ئایینی زەردەشتی دێرینترین ئایینی یەکتاپەرستی لە جیهاندا

Jun 18 2019

ئایینی زەردەشتی دێرینترین ئایینی یەکتاپەرستی لە جیهاندا

گۆڤاری شرۆڤه‌

پێشەکی:
کاتی خۆی ئایین لە ژیانی گەلانی کۆندا زۆر گرنگ بووە، بەڵکو کاریگەرترین فاکتەری ژیان و پێشکەوتنی شارستانێتیەکان بووە، باوەڕ و بیرۆکە ئایینیەکان چوارچێوەی ڕەفتاری مرۆڤی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ڕامیاری و هونەری دیاری دەکرد، مرۆڤی کۆن هەر کارێکی کردبێ و هەر شوێنەوارێکیشی لێ بەجێمابێ، بێگومان ڕۆڵی ئایینی بەسەرەوە بووە، هەر بۆیە توێژینەوە لە باوەڕە ئایینیە دێرینەکان، بۆ تێگەیشتن لە ژیانى گەلانی کۆن، زۆر گرنگە ...
توێژینەوە لە ئایینە دێرینەکانیش هەروا کارێکی ئاسان نییە، چونکە هیچ زانیارییەکمان لەسەر سەرەتاکانیان نییە و هەروەها هیچ پەرتوك و دانراوی پیرۆزیشیان بە ئێمە نەگەیشتووە، وەك چۆن ئایینە ئاسمانیەکان بە دیاریکراوی هەیانە، لەگەڵ ئەوانەشدا هەزاران دەقی بزماریان دەربارەی بابەتی جۆراوجۆر لێ بەجێ ماوە، کە بە هۆیانەوە دەتوانین زۆر لایەنی باوەڕە ئایینیەکانیان تێبگەین. لە نێوان ئەو دەقانەدا چیرۆك و ئەفسانەی ئایینی و داستان و نزا و پاڕانەوە و ناوی خواوەندەکان و گیانە خراپەکان و باشەکانیش بەرچاو دەکەون، کۆمەڵێك دەقی فاڵگرتنەوە و خوێندنەوەی بەخت وسیحر ودەقی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی سرووتە ئایینیەکان و ئاهەنگەکان و جەژنە ئایینیەکان ... دەبینرێن، هەموو ئەو دەقانەش ئاماژەن بۆ تێکەڵ بوونی ئایین به دەروون و ژیانی تایبەتی و گشتی مرۆڤی کۆن، جگە لەو دەقانە کۆمەڵێك شوێنەوار جێماون، هەریەکەیان بەڵگە و زانیاریمان لەسەر باوەڕە ئایینیەکانی دێرین دەدەنێ، پەرستگاکان و سەکۆ و بت و دیواربەندەکان و ئاتەشگا و سەربڕگاکان و دیمەنە ئایینیە دروستکراوەکانی سەر خەتم و قاپ و قاچاغە دەسکردەکان و ... هتد.


پەرستراوە دێرینەکانی مرۆڤی دێرین ئەمانە بوون:
خۆر، مانگ، ئەستێرەکان، ئاسمان، زەوی، ئیروتیك، گیاندار، تەوتەم، گواستنەوە بۆ قۆناغی خوداوەندی مرۆیی، پەرستنی تارماییەکان، پەرستنی باوان.
کەواتە پەرستراوە ئایینیەکان دەکرێنە شەش بەش: ئاسمانییەکان – زەمینییەکان – ئیروتیك – گیانلەبەر – مرۆیی – خوداوەندی، ئێمە تا ئێستا نازانین کام لە شتەکان بۆ یەکەمجار پەرستراوی مرۆڤ بووە، ڕەنگە مانگ یەکەمین پەرستراو بووبێ، یان خۆر یاخود ئەستێرەکان و ئاسمان، کاتی خۆی ئاسمان خوداوەندێکی مەزن بووە لە تبت چونکە خێر و شەڕی لێ دەبارێ، زۆرێك لە ئێڵە سەرەتاییەکان کە دەیانگوت (خودا) مەبەستیان لە ئاسمان بوو، لای چینیە کۆنەکان و مەغۆلەکانیش ئاسمان خوداوەندی مەزن بووە، هیندیە فیدییەکانیش مەبەستیان لە خودا ئاسمانی دایك بووە، یۆنانیەکان لە خودا مەبەستیان (زیوس) و ئێرانیەکانیش (ئاهورا) بووە واتا ئاسمانی شین، جگە لە ئاسمان مرۆڤی کۆن وەك باوەڕی ئایینی درەخت و کانی و ڕووبار و چیا و زۆر لە پەرستراوەکانی تری بە پیرۆز کردووە، ڕێچکەکانی ئایین: سیحر، سروتەکانی کشتوکاڵ، جەژنەکانی ئیرۆتیك، ئەفسانەکانی خوداوەند، سیحر و زانست، کاهینەکان.
مێژووی دەرکەوتنی ئایینی زەردەشتی:
ئایینی زەردەشتی بە یەکێك لە کۆنترین ئایینە یەکتاپەرستیەکان لە جیهان دەژمێردرێت، کاتی خۆی ئایینی فەرمی ئیمپراتۆرییەتەکانی، میدیەکان، ئەخمینیەکان، پارسیەکان و ساسانیەکان بووە، یەکەم ئاماژەی ئەم ئایینە کە بە ئێمە گەیشتووە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زایین، لە (مێژوو)ی هیرۆدۆتسی ئەغریقیدا، کە لە ساڵی (٤٤٠)ی پێش زایین نوسیویەتی و تیایدا باسی کۆمەڵگای (ئاری) کۆن دەکا و هەندێ لایەنی ئایینی زەردەشتی خستۆتەڕوو، بەم پێیە ئەو کتێبەی هیرۆدۆتس بە سەرچاوەیەکی سەرەکی توێژینەوەی ئایینی زەردەشتی لەو سەردەمەدا لە قەڵەم دەدرێ، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندە بە کاهینەکانی (موغەکانی) زەردەشتیەکانەوە.
پێچەوانەی ئەو ڕاستیانەی هیرۆدۆتس باسی دەکا، دواتر لە ناو زمانی عەرەبیدا بە هەڵە ناویان لێنان مەجوس، کە یەکێك لە موغەکانی حەوت ئێڵەکەی میدیاکان بووە، ئەوسا بەر لە سەرهەڵدانی ئەخمینیەکان بە گەلانی بانی ئێرانیان دەگوت (میدیا)، بە دیاریکراوی ئاماژە بۆ هۆزی زەرفانیەکان دەکرێ کە لە ژێر کاریگەری ئایینی ڕۆژهەڵاتی کۆن و دەریای ناوەڕاستدا بوون و ئەم هۆزە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەسەڵاتدارانی وڵاتی میدیەکان هەبووە، بەڵام دوای یەکگرتنی شانشینەکانی میدیەکان و فارسەکان لە ئیمپراتۆریەتێکی تازەدا لە ژێر فەرمانڕەوایی کۆرشی گەورە، پیاوانی ئایینی زەرفانیەکان هیچ کاریگەرییەکیان بە سەر دەسەڵاتەوە نەما، ئەم بێدەسەڵاتیەیان درێژەی کێشا تا سەردەمی جێنشینەکەی و کوڕەکەشی (قەمبیزی دووەم)، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کاهینەکان بەرهەڵستی دەسەڵاتی نوێیان دەست پێکرد ... بەپێی بۆچوونی هیرۆدۆتس دوای ئەوەی کاهینەکان دەسەڵاتەکانیان نەما، هەڵسان بە بەرهەڵستی کردنی و هەڵگەڕانەوە لە قەمبیزی دووەم و لایەنگری (باردیا)ی سەرکردەیان کرد لە دەسەڵاتدا، گوایە کوڕە بچووکی کۆرشە، بەڵام مێژوونووسەکان پێیان وایە کاهینێکی فێڵباز بووە.
هەر لە سەردەمی دەستپێکردنی دەسەڵاتی (دارای یەکەم) ەوە، ڕێوشوێنەکانی پیشاندانی دڵسۆزی بۆ ئاهورامەزدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی میدیەکانەوە هاتە ئاراوە، هەروەکو لە نەخش و نیگارەکانی بێستوندا دەردەکەوێ، لە کاتێکدا ئاهورامەزدا هەمان پێگەی لەسەردەمی ئەخمینیەکاندا لە پێش داریوس دا نەبوو، چونکە ئایینی داریوس نەناسرابوو و لە دانراوەکانی زەردەشتدا و ئاماژەشی بۆ نەکراوە.
لە کتێبەکەی (دنکارد) و کتێبی (ئەردافیراف) هاتووە کە لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەسکەندەری گەورەدا بۆ سەر تەختی جەمشید، زۆر لە دەقە پیرۆزەکان و کتێبخانەی پاشایەتی لەنێو براون، (دیودور)ی سقلیش لە (پەرتوکخانەی مێژوویی) Bibliotheca Historica هەمان بۆچوون دووبارە دەکاتەوە کە لە هێرشەکەی ئەسکەندەردا هەموو کتێبە زەردەشتییە پیرۆزەکان لە نێو براون، بەڵام هیچ شتێکی دەربارەی (پەرتوکخانەی پاشایەتی) تێدا نییە.
لە ساڵی ١٨٨٢شدا زانای شوێنەوارناس (سکولزە) بەڵگەی ئەوەی دەست کەوت کە لە ژێر کۆشکەکەی (خەشایەرشا)ی یەکەمدا شوێنەواری ئاگرکەوتنەوەی لێ بووە، هەر بۆیە پێدەچێ قسەی زەردەشتییەکان لەم ڕووە ڕاست بێ.
هێرشەکەی ئەسکەندەر لە زۆر ناوچەی ئەخمینییەکاندا ئایینی زەردەشتی گۆڕی بە باوەڕی هیلنەستی، بەڵام زەردەشتی هێشتاش زۆر دوور بوو لە لەناوچوون و لە زۆربەی ناوچەکانی ئیمپراتۆریەتی کۆن هەر بەردەوام بوو پەیڕەو دەکرا، بە تایبەتیش زەردەشتی بەردەوامی هەبوو لە ناوچەکانی ئەنەدۆڵ و وڵاتی نێوان دوو ڕووبار و قەوقاز، لە شانشینی کابادوکیا، کە پێشتر لە ئاسیای بچووك، لە ژێر دەستی فارسەکاندا بوو سەر بە ئیمپراتۆریەتی ئەخمینییەکان بوو، بەمجۆرە ئایینی زەردەشتی بە لەبەرچاوگرتنی دابڕانی شانشینەکە لە ئێران، بەرەو ڕووی کێبەرکێی باوەڕی هیلنەستی نەبۆوە، لەم بارەیەوە (سترابۆ) دەڵێ چەندین پەرستگای زەردەشتی هەبوون، لە ناوەڕاستیاندا ئاگرێك دەسوتاو و کاهینەکان هەرگیز نەیان دەهێشت بکوژێتەوە.
تا جەنگی ئەسکەندەر لە کۆتاییەکانی چاخی بارسی یەکەم، ئایینی زەردەشتی نەگەڕایەوە دۆخی جارانی، دواتر لە ناوچەی قەوقازدا ساسانیە زەرفانیەکان سەرکەوتووانە پەرەیان پێدایەوە، دوای سەرکەوتنی ساسانیەکانیش لە پارسیا، جارێکی تر زەردەشتییەکان هاتنەوە بۆ بانی ئێران تا ئێستاش ئایینی زەردەشت هەر پەیڕەو دەکرێت، زۆرترین ژمارەی پەیڕەوانی ئەم ئایینەش تا ئەمڕۆکە دەکەونە هیندستان و ئێران و کوردستان و ئەفغانستان و ئازەربەیجان و قەوقاز و ئەرمینیا، ژمارەیان دەگاتە ( 2.6) مليون کەس، بەشێکیشیان کۆمەڵەی ئایینی نوێخوازانەتریان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان لە کەنەدا و ئوسترالیا و سەنگاپور پێكهێناوە، کە تاڕادەیەك جیاوازی هەیە لەوەی لەناو نیشتمانەکانیان بەڕێوەی دەبەن، هەندێك لەو کۆمەڵانە لە پەیڕەوانی هۆزی پێشكەوتوون (التقدمية) ، ئەمانە بە (چاکساز)یش ناسراون و پەیڕەوی (بالغات) و (یاشت) و (فیسبر) دەکەن کە هەموویان لایان دەقی پیرۆزن و بەشێکن لە ئاوێستا، بەڵام (الاحیائیون) گرنگی بەو بەشانە نادەن کە دانراوی خودی زەردەشت نین، بە واتایەکی تر تەنها باوەڕیان بە (بالغات)ە، وهەموو ئەو دەقانەی تریش کە لەگەڵ (بالغات) ناکۆك نین لایان پەسندە.
ئەم ئایینە لەسەر دەستی پێغەمبەر یاخود چاکساز و فەیلەسوفی گەورە (زەردەشت) لە (ئیمپراتۆریەتی میدیا)ی کوردی، سەری هەڵدا، ئایینی زەردەشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ئەخمینی دەرکەوت، کاتێ زەردەشتی فەیلەسوف توانی کۆمەڵێك خوداوەندی کۆن بکاتە یەك و بەناوی دوانەی گەردوونی: (سبتامینۆ) هۆشمەندی پێشکەوتوو (وانکرامینۆ) هێزی خراپە و تاریکی، و لەژێر (ئاهورامەزدا)ی تاك و تەنیا کۆیان بکاتەوە کە هەر ئەیوش حیکمەت و ڕۆشناییە، (بۆچوونێکی هەڵە هەبوو لای پەیڕەوانی ئایینی ئیبراهیمی کە گوایە زەردەشتییەکان ئاگر دەپەرستن، لە ڕاستیدا ئەوان ئاگر و ئاویان لا پیرۆزە و بەکاریان دەهێنن لە سروتەکانیاندا بۆ پاککردنەوەی ڕۆحەکانیان ...)
دەربارەی وشەی (مجوس): وشەیەکە عەرەبی سەردەمی جاهیلی لە ئێران بەو هاوسێیانەیان گوتووە كە پەیڕەوی ئایینی زەردەشتی بوون، لە بنەمادا لە گوتەی (مکوس)ی ئێرانیەوە هاتووە کە بە واتای ئەو حەکیمانە دێت کە خەونەکان لێك دەدەنەوە، و بەمانای پەرستنی ئاگر نایەت کە وەك هەندێ خەڵکی نەشارەزا هەتا ئەمڕۆش وای تێگەیشتوون.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی وامان دەربارەی باوەڕە ئایینیەکانی گەلی میدیا لەبەردەستدا نییە، بەڵام هەندێ لە پسپۆرانی بوارەکە دەڵێن، ئایینەکەیان بریتی بووە لە پەرستنی خوداوەندی (هرمز) بەڵام موگەکان (پیاوانی ئایینی زەردەشتی بوون) ئەم ئایینەیان پڕ کردبوو لە خورافات و کاری سیحر، کاتێ (زەردەشت) کە خۆشی یەکێك بوو لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە، ویستی ئەم هەڵانەی موگەکان ڕاست بکاتەوە و ئایینەکە لەو خورافاتانە کە موگەکان لادانیان تێدا کردبوو، پاك بکاتەوە.
زەردەشت بە ناچاری وڵاتەکەی جێ دەهێڵێ و کۆچ دەکا بۆ (باختر – لە خوراسان و تورکمانستانی ئێستا) بەڵام دوای سەرکەوتنی بانگەوازە ئایینیەکەی کرایە ئایینی فەرمی و گشتی، بەڵام لە وڵاتی میدیا و گەلانی تری ئاری کە کەوتبوونە دەوروبەری کوردستان خەڵکەکە ببوونە موسڵمان و وردە وردە و ڕۆژ بە ڕۆژ هەموویان هاتنە سەر ئایینە تازەکە.
بنەماکانی ئایینی زەردەشتی:
لە بنەما و سەرەتاکانی ئەم ئایینە، بە پیرۆزکردنی هەر چوار ڕەگەزی (هەوا، ئاو، ئاگر، خۆڵ).
هەر لەبەر ئەوەشە ئاگر دروشم و هێماشە، ئایینی زەردەشتی وای دەبینێ کە:
گیان دەمێنێ و نەمرە، دوای سێ ڕۆژ هاتنەدەری لە جەستە، هەست بە ئازار و خۆشیش دەکا بەمجۆرە تا دەگاتە پردی (جینویت) و لەوێ لەبەردەم سێ حاکمدا دادگایی دەکرێ، بە تەرازوویەکی دادپەروەرانە چاکە و خراپەی دەکێشن، گەر خێری زۆر بێ و یان خراپە دەردەکەوێ و هەر سێ حاکمەکە بڕیار لەسەری دەدەن و دواتر ئەو (ڕۆحە) دەبێ بگاتە پردێکی تر کە لوتکەی چیای (بەرز)بە (دانیتیا) دەبەستێتەوە، گەر ڕۆحەکە خاوەنی چاکە بووبێت، پردەکە بۆی فراوان دەبێت دەتوانێ بە ئاسانی پیایدا بپەڕێتەوە، خۆ ئەگەر خاوەنی خراپە بووبێت پردەکە لەبەردەمیدا تەسك دەبێتەوە و ناتوانێ بپەڕێتەوە و بەردەبێتەوە ناو تاریکستانی ترسناك.
بەکورتی گەر گیانەکە چاکەخواز بووبێ، دەبێ ئەم سێ خەسڵەتەی هەبێ (نیەتی باش، وتەی باش، کرداری باش) بێگومان دەگاتە جیهانێکی زۆر باشتر لەوەی تیایدا ژیاوە، ئەو جیهانەیە کە لە زمانی ئاریای کۆن و نوێش ناسراوە بە (نینوەهیشت، بەهەشت)، ئەو گیانەشی کە شەڕەنگێز و خراپەکار بووە دەبرێتە دنیای ئازار و ناخۆشیەوە کە بە (جەهەننەم) ناسراوە، شوێنێکی تریش کە بەشوێنی سێیەم (هیمستیکان) ناودەبرێ، لەنێوان بەهەشت و جەهەننەمە، بۆ ئەوانەیە کە چاکە و خراپەیان بەرامبەرە و وەك یەکە و لەوێدا دەمێننەوە.
پاشان (ئاوێستا) کتێبەکەی ئایینی زەردەشتی ناوی کەسی سێهەم دەهێنێ (سائوشیان)، ئەو کەسە لە کاتی هەڵسانەوە دەردەکەوێ و هەموو مردووەکان زیندوو دەکاتەوە و لە ئازار وناخؤشیەکانیان ڕزگاریان دەکات و هەریەکەی بەپێی دوا دادگاییان جەزایان دەداتەوە، پاشان بایەك هەڵدەکات و هەموو ڕووی زەوی دادەپۆشێت.
هەروەها یەکێك لە بڕواکانی ئەوەیە پێویستە مرۆڤ لە ژیاندا خەریکی کشت و کاڵ و ئابووری بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ پێی بژی، هەر بۆیە کاتی خۆی (زەردەشت) ڕۆژووی لەسەر جوتیار لابردبوو، نەوەك بێ هێز بێت و نەتوانێ کار بەباشی بکات، دیارترین هێما ئایینیەکانیشیان ئەمانەن:
1. کوشی: بریتییە لە (یەسنا).
2. پۆشینی کراسی (ساندەر) هەر لەتەمەنی بالق بوونەوە، موگەکانیش لیباسێك و سەرپۆشێکی سپی دەپۆشن و ڕووپۆشێکیش بە دەمیانەوە دەگرن نەوەك لەکاتی سروتە ئایینیەکان ئاگری پیرۆز بە پریشکی دەمیان پیس ببێ.
3. نوێژی بەیانیان (کاهـ هاون)، نوێژی نیوەڕۆ (کاهـ رقون)، نوێژی عەسران (کاهـ ئیزرن)، نوێژی شەوانە (کاهـ عیون سرتید)، نوێژی بەرەبەیان (کاهـ ئەشهن)، جگە لە ئاهەنگ و دروود لێدانی تایبەتی بۆ هەموو بۆنە گەورەکانی ژیان وەك: لەدایك بوون، بالق بوون، هاوسەرگیری، منداڵ بوون، مردن.
لەسەدەی حەوتەمی زاینی ئیسلام کۆتایی بە ئایینی زەردەشتی هێنا و لەگەڵ فتوحاتی ئیسلامی (٦٣٥) ئێرانیەکان بوونە موسڵمان و دواتر مەغۆلەکان هاتنە ناو ئیسلام.
بەڵام کۆمەڵێك لە ئۆرستۆکراتەکانی زەردەشتی دایانە چیاکان و لەسەر ئایینی نیشتمانی خۆیان مانەوە و هەندێکیان دواتر کۆچیان کرد بۆ هیندوستان، کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە سەد هەزار کەس و بەشێکیان لە ڕۆژهەڵاتی هیند و بەدیاریکراوی لە دەوری بۆمبای نیشتەجێن.
ئایینی زەردەشتی ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لەسەر شانۆی مێژووی ئایینی لە جیهاندا، یۆنانیەکان لە سەردەمی ئەفلاتون ئاینی زەردەشتیان دەناسی و ڕێزیان دەگرت، پەرستنی (میترا)ی دڵسۆزیش لە ئایینی بوداییدا لە (میترای بودا) دا بڵاوبۆوە، هەروەها کاریگەری هەبوو لەسەر پێشکەوتنی باوەڕی یەهودییەکان و مەسیحیەکان، هەروەك چۆن کاری لە تایفەی باتنی قەرامیتەکان و بەهائیەکان و زۆرانی تر کردبوو، جگە لەمانەش زۆر لایەنی تێگەیشتنەکانی دەربارەی مەلەکوتی خودا و ڕۆژی دوایی و بەهەشت و جەهەننەمی پێش خستبوو.
ژیانی زەردەشت:
ئایینی زەردەشتی دەگەڕێتەوە بۆ (زەردەشت)، ناوی زەردەشتیش بە زۆر شێوە هاتووە: (زرشت، زرتشت، زرادهشت، زرادشترا) لە ئاوێستادا بەناوی (زرادسترا) نوسراوە ، یاخود (سبیتاما زرادسترا)، لە کتێبە کۆنەکانیشدا بەمجۆرە نوسراوە (Zoroasters)، بەڵام لە زمانی پەهلەویدا پێی دەڵێن (زراتشت)، هەروەها بەپێی زمانی فارسی نوێ دەگوترێت (زردشت)، بەڵام مێژوونووسە عەرەبەکان ناویان لێ ناوە (زرادشت)، هەندێ لە مێژوونووسەکان پێیان وایە ناوی تەواوی (ئوهوشت ئوشو زردشت)ـە.
بیروبۆچوونی جیاواز دەربارەی باوکی و باوانی هەیە، بەناوبانگترینی ئەو چیرۆکانە ئەوەیە کە زەردەشت سەر بە خێزانی (پشدادیە) کە زۆر لە پاشاکانی کۆنی ئێران لەم خێزانەوە هاتوون، بەپێی هەندێ چیرۆکی ئێرانیش دەگوترێ، باوکی زەردەشت کە ناوی (بورشەب)ە، کوڕی مەنوچەهری کوڕی ئیرەج کوڕی فەرەیدون کە باپیرەگەورەی پازدەهەمی زەردەشتە، و دەڵێن دایکی زەردەشت کە ناوی (دغدویە) ئەویش هەر دەگەڕێتەوە بۆ فەرەیدون. شایانی باسە هەموو لایەك کۆکن لەسەر ئەوەی کە زەردەشت بە ڕەسەن (مید)یاییە و لە ناوچەی (ئاتروپانتین – Atropantene)م یان ڕاستتر ئازەربەیجانی ئێستا لەدایك بووە، ئازەربەیجان هەرێمێکی سەر بە میدیا بوو لە نزیك دەریاچەی ئورمیە (Urmie)، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە زەردەشت لە میدیا گەورەبووە و دواتر کۆچی کردووە بۆ (بختر – بکتریا).
زارافوشترا بوروزهازیو لە ساڵی (٦٠٦ پ.ز) لە ئێڵێکی میدی کوردی بەناوی (ئەسبیمان) لە ئازەربەیجان لەدایكبووە، دایکی لە شاری (ڕاکس – ڕی) بووە و ناوی (دوگدوما) بووە، زۆر بۆچوون هەیە دەربارەی لەدایكبوونی، زانا (جاکسۆن) پسپۆری بەناوبانگی ئایینی زەردەشتی دەڵێ، زەردەشت لە نیوەی دووەمی سەدەی حەوتەمی پێش زایین لە دایك بووە، لە کاتێکا خودی سەرچاوە زەردەشتییەکان دەڵێن ئەو پێغەمبەرە، یاخود (چاکەخوازە) لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین لە دایك بووە و ئایینەکەشی لە کەناراوەکانی دەریاچەی ئورمیە بڵاوکردۆتەوە و دواجار لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی شەشەمی پێش زایین کۆچی دوایی کردووە، (همل) کە پشت بە بەڵگە کۆنەکان دەبەستێ، دەڵێ زەردەشت ساڵی (٥٩٩ پ.ز) لە دایك بووە.
زەردەشت لە کاتی لە دایکبوونی وەك هەر منداڵێکی تر نەگریاوە، بەڵکو قاقایەکی زۆری کردووە و پێکەنیوە هەموو ماڵەکەی لەراندۆتەوە، تەنانەت (ئەنسرون) گەورەی کاهین و سیحربازەکانی میدیەکان و جێگری پاشا لەو هەرێمە سام گرتوویەتی و سڵەمیوەتەوە، گوتوویەتی گەر ئەو منداڵە گەورە ببێ سیحر و بتپەرستی لەناو دەبات و ساحیر و کاهینەکان لە وڵات دەردەکات، هەر بۆیە کەوتە دانانی پیلان بۆ کوشتن و لەناوبردنی، جاری یەکەم سێ ساحیری نارد بۆ دزینی منداڵەکە و ئاگرێکی گەورەی کردەوە منداڵەکەی خستە ناوی و لەگەڵ ساحیرەکان چوونە دەرەوەی پەرستگاکەیان، بەڵام بە ئەمری خودا منداڵەکە لەناو ئاگرەکە نەسووتا، کاتێ دایکی منداڵەکە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، منداڵەکەی نەبینی، بە پەلە چووە پەرستگا بۆ ئەوەی نوێژ بۆ خوداوەند بکات منداڵەکەی بۆ بدۆزێتەوە، کە سەیری کرد وا منداڵەکەی لەناو بڵێسەی ئاگرەکەدا یاری دەکات، لێرەوە گەورەی کاهینەکان تێگەیشت کە (زارا) منداڵێکی ئاسایی نییە، جارێکی تریش هەوڵی کوشتنی دایەوە، فڕاندیان و لەسەر ڕێگەی گاڕان دایان نا، تا لەژێر پێی ڕەشەوڵاغەکان پان ببێتەوە، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی گاڕان یەکەمین گا ڕایکردە سەری و بەجەستەی خۆی پاراستی تا هەموو گاڕانەکە تێپەڕین، جارێکی تریش فڕاندیان و بردیانە کونە گورگێك بۆ ئەوەی گورگەکان بیخۆن، کاتێك گورگەکان گەڕانەوە بۆ کونەکەیان بۆنی منداڵەکەیان کرد بەڵام لە جێگەی خۆیان ڕەق بوون و نەیانتوانی لێی بچنە پێشەوە، لە ناکاو دوو ئاسك بەبێ ترس هاتنە ناو کونەکەوە بە گوانەکانیان زارایان تێر شیر کرد، دواتر دایك و باوکی ئەمجارەش دۆزیانەوە و ئینجا هەموو لایەك زانیان کە ئەو منداڵە دەبێتە کەسێکی گەورە و بڕیاریاندا بەباشترین شێوە فێری بکەن و خوێندن و نوسینیان فێرکرد و پاشان زۆر لە زانستەکانیان فێرکرد، زۆر حەزی لە ڕشتەی پزیشکی بوو زۆر لە ساڵانی تەمەنی خۆی بۆ تەرخان کرد وەك دکتۆرێك خزمەتێکی زۆری خەڵکیشی کرد.
کەسوکاری هاوسەرەکەشی کە ناوی (هافویە)بوو جێ هێشت و لە چیای (سایلان) کەناری گرت، تا حیکمەتی خوداوەندی لە دروستکردنی هێزی چاکە و خراپە لەسەر زەوی ئاشکرا کرد، دوای ئەوەی (زەردەشت) تەمەنی گەیشتە بیست بەهار، لە خەڵك دوور کەوتەوە و لە شوێنێکی چۆڵەوانی سەرگەرمی وەرزشی ڕۆحی و تەنیایی دەگمەن بوو، لە تەمەنی سی ساڵیشدا نیشتمان و دەریاچەکەی جێ هێشت و دە ساڵی تر لە چیایەك بەتەنیا خەریکی بیرکردنەوەی قوڵ بوو، ڕۆژێکیان لەگەڵ بەری بەیاندا هاتە ناو خەڵك و داوای لێکردن بێنە کەناراوەکانی ڕووباری (دانیتیا) و کە دەڵێن ئەو ڕووبارە (یراکس)ە، لەوێ بە خەڵکی گوت خودا بناسن و تەنیا خوداوەندی نەمر و پیرۆز بپەرستن (جاودان مقدس و الخالد والباقي) دوای ئەو ڕۆژە کەوتە ڕێنومانیی و بانگەواز لەنێوان وڵاتی (توران – سکستان – سجستان) ...
لە میدیا، خوداپەرستی دابەش ببووە سەر (هورمز) خودای چاك و (ئەهریمەن) خودای شەڕ، بەڵام زەردەشت بۆ یەکەمین جار لە بیری ئایینیدا پەرستنی یەك تاکە خودای هێنایە ئاراوە (یەکتاپەرستی)، خودا لای زەردەشت بەجوانترین شێوە وەسفکراوە، دەڵێ خوداوەند بە شەش قۆناغ جیهانی خولقاندووە، ئاسمان، ئاو، ئینجا زەوی، ڕووەك، ئینجا گیاندار دواترینیان مرۆڤ، باوەڕیشی بە ژیانەوەی دوای مردن هەبوو، هەروەها بە لێپرسینەوە و پاداشت و سزاش.
هەمیشە دەیگوت چاکەکان بەرزدەکرێنەوە بۆ ئاسمان و خراپەکانیش بە زەویدا ڕۆدەچن، یاخود بەهەشت و ئاگر، ئاگر لای زەردەشت پیرۆزە چونکە مەخلوقەکان پاك دەکاتەوە، نەك وەك خوداوەندێك بێ بۆ پەرستن، هەروەها باوەڕی بە (ڕۆح) هەبوو، پێی وابوو ڕۆح پێش جەستە بۆ هەر مرۆڤێك دەخولقێندرێ.
هەر ئەویش بوو بتەکانی تێك شکاند و خواکانی ئێرانیەکانی نەهێشت و ئاڵای یەکتاپەرستی لە هەر چوار لای ئێران بەرزکردەوە.
زەردەشت ڕووی کردە (دیشتاسب) فەرمانداری (باختر) دوای دوو ساڵ و بە هەوڵ و کۆششێکی زۆر توانی فەرمانداری ناوبراو بێنێتە سەر ئایینەکەی و باوەڕ بە پەیامەکەی بهێنێ، لە دوای ئەوە (جاماسب)ی وەزیر کچەکەی خۆی کردە هاوسەری، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئایینی زەردەشتی بە فراوانی بڵاو ببێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی (دیشتاسب) هاتە سەر ئایینی زەردەشتی، ئایینەکە زۆر بەخێرایی لە هەموو هەرێمەکانی ئیمپراتۆریەتی میدیەکاندا بڵاوبۆوە کە بریتی بوون لە وڵاتەکانی ئێران و توران و هیند و ئاسیای بچووك.
لە تەمەنی پیریدا، لە جەنگێکی ئایین کە دژی گەلی (هیونی) هەڵگیرسابوو، زەردەشت کوژرا، سەرکردەی هیونیەکان ناوی (ئەرجاسب) بوو.
سەرەتاکان و ڕێنماییەکانی ئایینی زەردەشتی:
بنچینەی ئەم ئایینە زەردەشتە، کە باوەڕی بە هێزی چاکەخوازی هەیە، ئاگر وخۆر هێمای موگوسن، لەبەرئەوەی ئاگر پیرۆزە هەر بۆیە نوێنەرایەتی ڕووناکی و حیکمەتەکانی ئاهورامەزدا دەکات، لەبەرئەوە زەردەشتیەکان ناهێڵن ئاگری ناو پەرستگاکانیان بکوژێتەوە، هەر ئەوەشە وا لە خاوەنی زۆر لە ئایینەکانی تر کردووە، پێیان وابێ زەردەشتییەکان ئاگر پەرستن.
لای زەردەشتییەکان (ئاوێستا Avesta) کتێبی پیرۆزە، لە ڕاستیدا ئاوێستا وشەیەکی فارسییە و مانای (ڕەسەن) دەگەیەنێت. وا پێدەچێت دوای سەدەی پێنجەمی زاینی دانرابێ، بەڵام ئاوێستا لە شێواندن دەربازی نەبووە و تەنیا سرودەکان و گۆرانیەکانی (یەشتا Yashts) دروودەکانی لێ ماوەتەوە، لە هەڵبژاردەیەك لە کتێبی ئاوێستا تا ئێستاش هەر ماوەتەوە ئەو هەڵبژاردەیەی ئاوێستاش بە زمانی (بەستاقەکان) نوسراوەتەوە، ئەو زمانە پەیوەندییەکی زۆر نزیکی بە زمانی ئێرانی دێرین و سانسکریتی فیدیەکانەوە هەیە، ئەم کتێبە دوای مردنی زەردەشت بەماوەیەکی زۆر کۆکراوەتەوە، چەندین جار دزراوە و گوم بووە، بریتییە لە پێنج هۆنراوەی کۆن، باس لە هەندێ شوێنی مێژوویی دەکەن دەکەونە ڕۆژئاوای تارانەوە، لە کاتێکا ئایینی زەردەشتی دەکەوێتە ناوچەکانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی شاری تارانەوە.
کتێبی ئاوێستا، کە وشەیەکی ئێرانیە و مانای (ڕەسەن یان ناوەڕۆك) دەگەیەنێت کە زەردەشت بە دەستی خۆی بە ئاوى زێڕ نوسیویەتەوە، لە سەر ١٢٠٠٠ دوازدە هەزار پارچە پێستی خۆشکراوی مانگا، کە لەلایەن پاشای (میدیا) کوشتاسپیرەوە بە دیاری پێی درابوو تا ئێستاش هەر بە پارێزراوی ماون، بەداخەوە زۆربەی ئەو پارچانە لەبەر کۆنی و تێپەڕینی ئەو هەموو سەدەیە ڕزیون و نزیکی
(٠٠٠ ٣٨) وشەی لێ ماوەتەوە لەکاتێکدا بەپێی هەندێ سەرچاوە خۆی بریتی بووە لە (٧٠٠ ٣٤٥) وشە کە چوار ئەوەندە دەکات، کاتی خۆی بیست و یەك لق و پێنج بەش بووە:
ئلیسنا/ بە زمانی پەهلەوی نوسراوە.
یەسنا/ واتای جۆر یاخود سیما کە لەسەر شێوەی (سرود یان ویرد)ن، بریتییە لە نزا و زانیاری لەسەر
ئایین، کە ئەمە بەناوبانگترین بەشەکانیەتی کە لەلایەن زەردەشتەوە نوسراون و بریتییە لە ٧٢ یەسنا، هەر یەسنایەك لە کۆمەڵێك نزا پێك دێت.
ویسبرد/ لە کۆمەڵێك پاشکۆی یەسنا پێکهاتووە، و زیاترە لە ٢٣ کردە وندیداد: (وەسفی شێوە
جۆراوجۆرەکانی گیانە خراپەکان دەکات) و دەربارەی حەڵاڵ و حەرام، پاك وپیس ... دەدوێ. زۆر لە یاسا ئایینیەکانیشی لە خۆگرتووە، لە ناویشیاندا یاساکانی دژایەتی شەیتانەکان.
یەشتەکان/ مانای سرود و تەسبیحات، هەر یەشتێك بەناوی جەستەیەکی نورانیەوەیە.
ئاوێستای بچووك/(وردە ئاوێستا) دروودی ڕۆژانەیە. بریتییە لەو ویردانەی باسی گەورەیی خوداوەند دەکەن.
لە ئایینی زەردەشتیدا بۆچوونێك هەیە باسی شەش یاریدەدەری زەردەشت دەکەن، کە پێیان وایە فریشتە پیرۆزەکانن و لەلایەن (سبنتا مننیو) واتا (گیانی پیرۆز) و ڕێگەیان پێدراوە، ئەوانیش بریتین لە (وهومن، واهیشتە، ئاشا، واریا، خشاترا، سبنتە ئەرمنیتی، هوروارتات، ئەمریتات)، بەپێی ئایینی زەردەشتی، گەردوون بەر لە ١٢٠٠٠ ساڵ خولقێندراوە، خوداوەندی چاکە سێ هەزار ساڵ حوکمی کردووە، ئەوسا خوداوەندی شەڕ لە تاریکیدا بووە، پاشان خوداوەندی شەڕ دەرکەوتووە و خوداوەندی چاکە بەڕەنگاری بۆتەوە و ٩ هەزار ساڵی خایاندووە، ئەوسا خوداوەندی شەڕ دڵنیابووە کە سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام بە دەرکەوتنی زەردەشت و بڵاوبوونەوەی ئایینە نوێکەی وای لەهەموو خەڵك کرد قینیان لە خوداوەندی شەڕ ببێتەوە و بەم هۆیەوە خوداوەندی شەڕ تێك شکا و تەنیا خوداوەندی چاکە مایەوە، کە خولقێنەری گەردوون و ئادەمیزادە و لە عەرشی مەزنەوە حوکم دەکات، و خێر و بەرەکەتی خۆی بە سەر هەموو بوونەوەردا بەشیوەتەوە، هەر بۆیە دەبێ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بین و یەکتاپەرست بین و هیچ هاوەڵێکی بۆ پەیدانەکەین.
کتێبەکەی دوای ماوەیەکی زۆر لە مردنی زەردەشت کۆکرایەوە، چەند جارێکیش ون بووە، بریتییە لە پێنج قەسیدەی کۆن، دەربارەی ڕۆژئاوای شاری تارانی ئێستا، وەك ئایینێك زەردەشتی زۆر بڵاوببۆوە، تەنانەت ئێستاش شوێنەوارەکانی هەر ماون، چ ئەوانەی سەردەمی کۆن، چ ئەوانەی چاخی نوێ هەندێ لە کتێبە پەهلەوییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دانراوەکانی زەردەشت دەگەڕێنەوە بۆ ئەم سەرەتایە:
جیهان لە دوو شت دروست کراوە، ڕووناکی و تاریکی، ئەم دوو هێزەش هەمیشە لە ململانێدا بوون و هەر جارەی یەکێکیان سەرکەوتوو بووە، بەم جۆرە جیهان دابەش بووە بەسەر دوو سەربازگەدا، سوپای ڕووناکی و سوپای تاریکی، فەرماندەی سوپای یەکەم ناوی (هورمز – ئاهورامەزدا) بووە، سەرکردەی سوپای دووەمیش ناوی (ئەهریمەن – نیکریمینۆ)یە.
هورمز شەش هاوکاری هەیە بە ناوەکانی (نیشەبنتان – نەمرەکان – پیرۆزەکان) هەمیشە لە حزور هورمز دەوەستن، چاوەڕێی ئەمرەکانی دەکەن، بە نموونە (بەهمەن) یەکێکیانە و ئاگرینە و (ئەسفەندەر فریتس) زەمینییە، دوای ئەم کۆمەڵە نەمرە پیرۆزە، کۆمەڵێكی تر هەیە لە ڕوحە خاوێنەکان کە پێیان دەگوترێ (یەزد، ئێزد) ئەمانە ژمارەیان زۆرە، هەریەکەیان ئەرکی ڕۆژێکی مانگەکانیان پێ سپێرراوە، دابەش کراون بۆ دوولا، ئاسمانی و زەمینی، هورمز، لە سەرەوەی چینی ئاسمانیەکانە و (زەردەشت)یش لە پێشەنگی زەمینییەکاندایە، هەریەك لەمانە ئەرکی یەکێك لە ئەرکەکانی گەردوونیان پێ سپێرراوە، جگە لەمانەش هورمز سەرباز و هاوکاری تری هەن ...
خوداوەندی شەڕ (ئەهریمەن)یش، سەرباز و هاوکاری هەن پێیان دەگوترێ(دیۆ – دشۆ) کە ئەهریمەن لەپێشیانەوەیە و بەڕەنگاری (نەمرە پیرۆزەکان) دەبێتەوە، ئەهریمەن و هاوکارەکانی هەوڵ دەدەن ڕێگە لە چاکە بگرن و شەڕ بڵاوبکەنەوە، تاریکی و شەڕانگێزی و درۆکردن و زۆرداری ...هتد لە کردەوەکانی ئەهریمەنن و مردنیش هەر کاری ئەهریمەنە، بەڵام ژیان خەڵاتی(هورمز)ە.
بە کورتی هەردوو هێزەکە دامەزراوە و توانای کاریگەری بەرامبەر بەیەکیان هەیە، لە کتێبی (البرسیون)دا هاتووە کە کتێبی پیرۆزی زەردەشتی لە سەردەمی ساسانییەکاندا بڕێك لە دەستنووسەکانی ترمان بەدەست گەیشتووە، لە ڕاستیشدا ناوی ڕاستەقینەی کتێبە پیرۆزەکەی زەردەشت بریتییە لە (زەند – وافستا)، واتاکەشی بریتییە لە (یاسا و لێکدانەوە)، زەند لێكدانەوەکەیە، ئەم کتێبە دانراوە و کۆکراوەتەوە بە هەموو لەهجەکانی ئێران و لەسەردەمە جیاوازەکانیشدا و لە ناوچە جۆراوجۆرەکانیشیدا.


بەشەکانی ئاوێستا:
کاس: بریتییە لە کۆمەڵێك ویرد و نزا، پێدەچێ زمانی ئەو بەشە لە زمانی (ئاوێستا) کۆنتر بێ، چونکە بە شێوەزاری گشتی هەموو ئێران نوسراوەتەوە، کۆمەڵێك لێکۆڵینەوەی ئایینی ساکار لە خۆدەگرێ، جگە لە کۆمەڵێك موناجات و بابەتی ئەدەبی کە دەربارەی زەردەشت و خێزان و عەشیرەتەکەی نوسراوەتەوە، بەڵام (خوردە ئاوێستا) دەربارەی فریشتەکانە.
نەديداد: باس لە شێوازەکانی دەرکردنی ئیبلیسەکان دەکات.
یەسبرید: باس لەو نزایانە دەکا کە بەرز دەکرێنەوە بۆ سەرۆکی خوداوەندەکان کە هەر خۆی خولقێنەری هەموو بوونەوەرەکانە.
قوربان بةس: ئەو نزایانەیە لە کاتی دروودەکان و قوربانی کردن دەگوترێتەوە.
دەبێ ئەوەش بگوترێ لەسەردەمی فتوحاتی ئیسلامدا، موسڵمانان بە فەرمانی خەلیفە (عومەری کوڕی خەتتاب) ڕەزای خوای لەسەر بێ، مامەڵەی ئەهلی کیتابیان لەگەڵ زەردەشتیەکاندا کردووە ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە لای موسڵمانەکان (ئاوێستا) کتێبێکی ئاسمانی بووە و خەلیفە عومەر ڕێزی گرتووە.
پەیڕەوانی ئەم ئایینە دەڵێن، زەردەشت پێغەمبەر بووە و خودای تەبارەك و تەعالا قسەی لەگەڵ دەکرد و وەك هەر پێغەمبەرێك وەحی بۆ دەنارد، (کتێبی فەجرولئیسلام).
دەردەکەوێ کە لە سەردەمی (داریوس شا)ی گەورەدا شوێنەوار و سروتەکانی ئایینی ون دەبن و لە جێگەی ئەودا ئایینی (مخ – مجوس) نفوز پەیدا دەکات و دەبێتە ئایینی هەموو دەوڵەتی ئێران.
وێكچوون لەنێوان ئایینی زەردەشتی و ئیسلام:
کاتی خۆی ئایینی زەردەشتی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر عەقیدەی ئایینەکانی یەهودی و مەسیحی دانابوو، زەردەشتی گرنگی بە ڕەوشتی جوانی کۆمەڵایەتی دەدا، کارکردنی بەخوێی ژیان دادەنا، دەبێ مرۆڤەکان چاکە بکەن و توڕەیی بە ئارامی بگۆڕنەوە، حەسودی بە بەرچاوتێری و شەڕخوازی بە ئاشتی بگۆڕن، درۆ بە ڕاستگۆیی چارەسەر بکەن، لە بەراوردکردندا وێكچوونێکی یەکجار زۆر هەیە لەنێوان ئایینی زەردەشتی و ئیسلامدا، لەکاتێکدا موسڵمانەکان بە ئاینێکی ئاسمانی دانانێن، لە ئاینی ئیسلامدا نوێژ هەیە، لە زەردەشتیش ٥ نوێژی ڕۆژانە هەیە و تەنانەت لە زۆر شتدا ڕێك ئیسلام وەکو زەردەشتییە، هەروەها لە ساڵێکدا ئەوانیش مانگێك ڕۆژوو دەگرن ... هتد، وێكچوونی زۆر سەرسوڕهێنەر وەك گۆشەگیربوون لە ئەشکەوت، یەکەم کەس کە باوەڕی پێ هێنا هاوسەرەکەی (هافویە) بوو کە لە خۆی بە تەمەنتر بوو، صراط المستقيم و بەهەشت و جەهەننەم، ساڵی تەکلیف و فریشتەکان هەر لەمنداڵیەوە هەموو شتێک تۆمار دەکەن، ئاینی زەردەشتیش ڕیبا و خواردنەوەی مەی و هاوڕەگەزبازی و دزی و درۆ و خۆکوشتنیان حەرام کردووە، زەکات لە دەوڵەمەندان سێ یەك وەردەگیرێ، فرەژنی و زۆر شتی تریش لە ئیسلامیشدا هەن، جگە لە وێكچوونی بڵاوکردنەوەی ئایینەکە و باوەڕهێنانی خەڵکی.




سەرچاوەکان:
1. تاریخ الشرق الأدنى القديم.
2. المستر همل، تاریخ ایران القديم.
3. رشید خیون، الدیانات العراقية القديمة.
4. عبدالحميد صالح، زرادشت، موسوعة العربية، ٢٠١١.
5. کتاب موسوعة الفولکلور والاساطير العربية.
6. لیلیان هیرلاندز، ج. د. بیرسي، ستیرلنج. ‌أ. براون، دليل القاريء إلی الأدب العالمي.
7. The Parsees in India: a minority as: Kulke, Eckehard, Munchen, Weltforum-Verlag(agent of social change Studien zur Entwicklung und politik3), ISBN 3-8039-00700-0.
8. Evad Sheriarji Dadabhai Bharucha: A Brief sketch of the Zoroastrian Religion and Customs.
9. Dastur Khurshid S. Dabu: A Handbook of Information on Zoroastrianism.
10. Dastur Khurshid S. Dabu: Zarathustra and his Teachings A Manual for young students.
11. Jivani Jamshidi Modi: The religious System of the Parsis.
12. R.P. Masani: The religion of the good life Zoroastrianism.
13. P.P. Balsara: Highlights of Parsi History.
14. زرادشتية – ویکیبیدیا الموسوعة الحرة:
http://زرادشتیة/wiki/ar.wikipedia.org
15. بوابة زرادشتية – ویکیبیدیا الموسوعة الحرة:
http://بوابة زرادشتیة/wiki/ar.wikipedia.org