە یاساكەمان سەبارەت بە دامەزراندنی لێكۆلەری دەستە ڕێگریان لێكردین". دەستەکە باس لەوەش دەکات کە هیچ دادگایەکی تایبەتمەند بەو بوارە نیە و کەیسەکانیان لە دادگاکانی هەرێم دوا دەکەون. ئەوان دەڵێن نەبوونی دادگایەكی تایبەتمەند كرا و بۆ كەیسەكانی گەندەڵی بە یەكێكی تر لە كێشەكان ناسێنراوە و نەبوونی كاریگەری نەرێنی خستووەتە سەر رەوتی لێكۆڵینەوە و دادبینییەكان.
ڕاپۆرتەکە دەڵێ "نەبوونی دادگایەكی تەرخانكراو بۆ كەیسەكانی گەندەڵی یەكێكە لە كێشەكانی بەردەم خێرا یەكلایكردنەوەی كەیسەكانی گەندەڵی لە كاتێكدا دەستە ژمارەیەكی زۆر كەیس ڕەوانەی دادگاكان دەكات ، بەڵام زۆر لە دادگاكان دەمێننەوە كەیس هەیە زیاتر لە دوو ساڵە لە دادگایە". دەستەی دەستپاكی پێی وایە بۆ بەرەوپێش بردنی دژایەتی گەندەڵی دەبێت هاوشێوەی بەغدا دادگایەك تەرخان بكرێت بۆ ئەوەی كەیسەكان بە زوویی یەكلابكرێنەوە، گەندەڵكاران سزا بدرێن و ببنە بەر پەچدانەوەیەكی باش بۆ ڕێگری كردن لە تاوانەكانی گەندەڵی لە داهاتوودا. هەروەها پێیان وایە کە بوونی دادگاكە رێگری لە زۆر فشار و دەستوەردان دەكات لە قۆناغی دادگایی كردنی تومەتباران چونكە دەستە دەتوانێ باشتر چاودێر و هاوكاری ئەو دادگایە بێت.

چوارەم: لاوازی پرسی بەدواداچوونی حکومەت خۆی لە نێو دامەزراوەکانی، هەروەها بەدواداچوونی پارلەمان و دامەزراوەکانی چاودێری Checks and Balances
لە هەموو حوکمڕانیەتێک لاوازی چاودێری مانای بوونی زەمینە و دەرفەتە بۆ گەندەڵی. دامەزراوەکانی حوکمڕانی لە کوردستان، بە تایبەت حکومەت، لە پرسی چاودێری ناوخۆیی لە ماوەی رابردوو لاواز بووە. ئەم پرسە بە جۆرێک ئاشکرا بوو کە جۆرە تێڕوانینێک دروست بووە کە حکومەت وەکو دامەزراوەیەکی گەندەڵ وێنا کراوە کە پێویست وایە پارلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و داواکاری گشتی و دەستەی نەزاهە و لێژنە تایبەتەکانی بواری چاکسازی دەبێ چاودێری بکەن و راوەدووی بەرپرسەکانی بنێن.
لە کاتێک حکومەت خۆی پێویستە ئەو تێڕوانینە بگۆڕێ و خۆی ببێتە بەشێک لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. هەڵبەت ئەم بەدواداچوونە خودیە پێویستە بۆ هەموو دامەزراوەکان بێ و دامەزراوەکانی چاودێری زیاتر لەوانەی دیکە چاودێری خۆیان بکەن و دەرفەت بۆ گەندەڵی نەهێڵنەوە.

پێنجەم: هاوکاری نەکردنی حزبە سیاسییە گەورەکان
ئاشکرایە لە کوردستان هێشتا دوو زۆنی سیاسی و هەژموون هەیە کە ئەگەر پارتی لە سنووری هەولێر و دهۆک و یەکێتی لە سلێمانی و هەڵەبجە هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەت نەکەن، هیچ کاریک بە ئاسانی بەڕێ ناکرێ. جێگای داخە مۆدێلی حوکمڕانی و حزبایەتی لە کوردستان لە دوای ١٩٩٢ ەوە بە جۆرێک بووە کە دەرفەت بۆ گەندەڵی دروست بکات.
ئەو مۆدێلە لەسەر بنەمای ئەوە گەشەی کردووە کە حزبەکان لە دەرەوەی حکومەت و پارلەمانیش کاریگەری گەورەیان بەسەر بڕیارەکانەوە بمێنێ و بە جۆرەها شێوە بتوانن بڕیار و داهاتی گشتی بە ئاراستەیەک ببەن کە قازانجی خۆیانی تێدابێ. ئەو مۆدێلە لە حزبایەتی بەربەرست بووە لە بەردەم گەشەیەکی سروشتی دامەزراوە نیشتیمانییەکان و سەربەخۆبوونیان.
شەشەم: ئابوری کاش
لە کوردستان سیستمی بانکی یەکجار لاوازە و سەروەت و داهاتی خەڵک بە شێوەی کاش مامەڵەی پێ دەکرێ. لەم جۆرە سیستمەدا چاودێری جولەی دراو یەکجار زەحمەتە و ناتوانرێ لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێ کە بە گەندەڵی سەروەتی زۆر کۆدەکەنەوە و دەسەڵات و پێگەی گشتی بۆ خۆدەوڵەمەندکردنی نا شەرعی بەکاردێنن.
حەوتەم: لاوازی ئاستی هۆشیاری فەرمانبەران بۆ پرسەکانی ئیتیکی کار و خۆپارێزی لە گەندەڵی
حکومەتی کوردستان یەکێکە لەو حکومەتانەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەری هەیە کاتێک بەراوردی دەکەی بە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەکەی. ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەر لە سەر بنەمای پێویستی دامەزراوەکان دانەمەزراون و بە هیچ جۆرە پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندن و دواتر چاودێری تێپەڕ نەبوون. بۆیە شتێکی سەرسوڕهێنەر نیە کە ئاستی هۆشیارییان بەرامبەر بە ئەرکەکانیان و ئیتیکی کاری فەرمانبەرێتی گشتی لاواز بێ. ئەوەی دەستەی دەستپاکی بە رێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٦ ناونراو بە رێنمایی رەفتاری پیشەیی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان – عێراق دەرکردووە، سەرەتاییەکی باشە بۆ راهێنانی فەرمانبەرانی دەوڵەت بە ئەرک و مافەکانیان. لەم دواییانە دەست کراوە بە وۆرک شۆپ بۆ ناساندنی و دابەشکردنی لە ناو فەرمانبەران لە کاتێک ئەمە وەکو ناسنامە وایە بۆ هەر فەرمانبەرێک...

حکومەتی نوێ چی بکات؟
ئێستا کە لە قۆناغە کۆتاییەکانی گفتوگۆی نێوان هێزە سەرەکییەکانی کوردستانین بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام گوێبیستی ئەوە دەبین کە پارتی و گۆڕان لەسەر بەرنامەی چاکسازی لە کوردستان رێککەوتوون. ئەمە دەنگوباسی خۆشە و هیوادارم پلان و بەرنامەیەکی ستراتیژی راستەقینەی بۆ ئەم پرۆسەیە بەدوا بێت. ئەو خاڵانە گرنگن بۆ ئەم قۆناغە بریتین لە:
یەکەم: پێویستە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی دامەزراوەیی و سیاسی و ئابوری ببێتە ئەرکی لە پێشینەی ئەم حکومەتەو تەواوی کابینە ئەم پرسە بکاتە خەم و بەرنامەی رۆژانەی. چونکە ئەوەی هەست کراوە تا ئێستا شەڕی گەندەڵی تەنیا وەکو تاکیک بەکار هێندراوە کە لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١ بۆ رازی کردنی خەڵک و لە کاتی دیکە بۆ بێدەنگکردن یان رازی کردنی هەندێ حزبی سیاسی بەکار هێندراوە. تەنانەت ئەو یاسا و ڕێنماییانەی لەو کاتانەدا دەرچوون، هیچیان بە تەواوی جێبەجێ نەکراون و نمونە زۆرن. بۆیە هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە ئەو پرسە ببێتە ستراتیژ و هیچ رووداوێک دوای نەخات.
دووەم: ئەگەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کرایە ستراتیژ، حکومەت بە ئاسانی دەتوانێ تەنانەت ئەو تەنگەژانەی دێتە رێگاشی، بیانکاتە دەرفەت. واتە دەکرێ لە تەنگەژەدا دەرفەت بۆ ئەو پرۆسەیە دروست بکرێ. بۆ نمونە لە دوای بڕینی بودجەی کوردستان لە لایەن بەغداوە لە ٢٠١٤، زانرا کە چەندە داهاتی گشتی بە فیڕۆ دراوە و چەندە لە کەناڵی جۆراوجۆرەوە خراوەتە نێو هەندێ پرۆسەی ناستراتیژی.
دۆخی دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەو کابینەیەی بەڕێز د.عادل عەبدولمەهدی پێویستە وەکو دەرفەت سەیربکرێ بۆ چاکسازی لە کەرتی گشتی لە رێی دامەزراندنی ئەندامانی کابینەی نوێ و ئەوانەی لە نێو حکومەتدا بەرپرسیارێتی وەردەگرن لە سەر بنەمای دەستپاکی، بەدواداچوون و چاودێری ناوخۆیی بۆ ئەوەی ئەوان دەست بەو پرۆسەیە بکەن کە هیچ بەرژەوەندییەکیان لە مانەوەی ئەو دۆخە وەکو خۆی نیە.
سێیەم: پارلەمان و حکومەت هاوکار بن لە دابینکردنی پێداویستیەکانی چالاکبوونی زیاتری دەستەی دەستپاکی و دیوانەکانی چاودێری دارایی و داواکاری گشتی. لەم بارەیەوە پێویست وایە هەر جۆرە چاکسازی و پێداچوونەوەیەک لەم دەزگایانەش بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان بکرێ بۆ ئەوەی ئەو دەزگایانە کارا بتوانن ئیشەکانی خۆیان بکەن.
چوارەم: چاکسازی لە ئەنجومەنی دادوەری یەکجار پێویستە بە جۆرێک کە رێگری لە دەستێوەرانی حزبی و ئیداری لە کاروباری دادگاکان بکرێ و ئەو دادوەرانەی دادەمەزرێن پێویستە لەسەر بنەمای زانستی و لێهاتوویی و بێلایەنی کاروباری خۆیان بەڕێوە ببن. بە بێ دەزگایەکی دادوەری سەربەخۆ و کارا، شەڕی گەندەڵی ناکرێ.
پێنجەم: ئەو کابینەیە پێویستە سیاسەتی Zero Tolerance واتە لێنەبوردن و End Impunity کۆتایی هێنان بە ریزپەڕی بەکاربهێنێ بەرامبەر بە هەر کەس و دەستە و تاقم و لایەنێک کە دەسەڵات و سەروەتی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکار دەهێنێ. ئەم دوو سیاسەتە بۆ قۆناغی وەکو کوردستان یەکجار گرنگن بۆ ئەوەی بتوانرێ بەربەست ( ردع deterrence ) دروست بکرێ و فەرمانبەران و بەرپرسان لە گەندەڵی دوور بکەونەوە و ترسی سزا و لێپرسینەوە بگاتە هەموو کەسێک. ئەمە بۆیە گرنگە چونکە تا ئێستا ئەو دوو جۆرە لە سیاسەت کردن بوونيان نه‌بوه‌و گەندەڵکاران وێڕای بوونی بەڵگەی زۆر پەنا دراون و دادگا نەیتوانیووە دەستگیریان بکات.
................
هێمن میرانی توێژەری بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یە و راگری فاکەڵتیی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان – زانکۆی سۆران
تێبینی: ئەم وتارە لە شیوەی سیمینار لە سەنتەری دیراسات و ئەکادیمیایی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی سێ شەممە ٣٠ ی نیسانی ٢٠١٩ پێشکەش کراوە. لێرەدا و بۆ ئەوەی سوودی زیاتری بۆ خوێنەران هەبێ، هەندێ دەستکاری کراوە و دەوڵەمەندتر کراوە.